ئەوسا لە جادەکانی هەولێر خەڵکی پیادە بە ئیسراحەت و بێ ترس لەناو جادە دەڕۆیشتن، هەندێ جاریش مامەڵەی کڕینی تەڕە و کاڵای سەر عەرەبانە و لەسەر پشتی کەرێ، لەسەر جادە دەكرا.تاک تاکەش هەر نیو سەعات و سەعاتێک ئۆتۆمۆبێلێک دەردەکەوت و لە دوورەوە بە هۆڕن لێدان تێ دەپەڕی.. هەندێ لە فرۆشیار و کاسبکاران بە پایسکیل کاروبارەکانیان بەڕێوە دەبرد.. کەباب فاروق و کەباب شەوقی بۆ گەیاندنی کەباب زۆر لە جادەکان دەبینران.. تەنانەت لەنێو بازاڕ و قەیسەری هاتوچۆی پایسکیل هەبوو.. منیش بەهەنجەتی دووریی نێوان سەرتاشخانەی باوکم و ماڵەوە داوای پایسکیلم کرد، دڵیان نەشکاندم و بۆیان کڕیم.. زۆرم کەیف پێ هات و ئینجا کەوتمە ڕازاندنەوەی پایسکیلەکەم.. هەرچی ڕۆژانە و بەخشیشی دوکانم دەست دەکەوت، لە کڕینی ئەکسسواراتی پایسکیلەکەم سەرف دەکرد.ئەوەندە سەرسامی پایسکیلەکەم بووم، ناوە ناوە وێنەشم لەگەڵ دەگرت. خوا خوام بوو باوکم بۆ کارێک ڕام بسپێرێ.. تاوم دەدا پایسکیلەکەم و بۆی دەردەپەڕیم.. ڕۆژێکیان باوکم ناردمی کۆلۆیەک برنجی کوردی بکڕم، سواری پایسکیلەکەم بووم بە کۆڵانەکەی تەنیشت عەدۆی بووزفرۆش شۆڕ بوومەوە ناو بازاڕی ماستفرۆشان و بەکۆڵانە تەسکەکەی قەسابان هەڵدەکشام، تایەی پایسکیلم خزییە نێو جۆگەلەی ئاوەڕۆی ناوەڕاست و خۆم کێشا بەگەنجێکی باڵابەرزی چوارشانە.. هەرکە ئاوڕی لێ دامەوە بەدەستێک پێشی پایسکیلەکەمی بەرز کردەوە.. منیش لە دواوەی پایسکیل بەعەرز کەوتم.. گەنجەکە ویستی پەلامارم بدا.. خواوڕاستان عادل قەساب و شەهاب بازرگان غاریان دایێ و پێشیان لێ گرت، لێ نەگەڕان بمگاتێ. منیش غارم دا دوور کەوتمەوە.. چاوەڕوان بووم هەتا کابرایان هێور کردەوە و ڕۆیشت.. کە گەڕامەوە لای پایسکیلەکەم، دیار بوو مام شەهاب پرسیاری لە عادل قەساب دەکرد ”بو کیم دی؟“ ”ئەوە کێ بوو؟“.. عادل قەسابیش پێی گۆت ”بۆ نازم عەسافتی چۆغ بیر بیجمە ئۆشاغتی“ یانی ئەوە نازم عەساف بوو.. منداڵەکە زۆر بڵحە.. منیش سەیری پایسکیلەکەم دەکرد سوکانەکەی خوار بووبوو.. ئەوەندەی لە خەمی پایسکیلەکەم بووم ئاگام لە ئازاری قونەجۆرەم نەمابوو.. هەرچۆنێک بێت بە شەلەشەل ڕێم گرتە بەر بەناو قەیسەریی سەوزەچییان تا گەیشتمە دوکانەکەی ڕۆستەم بەقاڵی ڕەحمەتی و برنجەکەم کڕی و گەڕامەوە دوکانێ.. نەشوێرام بەسەرهاتەکە بۆ باوکم بگێڕمەوە.. بەڵام ئاسەواری بە شەرواڵەکەمەوە دیار بوو.. چڵکاوی جۆگەڵەکەی ئەو شوێنە ئاوی سەوزەچی و خوێنی قەسابەکان لاتەنیشتەکی ڕەنگاوڕەنگ کردبووم، بەڵام بەباوکم گوت کەوتمە خوارێ و بەس.. ئەگەرچی بڕوای پێ نەکردم بەڵام ئیزنی دام بچمەوە ماڵێ تا جلەکانم بگۆڕم.. بیست فلسی ڕۆژانەکەم وەرگرت، بیست فلسی بەخشیشم لە گیرفان بوو.. بەر لەوەی بچمە ماڵەوە خۆم گەیاندە لای پایسکیلچی کە لەسەر ڕێگەم لە خوار دوکانی ”عەلی کەرانە“ی بوو.. سوکانەکەیان بۆ چاک کردمەوە و دوو ڕیشەی ڕەنگاوڕەنگیشم بۆ تایەکان بەست. ئەو سەردەمە شوێن و وەستای پایسکیلی بەقەد فیتەری ئۆتۆمۆبێلی بوو.. بەشێکی زۆر لە سەرباز و پۆلیس و وەستای بیناسازی و هەندێک کارگوزار و پاسەوانی فەرمانگەکان و پۆستەچی و ئەو قوتابیانەی کە باری بژێویان باش بوو، پایسکیلیان بەکار دەهێنا.باوکم جاروبار کە سەرتاشینی منداڵی دەهاتە بەردەست، بانگی دەکردم. دەیگوت وەرە تەماشاکە بۆ ئەوەی فێر بی.. شانە و مەقەست ئاوا دەگری.. یەکە بەیەکە هەنگاوەکانی بۆ شەرح دەکردم.. ڕۆژێکیان باوکم نیوەڕۆکە چووبووە نوێژی هەینی.. لۆ نەگبەتی جەمالی کوڕی مشیر چایەچیم لێ بەژوور کەوت. چایخانەکەی باوکی ڕێک بەرامبەر دوکانی باوکم بوو.. جەمال منداڵەک بوو تا بڵێی بڵح و ناڕەحەت و پیس و پۆخڵ بوو، بە عەجولی خۆی هەموو جیرانەکانی وەڕس کردبوو.. جەمال هەر هاتە ژوورێ و لەسەر کورسییەکەی سەرتاشینێ دانیشت.. گوتی دەی سەباح وەرە سەرم بتاشە.. منیش زۆر ئاسایی بەمتمانەیێکی تەواو، خاولیم لە ملی جەمالی پێچا و دەستم بە هەڵپاچین و بڕینی قژە قڕێژاوییەکەی کرد. پاشان وەستایانە سەر گێیەکانم بە ئاوڕشێن تەڕ کرد و ویستم بە گوێزان تووکی سەر گوێچکەکانی خاوێن بکەمەوە.. هەرکە تیغی گوێزانم دانا و دەستم داگرت، لاگێیەکم بریندار کرد.. جەمال گوتی ئای.. بەڵام چونکە گوێزانەکە زۆر تیژ بوو، هەستی بە ئازاری برینەکەی نەکرد. من دەمدیت باوکم ئەگەر کەسێک لە کاتی ڕدێن تاشیندا زامدار بوایە جامێکی بچووکی هەبوو پارچەیێک شەبی خستبووە نێو ئاوی جامەکە بۆ ڕاگرتنی خوێن بەکاری دەهێنا.. منیش زۆر وەستایانە پارچە لۆکەیەکم لە ئاوی ”شەبەکە“ هەڵێنا و خستمە سەر گوێی جەمالی.. هەر ئەوەندەم بینی جەمال وەک ئەوەی گوللەیێکت لێ دابی.. بەپۆشاکی ملیەوە دەرپەڕییە دەرەوە بەهاوار هاوار دەروجیرانی کۆ کردەوە... منیش لە کونجێکی دواوەی دوکان خۆم حەشار دابوو.. باوکم لە مزگەوت گەڕایەوە و گەیشتە سەر ئەو هەڵڵایە.. خۆی و حاجی گەزۆ و وەستا خدر نەجاڕ و مام مشیر چایەچی باوکی جەمالی.. کوڕەکەیان بە سەروگوێی خوێناوی هێنا ژوورێ. برینیان تیمار کرد و پێچایانەوە.. ئاگام لێ بوو باوکم هێوری دەکردەوە بەوەی کە سزایێکی توندی من دەدا.. دەروجیرانیش دڵی باوکمیان دەداوە.. دەیانگوت چ نییە نا، منداڵە و خۆ بەئەنقەست ئەو کارەی نەکردییە.. من لە ترسی سزای باوکم هەموو جەستەم دەلەرزی.. باوکی جەمالیش بەباوکمی دەگوت.. بابە کوڕەکەی من هیچوپووچە دەنا کو سەری خۆی دەخاتە بەردەستی ئەو منداڵە سەبیەی.. وەستا ڕەحمان قبووڵم نییە یەک دەستی بگەینییە سەباحی. حەشامەتەکە جەمالیان بەپێشە خۆیان دا.. وردە وردە دوکانیان چۆڵ کرد.. منیش لە سووچەکەی لەسەر چنچکان خۆم مات کردبوو. چاوەڕێی لێپرسینەوە و سزای باوکم بووم. بەڵام بەپێچەوانەی لێکدانەوەم، باوکم لێم نزیک بووەوە.. دەستی گرتم و گوتی: هەستە کوڕم هەستە قیت بەوە. ”سوار هەتا سێ چار جاران نەکەوی نابیتە سوارچاک“. لە تەنیشت خۆی داینام، منیش پشییەکم هاتەوە بەر. پێی گوتم: ”بۆ جارەکی دی ئەگەر کەسێک داوای کارێکی لێ کردی، تێ بفکرە ئەوجا مل لە ئیشەکەی بنێ“.پێی گوتم: ”زۆر زوو متمانە بەبرادەر مەکە. برادەری خراپ فریوت دەدا و تووشی هەڵەت دەکا. هەر برادەرە بەغیلیت پێ دەبا و بەڕەی لەژێر پێت دەخلیسکێنێ و دەتهێخێ بۆ ئەوەی شوێنت بگرێتەوە“. ئەو پەند و وتە و ئامۆژگارییانەم زۆر چاک لە مێشک چەسپا و گەلێکیانم تاقی کردەوە. وەک وانە لێی فێر بووم و لە ژیان و ئەزموونی هونەریم بوونە بەشێک لە بەرنامە و ستایل و شێوازم.لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنم، حەز و ئارەزوو و مەیلم گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دەبینی. هەر بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بگیرسێمەوە، جووتە کۆترێکیان بۆ کڕیبووم تا بەخێویان بکەم و پێیانەوە خەریک بم. لە سواندەی زۆربەی خانووەکانی هەولێر، بەتایبەتیش لە گەڕەکە هەژارنشینەکان، کۆتر دەبینرا. منیش مەراقم لە کۆتری شینی سەر بەقەپلاغ و پێ پەڕاویی دەنووک بچووک دابوو. ئەو جۆرەیان تەقڵەباز بوو و لە فڕیندا شەقەی باڵی دەهات. ئەو کاتە لە پۆلی شەش بووم، برادەرێکم لە قوتابخانە ئەویش کۆتری بەخێو دەکرد، پێی گوتم: ئەو کۆترانە لای قادر ناوێک لە تەیراوە هەیە، بەڵام نرخەکەی گرانە. ڕێککەوتین بەیەکەوە بچینە ماڵی قادری لە پشت قوتابخانەی مستەوفی. من دوو درهەمم لە گیرفان بوو. کە چووینە لای قادری سەیرمان کرد کوڕێکە هەر لە تەمەنی خۆمان، بەڵام کۆتربازێکی لێزان. قەفەسێکی گەورەی هەبوو، دەرگەیێکی پێوە بوو بەقەد باڵای خۆی، زۆربەی کۆترەکانی ناو قەفەسەکە شینی قەپلاغی بوون، دیار بوو ئەو بازرگانیی پێوە دەکردن.. کۆترێکی دەرهێنا و هەڵی دا ئاسمانی حەوشەکە.. کۆترەکە بەشریقەی شەقەی باڵی و تەقڵەلێدان نیشتەوە. من و برادەرەکەم زۆر سەرسام بووین.