لە نێوان لووتکەی چیا سەرکەشەكان و دەشتە پان و بەرینەكاندا، شارێک ڕاخراوە، کە گەنجینەیەکی زیندووی مێژووە. كۆیە لای هەندێک كەس تەنها قەزایەکی ئارامە، بەڵام بۆ مێژوونووس و جوگرافیاناسان، کۆیسنجەقی سەردەمی ئیلخانییەكانە. ئەو سەردەمەی کۆیە تەنها شارێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو چەق و ناوەندی دەسەڵاتێکی فرەوان بوو.
مێژوونووسان دەڵێن تا ساڵی ١٧٤٦، کۆیە وەک لیوایەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، هەولێر، ئاڵتون کۆپری و شەقڵاوە لە ڕووی کارگێڕییەوە پاشکۆی ئەم شارە بوون.
بەڵام کایەی مێژوو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، بەتایبەت لە سەردەمی دامەزراندنی ویلایەتی مووسڵ و دواتر هاتنی ئینگلیز لە ١٩١٨، نەخشەی ئەم هێزەیان گۆڕی. کۆیە، کە هەمیشە وەک مەڵبەندی ڕۆشنبیری ناسرا بوو، لە بوون بەپارێزگە بێ بەش کرا.
جەمال فەتحوڵڵا، پسپۆڕ لە مێژووى هاوچەرخى کورد، سەبارەت بە سنجەقى کۆیە دەڵێت کۆیە زۆر ناوى هەبووە، وەکو کۆ، کۆسار، سنجەق، لیواى کۆیە، ئۆجەلەق.
سەبارەت بە ناوى سنجەقیش، بیروبۆچوونى جیاواز هەن، هەندێک دەڵێن بریتییە لە ئاڵاى پێغەمبەر، کە لە سەردەمى (قوچ پاشا)دا هێناویانە بۆ کاروان سەرا و پێیان گوتووە سنجەق، ڕایەکى دیکەش دەڵێت ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئێزیدییەکان هاتوونەتە کۆیە و ئەو ئاڵایەی باسی لێوە دەكرێت، ئاڵاى ئەوان بووە، بۆچوونێكی دیكەش پێی وایە هەر شوێنێک چوار بلۆکى سەربازی عوسمانلیى لێ بووبێت، پێیان گوتووە سنجەق و زۆر جاریش پێی گوتراوە لیوا، وەکو لیواى کۆیە.
بیرمەند و نووسەرى گەورەى کورد مەسعود محەمەد دەڵێت وشەى سنجەق، هی عوسمانییەکان نییە، پێش ئەوانیش و لە سەردەمى ئیلخانییەکانەوە هەبووە.
جەمال فەتحوڵڵا دەشڵێت کۆیە تا ساڵى ١٧٤٦ لیوا بووە، هەولێر و ئاڵتون کۆپرى و شەقڵاوە و قەڵادزێ و ئاغجەلەر، هەموویان سەر بە کۆیە بوون، ئەو کات هەولێر قەزا بووە، هەموو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە کۆیە بوون.
هەروەها باس لەوەش دەكات كە لە کتێبی (ئەربیل فی مەراحل ئەلتەئریخیە) هاتووە كە کۆیە لیوا بووە، بەڵام دواتر دەوڵەتى عوسمانى گۆڕیویەتی و ویلایەتى شارەزوورى لاداوە، ویلایەتى مووسڵى دروست كرد، بەوەش کۆیە بچووك کرایەوە و بووە بەقەزا.
تا هاتنى ئینگلیز لە ١٩١٨دا، كۆیە هەر بەقەزا ماوەتەوە، لە ١٩١٩ بڕیارێک دەرچوو، کە لیوایەک دروست بکرێت، هەولێر كرا بە پارێزگە، بەڵام تا ساڵى ١٩٢١ پارێزگاریان بۆ دانەنا، تەنیا جێگرى پارێزگارى هەبوو.
جەمال فەتحوڵڵا ئاماژە بەوە دەكات كە لە ساڵى ١٩١٨ یەکەم قایمقامى کۆیە حەمە ئاغا بووە و تا ١٩٢٠ بەردەوام بوو، دواى ئەویش ئەمین ئاغا بوو بەقایمقام. بەداخەوەش دەڵێت كە دەبووایە تا ئێستە كۆیە بكرابا بەئیدارەى سەربەخۆ، چونکە هەموو مەرجەکانى ئیدارەى سەربەخۆی تێدایە.