مامۆستا گیو موکریانی دەردەدڵی خۆی بۆ دەرچوونی گۆڤاری (هەتاو) دەگێڕێتەوە و دەڵێت ”لە ١٩٤٧ـەوە، چەندین جار داوای ئیمتیازی گۆڤارێکی وێژەییم کردووە و وەڵامم نەدەدرایەوە، بەڵام پار میری دڵسۆز و سەعادەتی ئیسماعیل حەقی بەگی موتەسەڕیفی خۆشەویستی هەولێر و مەعالی محەمەد سەعید بەگی قەزاز، وەزیری ناوخۆ، لە ڕووی دادپەروەرییەوە بەزەیییان پێمدا هات و لە ٢٥/٤/١٩٥٤ ئیمتیازی گۆڤارێکی وێژەیی بەناوی هەتاویان دامێ“.
بۆ ئەو ڕۆژگارە، ڕۆڵی نووسەر و ئەرشیفسازانی وەک سدیق ساڵح و ڕەفیق ساڵح و عەبدوڵڵا زەنگەنە و هەردوو دەزگەی (بنکەی ژین) و (دەزگەی موکریانی) گەورە و جێی ستایشە، کە دوای (٥٠) ساڵ لە دوو توێی (١٣) بەرگ، هەموو ژمارەکانیان دووبارە چاپ کردەوە، بە دڵنیایییەوە ئەمە لای نەوەی ئێستە بە مێژووێکی زیندوو دەناسرێتەوە.
ئەمە داهێنانێكی گەورەی ئەوێ ڕۆژێی سێ پیاوی ڕۆشنبیری هەولێرێیە، مامۆستا گیو موکریانی وەك خاوەن بیرۆكە، پارێزەر ئیبراهیم عەزیز ئەحمەد پاشا دزەیی وەک یەکەم سەرنووسەری ئەم گۆڤارە لە ژمارە (١ -٣٨) و پارێزەر محەمەد شەهاب دەباغ وەک سەرنووسەر لە ژمارە (٣٩ -١٢٩).
لەمەودوا لە (گڵكەند)ەوە، بە ناوی (ئاوڕدانەوە لە گۆڤاری هەتاو)، گۆشەیەکی وەبیرهێنانەوە دەكەینەوە بۆ خستنە ڕووی بەشێك لە لاپەڕەکانی ئەوێ ڕۆژێی گۆڤارەكە.
لە یەكەم گۆشەدا، وێنەی ڕێكلامێكی ئەو گۆڤارە دەخەینە بەرچاو، کە لە ژمارە (٨)ی ١٩٥٤/٨/٣٠ لە لاپەڕەیەكدا بە ناوی (ئیعلانات) هاتووە ”مزگێنی لە اهالی خوشەویستی هەولێری ب”، تیایدا هاتووە كە بەر لە نزیكەی ٧٢ ساڵ، پێشانگەیەك بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمۆبێلی فۆرد لە هەولێر كراوەتەوە، كە موحسین محەمەدئەمین دزەیی كەسایەتیی ناوداری كوردستان سەرپەرشتیی كردووە.