عاده‌تم گرتییه، سپێدا ده‌گه سه‌رتێشتێ، كو پاری له ته‌عینێ هه‌ردینم، پله‌كیش ده‌گه‌ینمه ته‌له‌فزیۆنێ. جومعه‌یه، هێشتا مایتی سار نوو بیتۆ. ته‌له‌فزیۆن پێ بوو، بێژه‌ری به‌حسێ قه‌پاتبوونا ڕێیا (گه‌ری) ئه‌كرد، خوایه چ قه‌ومیه! ئه‌وه ئه‌وڕۆ ئیسراحه‌ته ڕێم ناكه‌ویته دیانا؟ به‌س خۆ ده‌بی یه‌كشه‌مێ هه‌ر بچم. وه‌خته‌كی هنده‌م دیت موزیعی گۆت: پردا گه‌لی یا تێكچووی، به‌رێ به‌یانی لۆرییه‌كێ خۆیێ پێ دادای، تا چێ نه‌كرێتۆ یه‌ك سه‌یاره نابیت به سه‌ردا بڕوات، ده‌بی خه‌رك به‌ڕێی (بێخار)ێدا بێن و بچن.
چاره نییه، یه‌كشه‌مێ ته‌ره‌بێنه خۆم وه‌ئاگا هینانۆ، ده‌بی زووتر له ڕۆژێنه دی وه‌ڕێ كه‌وین، كه‌تینه ڕێیێ گه‌یشتینه هنداوی ئه‌و ڕێیه‌ی كه به‌سه‌ر پردا خراپبوویی تێ ئه‌په‌ڕی، ته‌ره‌به‌كی گۆت باشه، چی ئه‌زانیت ناوێ ئه‌و پرده‌ی چییه؟ یه‌كی گۆت یا گه‌لییه، ئه‌وی دی گۆت ناوگه‌لی، ئه‌وی دی وه‌جواب هات گۆتی مار خه‌را! كو ده‌بی ئه‌و هه‌موو پردانه یه‌ك ناو لێ بیت، وه‌لحاسڵی نه‌نزانی ناوی چییه؟
ئه‌حمه‌د قادر (٣٢ ساڵ) دانیشتووی خه‌لیفانە، چیڕۆكی خۆی و ئه‌و قوتابیانه‌ی گێڕایەوە كه له خه‌لیفانه‌وه دەیهێنانە زانكۆی سۆران.
ئەو بابه‌ته هەر بۆ ئه‌حمه‌د و سه‌رنشینه‌كانی جێی پرسیار نییە، بەڵكو بۆ خەڵكیش بە گشتی جێی تێڕامانە، لەم بارەوە جه‌بار عه‌لیی ڕۆژنامه‌نووسی ئەو دەڤەرە قسەی خۆی هەیە، پێشتر له‌گه‌ڵ پیرە پیاوەكانی سرێشمه، ئه‌وانه‌ی كرێكاری هاملتۆنی ئه‌ندازیاری ڕێگەكه بوون له ١٩٢٨دا دیداری هەبووە، له زاری ئەوانه‌وه بۆ (گڵكەند) باسی ڕێگەكه و پردەكانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت ”به‌هۆی ئەوەی پردی زۆری لەسەر بوو، حكومەتی ئەو كات پردەكانی گەلی عەلی بەگی به ژماره دیاری كردبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر پردێك لەلایەن خەڵكەوە ناوی خۆی لێ نرا بوو، بۆ نموونه پردی یه‌كه‌م كە له خه‌لیفانه‌وه به ده‌روازه‌ی گه‌لی عه‌لی به‌گ ده‌گه‌یت ناویان نابوو پردی زارگه‌لی، تا ئێستەش هه‌ر ئه‌و ناوه‌ی هه‌یه، پرده‌كه‌ی دیكه وێنه‌ی شه‌هید عادل مهاجری له‌سه‌ر دانراوه و، ئێستە به‌ناوی ئه‌و ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام پێشتر پێیان ده‌گوت پردی كه‌وری بڕایی، پردی سێیه‌میش كه لە وەتەی ڕێڕه‌و گۆڕاوە نایەتە بە‌كارهینان ناو نرا بوو پردی كانی ماران“.
ئه‌و پرده‌ش كه بووه جێی پرسیاری ئه‌حمه‌د و قوتابییه‌كانی، وەك جەبار گێڕایەوە، ناوی پردی به‌رێ به‌ڕووان بوو، ئه‌و پرده‌ش كە له كۆتاییی گه‌لی به‌ره‌و گوندی باڵه‌كیان ده‌ڕوات، له كۆنه‌وه پێی دەگوترا پردی سه‌ركوژ، به‌س له دوای ڕاپه‌ڕین ناوی بوویته پردی زارگه‌لیی باڵه‌كیان.
دەزگە فەرمییەكان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی ناوی پرده‌كان ژمارەیان داناوە، خوسره‌ت سادق به‌ڕێوه‌به‌ری چاككردنه‌وه و پاراستنی ڕێگەوبانی سۆران دەڵێت ”ناوی پرده‌كان زیاتر ناوی شوێنه‌كانیان هه‌ڵگرتووه، هەر پردێك به ناوی ئه‌و شوێنه دەناسینەوە كە لێی بنیات نراوه، به‌ڵام بۆ پرده‌كانی ناو گه‌لی عه‌لی به‌گ، لە وەتەی پێش ڕاپەڕینەوە ژماره دانراون، تاكو ئێستەش هه‌ر به‌م شێوه‌یه له‌سه‌ری ده‌ڕۆین“.
جگه له شوێن، هه‌ندێك پرد ناوی بۆیه‌ی لێ نراوه، بۆ نموونه ئه‌و پرده‌ی ده‌كه‌وێته كۆتاییی قه‌زای چۆمان به‌پردی شین ناسراوه، جاری واش هه‌یه پردەكە نزیكی شوێنێكی مێژوویییە یان نزیك پردێكی دێرینە، خوسره‌ت سادق دەڵێت پرد هەیە مافی شوێنێكی دیكەی خواردووه، بۆ نموونه پردی بنكێلان، زۆر خه‌ڵك بە پردی به‌رسیرین ده‌یناسن، له كاتێكدا پرده‌كه‌ی به‌رسیرین جیایه و تایبه‌ته به گونده‌كه، به‌ڵام ناسراوی پردی به‌رسیرین له ڕووی مێژوویییه‌وه خۆی به‌سه‌ر پردی بنكێلانیشدا سه‌پاندووه.