كە زستان باڵ بەسەر بنارەکانی چیای هەڵگورد دەکێشێت و پلەی گەرمی لە گوندی وەردەی سەر بە قەزای چۆمان بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت، هەر زیندەوەرە و پەناگەیەكی گەرم بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام لەم سەرمایەدا کە ئاو دەیبەستێت، دیمەنێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو سەرنجت ڕادەکێشێت، باڵندەی زەبەلاحی خێرا، کە بە سروشتی خۆیان ئاشنای گەرمای بیابان و دەشتایییەکانی باشووری عێراقن، لێرە لە ناو ساردترین خاڵی هەرێمی کوردستاندا بە کەیف و سەفاوە ڕادەکەن.
ئەمە چیڕۆكی یەکەمین کێڵگەی بەخێوکردنی نەعامەیە لە ناوچەکە، کە وەک سهرکێشییەکی گەورە دەستی پێ کرد و ئێستە بووەتە سەرچاوەی بژێویی سێ خانەوادە.
لە پشت ئەم پڕۆژە ناوازەیەوە، پیاوێک وەستاوە کە بڕوای بە مەحاڵ نەبووە. کازم عەلی نەبی، خاوەنی کێڵگەكە، کاتێک سەیری پەلەوەرەكان دەکات، جۆرێک لە شانازی و خۆشەویستی لە چاوەکانیدا دەدرەوشێتەوە، دەستپێكی ئەم سهرکێشییەشی بۆ گەشتێکی دەگەڕێنێتەوە گەرمیان و دەڵێت: ”سهردانێكی كهلارم كرد، بینیم نهعامه بهخێو دهكهن، سهرنجیان ڕاكێشام و كهیفم پێیان هات“، بەڵام کاتێک پرسیاری کرد ئایا دەکرێت ئەم باڵندانە ببرێنە باڵەکایەتی، هەمووان بێ ئومێدیان کرد و پێیان گوت کە لەو کەشە سارد و سەهۆڵبەندانەدا بەرگە ناگرن و دەمرن. سەرەڕای ئەوەش، کازم بڕیاری دا ئەو سهرکێشییە بکات و دوو ساڵ لەمەوبەر، ١٠٠ بەچکە نەعامەی لە باشووری عێراقەوە هێنایە ناوچەکە.
خۆگونجاندنی نەعامەکان لەگەڵ سەرمای چۆمان، جێگەی سەرسوڕمانی پسپۆڕانیشە و پێ دەچێت ڕۆژێک ببێتە بابەتی توێژینەوە زانستییەکان و ناوی کێڵگەکەی کازم بچێتە ناو تۆمارەکانەوە.
ئەو پیاوە نهێنیی سەرکەوتنەكەی بۆ تەمەنی بەچکەکان دەگەڕێنێتەوە کە هێشتا بچووک بوون و توانایان هەبوو خۆیان لەگەڵ ژینگە بگونجێنن، بەڵام مانەوەی ئەم باڵندانە تەنیا پێویستی بە بەرگەگرتنی سەرما نییە، بەڵکو پێویستی بە پانتایییەکی فراوانیش هەیە. نەعامە، وەک غەریزەیەکی سروشتی، ڕۆژانە پێویستی بەوەیە لانی کەم هەزار مەتر بە خێرایی ڕابکات. بۆیە کازم کێڵگەیەکی فراوانی لەسەر ڕووبەری سێ دۆنم زەوی بۆ دروست کردوون، چونکە وەک خۆی دەڵێت، چەندە ژمارەیان زیاتر بێت، زەویی زیاتریان دەوێت بۆ ئەوەی ئەو وزە زۆرەی لە جەستەیان دایە، خاڵی بکەنەوە و بە کەیف و سەفا ڕابکەن.
ژیانی ڕۆژانەی ئەم نەعامانە لە بنارەکانی باڵەکایەتی وەک باڵندەیەکی کێوی وایە. لە بەهارەوە تا کۆتاییی پایز، شەو و ڕۆژ لە ژێر ئاسمانی کراوەدا دەمێننەوە. تەنانەت لە زستانیشدا، کە بەفر و کڕێوە ناوچەکە دەگرێتەوە، ئەوان هەر لە دەرەوەن و تەنیا لە کاتی بارانبارینی قورس یان شەوانی زۆر سارد دەچنە ناو ئەو حەسارە تایبەتەی بۆیان دروست کراوە.
سەبارەت بە ژەمە خۆراکەکانیان، کازم ئاماژە بەوە دەدات کە خواردنیان زۆر سادەیە و وەک هەر پەلەوەرێکی دیکە پشت بە گیا و گۆڵ، گەنم، جۆ و گەنمەشامی دەبەستن. بەڵام مەترسییەکی گەورە هەیە کە هەمیشە کازم لێی دەترسێت؛ نەعامەکان زۆر حەز بە قووتدانی شتی بریقەدار و سەیر دەکەن، بۆیە ئەگەر پارچەیەک ئاسن یان نایلۆن بخۆن، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی مردن و گیانلەدەستدانیان.
ئەم کێڵگەیە، کە بە دووریی ١٨٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری هەولێرەوە، ئێستە بەرهەمەکانی گەیشتووەتە چەندین پارێزگەی عێراق. لەو ١٠٠ بەچکەیەی کازم هێنابووی، ئێستە تەنیا ٤٥ دانەیان ماون و ئەوانی دیکەی بە گۆشتێکی باش و تەندروستەوە بە بازاڕ کردووە.
هەرچەندە کێڵگەکەی هێشتا بچووکە، بەڵام خواست لەسەر گۆشتی نەعامە زۆرە و بەرهەمەکانیان تا دهۆک، نەجەف و بەغداش ڕۆیشتوون. پێی وایە ئەگەر پڕۆژەکەی فراوان بکات، ڕەنگە دۆزینەوەی بازاڕی گەورەتر ببێتە کێشەیەکی سەرەکی.
گرینگیی ئەو پڕۆژەیە تەنیا لە سهرکێشییە بازرگانییەکەیدا نییە، بەڵکو لە مرۆڤدۆستییەکەشی دایە. ڕوونی نەعامە، یەکێکە لە دەگمەنترین بەرهەمەکان، لای کازم بۆ بازرگانی نییە. ئەو بە دڵسۆزییەوە دەڵێت ”ههر هاووڵاتییهكی كوردستان له ههر شوێن و ناوچهیهك بێت، تهنیا پهیوهندیمان پێوه بكات، ئێمه ئامادهین بۆ لایهنی پزیشكی به بهلاش و به دیاری بۆی بنێرین، ئهم كارهش تهنیا بۆ خێرخوازی دهكهین“.
لە پاڵ گۆشت و ڕوونەکەیدا، هێلکەی نەعامەکان سەرچاوەیەکی دیکەی گرینگی پڕۆژەکەن. لە مانگی شوباتەوە تا تەمووز، مێینەکان هەفتەی دوو بۆ سێ هێلکە دەکەن، کە قەبارەیان هێندە گەورەیە کێشیان دەگاتە ١٨٠٠ غرام. کازم ئەو هێلکانەی کە پیتێنراون و کوتانیان بۆ کراوە، بۆ هەڵێنان و دروستکردنی جووجەڵە هەڵدەگرێت، ئەوانی دیکەش دەفرۆشێت کە نرخی هەر دانەیەکیان دەگاتە ٣٥ هەزار دینار.
خەونەکانی ئەم پیاوە لێرەدا ناوەستن، بەڵكو بە هیواوە دەڕوانێتە داهاتوو و پلانی هەیە ئەمساڵ چیی تر بۆ کڕینی جووجەڵە پشت بە شارەکانی دیکە نەبەستێت، بەڵکو لە تەک فرۆشتنی گۆشتدا، خۆی لە کێڵگەکەی جووجەڵەی نەعامە هەڵبهێنێت، هەم بۆ گەورەکردن و هەمیش بۆ فرۆشتن بەکاریان بهێنێت.
چیڕۆکی کازم و نەعامەکانی گوندی وەردە، سەلماندی کە بەئیرادەیەکی پۆڵایینەوە، دەکرێت گەرمای بیابان لەناو بەفر و کڕێوەی هەڵگوردیشدا ژیان و ئومێد دروست بکات.

