لە تەقاندنەوەی گزۆز بۆ ژێر بلدۆزەر
لە تەقاندنەوەی گزۆز بۆ ژێر بلدۆزەر


ئەو دەنگە بەرز و بێزاركەرەی دەڵێی تەقینەوەیە، چ لە جەنجاڵیی ڕۆژدا یان لە کاتی پشوودانی نیوەشەودا، لە شەقامەکان دەبیسترێت، نهێنییەکی تەکنیکیی لە پشتەوەیە و لەخۆڕا نییە.
هەندێك گەنج بۆ ئەوەی دەنگی بەرز و ژاوەژاوی زۆر دروست بكەن، بە نمایشی مارپێچ و لێخوڕین لەسەر یەک تایە، شەقامەکان دەهەژێنن و دەبنە هۆی بێزاربوونی خەڵكی شار. دەستكاریی بۆدیی ماتۆڕسیکل دەكەن و گزۆزی دەبڕن، پارچە ئاسنێكی پتەویش لە پشتەوەی جێگیر دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی نمایشی لێخوڕینی سەر یەک تایەدا، هاوسەنگیی ماتۆڕسیكلەكە ڕابگرن.
وەستا عەبدوڵڵا، ١٤ ساڵە لە هەولێر ئیشی ماتۆڕسیكلی دەكات، ئاماژە بەو دیاردە نوێیە دەكات لە ڕووی دەنگی ماتۆڕسیكلەوە، كە ماوەیەكە بووەتە باو و خەڵكی بێزار كردووە، لەم بارەوە بۆ (گڵكەند) دەڵێت ”ماتۆڕە سینی و ئێرانییەکان بەخۆیان بێ دەنگن، بەس گەنج دەچنە كن وەستا سوورییەكان، لۆ وەی دەستکاریی گزۆزی بکەن و دەنگی برند كەن“.
ئەم سەرکێشییانەی گەنجان بەبێ باج تێناپەڕن؛ پۆلیسی هاتوچۆ بۆ بنبڕکردنی دیاردەکە، سێ مانگ دوکانەكانی چاككردنەوەی ماتۆڕسیكلیان داخست. بەقسەی وەستایەكە، ئەو بڕیارە زیانی گەورەی پێ گەیاندوون، ئێستەش مەرجی توند هەیە، لە کاتێکدا ٩٠٪ی ماتۆڕسیکلەکان بێ سەرەتان، چونکە خەڵک هەژارە و توانای کڕینی جۆرە تابلۆکراوە گرانبەهاکانی نییە و زۆرتریش دەسكاریی ئەگزۆزی ئەو ماتۆڕسیكلە بێ سەرەتایانە دەكرێت.
دیمەنی هەزاران ماتۆڕسیکلی دەستبەسەرداگیراو لە گۆڕەپانەکان، کە وەک (چیایەک لە ئاسن) دەردەکەون، گوزارشت لە قەبارەی سەرپێچییەکان دەکات. تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، شەش هەزار و ٥٢٣ ماتۆڕسیکلی بێ سەرەتا و دەستکاریکراو تێک شکێنراون، وەک سیکراب بە کارگەکانی شیش فرۆشراونەتەوە.


هێمن ئەمین بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر، جەخت دەکاتەوە كە هەر ماتۆڕسیکلێک مەرجەکانی وەک هاوردەی فەرمی، کوالێتی کۆنترۆڵ و بزوێنەری سەروو ١٢٥ سی سی تێدا بێت، تۆمار دەکرێت، بەڵام بەدەر لەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و بۆ خاوەنەکەی ناگەڕێنرێتەوە.
هۆکاری سەرەکیی توندکردنی ڕێکارەکانیش بۆ سکاڵای هاووڵاتییان و شۆفێران دەگەڕێتەوە کە بەهۆی ژاوەژاو و نمایشە سەرکێشییەکانەوە هەراسان بوون، ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی تێکدانی ئارامیی شەقامەکان و زۆر جار ڕووداوی دڵتەزێنیشی لێ كەوتووەتەوە.
بەپێی یاسا، سەرپێچیی وەک نەوەستان لە ترافیک، لێخوڕینی خێرا، دەستکاریکردنی ئەگزۆز و نمایشی سەر یەک تایە، بۆ ماتۆڕسیکلێك كە بێ سەرەتا بێت، سزاکەی دەستبەسەرداگرتنی هەمیشەیییە.
بۆ بنبڕکردنی یەکجاریی ئەم دیاردەیەش، وەزارەتی ناوخۆ ستراتیژێکی نوێی گرتووەتە بەر، کە لە ڕێکخستنی ماتۆڕسیکلەکانی گەیاندنی خێراوە دەستی پێ کردووە تا دەگاتە بڕیاری ڕاگرتنی هاوردەکردن تا ساڵی ٢٠٣٠ بە هەموو شێوەیەک.
سەرەڕای توندیی یاسا، بازاڕی ماتۆڕسیکلی بێ سەرەتا بەهۆی هەرزانییەوە هێشتا گەرمە. ئەحمەد عەبدوڵڵا دەڵاڵێکی ئەم بازاڕەیە، دەڵێت ”نرخی بێ سەرەتا لە ٥٠ هەزار تا ٧٠٠ هەزار دینارە، مشتەریەكان بەزۆری کاسبکاری فەقیرن، هەندەكیشیان گەنجن و حەزیان لە خۆنمایشكردنە بە ماتۆڕ“، باسیش لە ڕاوەدوونانی ڕۆژانەی پۆلیس دەکات، كە بەیانیان پۆلیس خەریکی ڕاوکردنی ماتۆڕسیکلەکانە، بەڵام پاشی نیوەڕۆیان بازاڕ ئاسایی دەبێتەوە. ئەحمەد عەبدوڵڵا دەڵێت تا ئێستە دەست بەسەر پێنج ماتۆڕسیکلی ئەودا گیراوە، بەڵام هەر بەردەوامە لە كاسبییەكەی، چونکە بژێویی لەسەرە.
نەسرەدین قادر ١٢ ساڵە خاوەن پێشانگەیە، دەڵێت هاوردەی قاچاخ بازاڕی تێکداون، چونکە بێ سەرەتاکان بە هەرزانتر لە دەرەوەی پێشانگەکان مامەڵەیان پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا ئەوان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە هۆشدارییان پێ دراوە کە مامەڵەیان پێوە نەکەن.
ئامارەکان بۆشاییبەکی گەورە نیشان دەدەن، لە هەولێر ١٩ هەزار و ٧٣٣ ماتۆڕسیکل تۆمار کراون، بەڵام تەنیا شەش هەزار و ٧١٤ مۆڵەتی لێخوڕین هەیە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت زۆرینەی شۆفێران بە نایاسایی ماتۆڕسیکل لێ دەخوڕن. هێمن ئەمین جەخت دەکاتەوە ”بۆ لێخوڕین، پێویستە شۆفێر مۆڵەتی لێخوڕین و تابلۆی فەرمیی هەبێت، هەروەها کڵاو و مەچەکپارێز بەکار بهێنێت“.
لە پشت ململانێی شەقام و جەنگی بلدۆزەرەکانەوە، کۆمپانیا ڕێپێدراوەکان کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات، لە هەوڵدان وێنەی ماتۆڕسیکل لە ئامرازێکی بێزارکەرەوە بۆ کەرەستەیەکی مۆدێرنی گواستنەوە بگۆڕن. یەکێک لەو کۆمپانیایانە کە سێ ساڵە وەک هاوردەکارێکی فەرمی لە هەولێر دامەزراوە، بەرپرسی فرۆشتنەكەی دەڵێت ”ئێمە بریکاری ١٢ مۆدێلی چینین، چواری کارەبایی و هەشتی بەنزینە، نرخەکانمان بە تێچووی تابلۆوە لە ٣.٣ ملیۆنەوە دەست پێ دەکات تاوەکو ٩٨ ملیۆن دینار بۆ جۆرە تایبەت و گرانبەهاکان“.
گەشەی خێرای کۆمپانیاکانی گەیاندن، بازاڕی ماتۆڕسیكلی بووژاندووەتەوە، بۆیە زۆرترین خواست لە بازاڕەكە لەسەر ئەو ماتۆڕسیکلانەیە کە بۆ کاری گەیاندن بەکار دێن، نرخەکانیشیان لە نێوان ٢.٣ بۆ ٣ ملیۆن دینارە و بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی بژێویی سەتان خێزان.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved