حەیوان بە دیناری سویسری
حەیوان بە دیناری سویسری
August 02, 2026

سبەینەكی زووی هاوینی ئەمساڵی ٢٠٢٦، جارێ هەتاو بەر تەپوتۆزی عاردی مەیدانی حەیوانان نەكەوتووە، دەنگەدەنگی کڕیار و فرۆشیار، قاڕەی گیسک و جوانەگا تێکەڵ بە بۆنی عەلەف و ڕیخ بووە، كە گوێ بۆ وردەكاریی مامەڵە و نرخی كڕین و فرۆشتن شل دەكەی، كات دەگەڕێتەوە دواوە، چونكە لەوێندەر هێشتا بەو دینارە سویسرییە مامەڵە دەكەن كە پێش ٣٥ ساڵ سڕایەوە و دیناری نوێ (بریمەر) جێی گرتەوە.
هەر گۆشەیەکی مەیدانەكە بگری، پیاو بە جەمەدانیی توندبەستراو، تەسبیح و گۆپار بەدەست، خەریکی بینەوبەردەی بازاڕەكەن. یەکێک هاوار دەکات (پەنجا و پێنج)، ئەوی دی دەڵێ ”ناوەڵڵا، بە شەستیش نادەم“.
ئەو (٥٥ و ٦٠)ە نرخی كیلۆیەك گۆشتی ئاژەڵی زیندووە، بەڵام نە بە دیناری ئێستە، نە بە دۆلار و نەش بە تومەن، بەڵكو بە نرخی دیناری جارانە، ئەو دینارەی ساڵانێکە لە گیرفانی كەسدا نەماوە، لەسەر زاری کڕیار و فرۆشیاری مەیدانی حەیوانانی هەولێرێ نەبێت.
پیاوێکی بەژنباریكی ڕووخۆش لەناو قەرەباڵغیی مەیدانەکەیە، بە حاجی فەرهەنگ بانگی دەكەن، تەمەنی ٤٩ ساڵە و خەڵکی گوندی قۆریتانی دەشتی هەولێرێیە، دەڵێت ”٣٥ سارە لەو مەیدانەیمە، جار جارە فەلاحەتیشم كردییە، بەس یەك دنك خیندەواریم نییە، ئۆندەیە لە حیساباتی دیناری سویسری تێدەگەم“.
لەسەرخۆ باسی كاسبییەكەی دەگێڕێتەوە، كە چۆن لەگەڵ باوكی دەستی پێ كردووە، پێش باوكیشی، باپیری هەر ئەو ئیشەی كردییە و ئیشی دی نازانن، لە بارەی مانەوەشیان لەسەر مامەڵەكردن بە دیناری سویسری دەڵێت ”جاران حەیوانمان بەگۆترە دەكڕی و دەفرۆشت، هەتا ساری ٩٥یش هەر ئەوهامان هینا، هەموو معامەلەك سەرپێی و بە گۆترە بوو، جارێ قەپان نەهاتبووە گۆڕێ. مەسەلەن جۆتی حەیوانی بە دوو هەزار و ٥٠٠ دینار یان دوو هەزار و ٧٠٠ دیناری سویسری بوو. دوایێ خەركی دەروجیران لە ئێران و توركیایڕا هاتنە ناو بازاڕەكەی، حیسابات گۆڕا و بووە کیلۆ، زیندەقەپان هاتە گۆڕێ“.
ساڵ بووە ٢٠٠٣، هەموو شتێك گۆڕا، بە دیناریشەوە، چیی دی سویسرییەكە لە بازاڕ نەما و پارەیەكی نوێ چاپ كرا و خەڵك ناویان نا (بریمەر)، حاجی فەرهەنگ دەڵێت ”وەكی پارەی سویسری نەما و تەبعەكە هات، ئەمە حیسابی خۆمان هەر بە دینارە قەدیمەكەی كرد و نەمانگۆڕی، هەوكە ٢٠٢٦ە و ئەمە هەر بە حیسابی جاران هەتا ئێرەمان هینایە“.
وەك ئەو مامەڵەكارەی مەیدانی حەیوانان باسی دەكات، ئێستە لەوێندەر سەر لە هەر قەپانێكی ئاژەڵ بدەی، دەبینی حیسابەکە بەو شێوەیەیە: نرخی کیلۆیەك حەیوانی باش لە ٥٢ دینارەوە دەست پێ دەكا هەتا ٦٠ دیناری سویسری. بەڵام کاتێک دێتە سەر پارەدان، کەس دیناری سویسریی پێ نییە، لێرە گرێی مامەڵەکردنەكە دەكرێتەوە. حاجی فەرهەنگ حاسیبەکەی دەردێنێت و ڕوونی دەكاتەوە ”ئەو موشتەرییەی حیسابەکەی لێ تێک دەچیت، پێی دەرێین کاکە تەماشاکە، با برێین كیلۆی ٥٥ دینارە، جارانی ١٥٠ی بکە، دەکاتە هەشت هەزار و ٢٥٠ دینار“. ئەو جارانكردنەی ١٥٠یە بووەتە یاسایەکی نەنووسراوی مەیدانەكە.
ئەوەی جێی سەرنجە، مامەڵەچییەكانی شارەكانی دیكەی كوردستان و عێراقیش، عەرەبێك لە مووسڵەوە بێتە هەولێر بۆ كڕینی ئاژەڵ، فێری ئەو مامەڵەیە دەبێت و ئاژەڵ بە یەكەی دیناری سویسری دەكڕێت و دواتر پارەكە بە دیناری نوێ دەبژێرێت.
لە گۆشەیەکی دیکەی مەیدانەکە، پیاوێکی گەورەتر دەبینی، کە چەندین كەس دەوریان داوە، بە دەنگی بەرز مامەڵە دەکەن، سامی محەمەد تەمەنی ٦٦ ساڵە و دەڵێت ”لە وەتەی خۆم بەبیر دێ لەو مەیدانەیمە، جاران لە ناو هەولێرێ بوو، دوایێ گوازراوە لۆ کەسنەزان و دوایێش لۆ جێی دی، هەوكەش لە ڕێی گوێڕی خۆمان گرتیتەوە، نازانین سبەینێ كێوەمان دەبەن، بەس دەزانین هەر چ بگۆڕێت، عادەتی مە هەر بە پارە سویسرییەكەی دەمینێ و لەسەر زارمان مایتەوە، تازە ناگۆڕێ“.
جۆری ئەو ئاژەڵانەی لە مەیدانەكەی هەولێرێ مامەڵەیان پێوە دەكرێت، بابەتێكی دیكەیە و ئێستە لە جۆرجیا، ئەرمینیا و سووریاشەوە ئاژەڵ هاوردە دەكرێن، حاجی فەرهەنگ دەڵێت ”ئەوانە بە گچکەیی دێن، بەس لێرە دایان دەبەستینەوە و ١١ لۆ ١٢ مانگەك بە عەلەف و ئاوی خۆمان گەورەیان دەکەین، ئەوهە دەبنە خۆمانە“.
نرخی ئاژەڵی هاوردەكراو كە كراونەتە خۆمانە، گرانترە لە هی ئاژەڵی خۆمانە، حاجی دەڵێت نرخی کیلۆیەك بە ٨٥ دیناری سویسرییە.
لەو مەیدانەدا، ئەگەرچی مامەڵەكە ئاڵۆز دێتە بەرچاو و كەسی ناشارەزا لێی تێك دەچێت، بەڵام حاجی فەرهەنگ دووپاتی دەكاتەوە كە لەوێندەر هیچ فڕوفێڵەک لە گۆڕینەوەی پارەدا ناكرێت، چونكە وەك خۆی دەڵێت ”هەموو دەزانن حیسابەکە کوە و خەرك چاوکراوەیە، هەزار دیناری سویسری بەرامبەر ١٥٠ هەزاری بریمەرە. حاسیبەکەت دەردەینی و لە پێش چاوی كابرای جارانی دەكەی و خەرەتی قبوور ناكات“.

وێنە: گەیلان ‌حاجی


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved