شاری خێرخوازان
شاری خێرخوازان

هەولێر هەردەم خۆی بە خوشکی گەورە و خەمخۆری شارەکانی دیکەی کوردستانی گەورە زانیوە، بە درێژاییی مێژوو داڵدە و پەنای ئاوارە و لێقەوماوان بووە.
لە سەردەمی سوڵتان مزەفەرەدین گورگەبۆری لە پاڵ قوتابخانە و خەستەخانە و مزگەفتە بەناوبانگەکەیدا، خانەی بێ سەرپەرشتان و شوێنی حەوانەوە و ناندانی بۆ غەوارە و ڕێبواران بنیات ناوە.
لە کاتی لافاوە وێرانکەرەکەی ١٩٥٧دا کە چەندین کەسی لە سلێمانی خنکاند و بە سەدان ماڵی وێران کرد و خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ هێشتەوە، هەولێرییەکان بەزووترین کات لێژنەیان پێک هێنا و خەڵک مەردانە چوونە پێش، کۆمەک و پارە و پێداویستییەکی زۆریان گەیاندە لێقەوماوان.
لە کاتی شاڵاوەکانی ئەنفال و بێ سەروشوێنکردنی بارزانییەکان و ڕاگواستنی خێزانەکانیان بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی سەردەمی بەعس لە قوشتەپە، خەڵکی هەولێر بە هەموو شێوەیەک یارمەتییان دان و تا ڕادەیەک توانییان ئێش و ئازاریان سووک بکەن.
دواتر کە خەڵکی کەرکووک و خانەقین بەهۆی کوردبوونیان و خەڵکی هەڵەبجە دوای کیمیاباران و خەڵکی بادینان ئەنفال کران، بنەسڵاوە و دارەتوو و جێژنیکان و بەحرکە بووە شوێنی گیرسانەوەیان، ڕۆڵی خەڵکی هەولێر و هەولێرییان تا ئێستەش لە دید و هزری نەوەکانیان ماوە و دەمێنێت، زۆربەشیان تا ئێستە لە هەولێر ماون و بووینە هەولێری و بەشداریشن لە کاری خێرخوازی.
سەتان ڕێکخراوی کاری خێرخوازی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم تۆمار کراون و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە، لە کاتی تەنگژە و کارەساتەکان کارمەندەکانیان هەنگئاسا کار دەکەن بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان.
لە کاتی لافاو و سووتان و دەربەدەر بوون و لێقەوماندا، لە کەم شاری جیهان کاری خێرخوازی وەک هەولێر و هەولێرییەکان هەستی پێ دەکرێت.
دەیان جار دەبینین شڕە ترومبێلێک بەهۆی خراپیی بەنزین یا نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، لەسەر شەقام گڕ دەگرێت، یەکسەر چەند کەسێکی لێ پەیدا دەبێت، یارمەتی و کۆمەکی بۆ کۆ دەکەنەوە، کە بازاڕێک دەسووتێت، کەمپین و کۆمەک کۆکردنەوە دەست پێ دەکات. دەبێتە پێشبڕکێ و قۆشمە لە نێوان کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و هەندێك کەس، جاروبار بێ سەروبەریشی پێوە دیار دەبێت.
بەڵام ئێستە کاتی ئەوە هاتووە هەوڵێک بدرێت بۆ ڕێکخستنی کاری خێرخوازی و هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١١)ی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان تا نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب بێت، کاری خێرخوازیش بۆ ڕێکخراوە خێرخوازییە مۆڵەتدراوەکان بێت و بە فەرمی بكرێت و ڕێك بخرێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved