دوو واریقات
دوو واریقات

گرانەتا:
ساڵی 1944 گرانەتا بڵاو بووەوە و ناوچەی كەندێناوەی بەری خۆرهەڵاتی گرتەوە.
لەبەر نەبوونی پزیشك و داودەرمان خەڵكێكی زۆری كوشت.
لە هەندە گوندان ماڵ هەبوو دەرگەی پێوە درا.
لە دێیەكەی ئێمە چەند كەسی كوشت.
لەوانە دایك و كوڕ و كچێكی دراوسێمان و خەجیجەی خوشكە گەورەم تەونكەر بوو، چەندی تر.
منیش تووش بووم.
بە بیرم دێت سەر و برۆ و برژانگم داوە موویەكیان پێوە نەما بوو، گوێی چەپەشمی كەڕ كرد. لەو ڕۆژەوەوە گوێم ناوە ناوە بە ژان دەكەوت و جەراحەتی لێ دەهاتە دەرەوە و لاڕوومەتیشمی دادەگرت و دەبووە قینچكە و حەرارەت.
ساڵێك دوای دامەزراندنم بە مامۆستا بە بنی داوە و زۆرم شەرم بە خۆم بوو، زوو هاتمەوە و لە شاری هەولێر چارەم كرد.
لەو ڕۆژەوە بەهۆی دەرمان بەكارهێنان جەراحەتی لێ نەدەهاتە دەرەوە. هەتا ساڵی 2011، دوای سێ كەڕەت چوونە لای پزیشكێكی تایبەت، گوتی: لەبەرئەوەی گوێت پەردەكەی نەماوە تۆزێك بای گەرم، یاخۆ ساردی پێ بكەوێت ئیلتیهاب دەكات. پێویستە تۆزێك لۆكەی بە مەرهەمی تایبەت چەور بكەیت و لەناوی بنێیت، بەڵام دەبێ دوای ٢٤ سەعات لۆكەكەی بگۆڕدرێت. لەوساكەوە ژانەكەی بە بنی نەدایتەوە.
خوشكێكم لە خۆم گەورەتر بوو، فاتم ناو تووش بوو. ئەوسا چ خواردنێكی ئەوتۆ نەبوو بدرێتە نەخۆش. بەس ماڵی ئێمە برنجمان هەبوو، بەدەست كەم كەس دەكەوت. ناوە ناوە شۆربای برنجیان دەدا خوشكەكەم، كە باشترین خواردنی سەردەم بوو. هەركە چاك بووەوە، نەك برنجی هەتا چووە جێگەی خۆی لەبەرچاو كەوت. بگرە گۆشت لە نێو شیوی برنج بكوڵا بووایە، بیخوارد بووایە دەلحاز ئیستیفراقی پێ دەكرد.

جۆتە نەهات:
ساڵی ١٩٤٧ و ١٩٤٨ نەهات بوو. پێی دەگۆترا: جۆتە نەهات.
عەربەی گەنم گەیشتە ٣٢ دینار. ئەو پارەیەش ئەوسا بەهەوەنتە پەیدا نەدەبوو.
من تەمەنم نۆ ساڵ بوو. ئێوارەیەک لەگەڵ برادەرێکی خۆم گەمەمان دەکرد. لە ژیاندا نەماوە. هەرکە دنیا تاریک داهات، هاوڕێیەکەم گوتی: چاوم نابینێت بمبەوە ماڵێ. منیش دەستم گرت و بردمەوە. زۆر دڵگیر بووم و بۆ دایکم گێڕاوە و گوتم: دایە فڵان کەس چاوی کۆرە بووە. دایکم گوتی: کوودەزانی؟ تازە گەمەمان دەکرد و بەمنی گوت: چاوم نابینێت بمبەوە. منیش دەستم گرت و بردمەوە. دایکم هەتا شەپ دەگرێت لە ڕانی خۆی دا و گوتی: ئەمن بیستوومە خواردنی سێ ژەمەیان نانە جۆیە و زیاتریان نییە. بەداخەوە لە بێ خواردنی چەوری شەوکۆر بووە.
بۆ ڕۆژی دوایی دایکم گیسکێکی کوشتەوە و قاپێکی پڕ گۆشت و جەرگ و ناوی کوڵاو کرد و بەمنی گوت: بڕۆ بیهێنە. دایکم تەنیا بردییە ژۆرێک و قاپە گۆشتەکەی لە پێش دانا و چەفیەکیشی بەسەریدا دا و گوتی: ڕۆڵە لە هەوەلەوە بەس بۆنەکەی هەڵمژە و ئەوجا هەتا تێر دەبی گۆشتەکەی بخۆ.
بە داخەوە لە یادم نەماوە چاوی پێ چاک بووەوە یان نا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved