ئاسۆی تەحسین تەها
ئاسۆی تەحسین تەها

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پیاوێکی بادینیی جوان و پۆشتە، مامۆستای سەرەتایی لە هەولێرێ پەیدا بوو، هونەرمەندێكی دەنگخۆش بوو.
تەحسین تەها (١٩٤١-١٩٩٥) لە ئامێدییەوە هاتبوو، بۆ خوێندنی میوزیک چووبووە بەغدایێ، بە مامۆستایەتی هاتبووە مەخموور، لەوێش هاتبووە هەولێرێ، زۆر مایەوە و نەگەڕایەوە بناری چیاکانی گارا و مەتین، هەر لەودەمانە ئەندامی دامەزرێنەری تیپی هونەریی هەولێریش بووە.
ئەو لە هەموو بۆنە سیاسی و هونەرییەکانی شاردا، دەنگ و ڕەنگی دیاری هەبوو، بەڕاستی دەنگی خۆش بوو، دەرکەوتن و بەرکەوتنەکانی شیرین بوون.
لە هەولێر بووبووە ڕەمز، بووبووە سیمای دەنگی جوان، هاوشانی هونەرمەندان: تایەر تۆفیق، ڕەسووڵ گەردی، فوئاد ئەحمەد، مشکۆ، محەمەد ئەربیلی، یەحیا مەرجان، واحید مەرجان، فوئاد سەڕاج، عەبدوڵڵا دڵسۆز، سابیر عەبدولڕەحمان، مام خەیروڵڵا، حەمە جەزا، قادر زیرەک، جەلال سەعید و حەیدەرە کەچەڵ.
ئەو زۆر مایەوە، نیشتەجێ بوو، ئەدی ناڵێن؛ ئەوەی هاتە هەولێر ناڕوات! مایەوە، خۆشەویستیش بوو، بەڵام گۆرانیی بە زاراوەی سۆرانی نەگوت، گۆرانی و پەیڤە بادینییەکانی زۆر بڵاو بوونەوە، لە هەموویان زۆرتر گۆرانیی (ئاسۆ) بوو!
لەسەر ئەو گۆرانییە هەڵوەستەیەک دەکەم!
”ئاسۆ ئەی هەوار ئاگر بەربی من
ئاسۆ جەرگ و دڵ تەژی برینن
هەردوو چاڤ
تەژی گرینە
دەست و پێ بۆ تە گرتینە
ئەی هەوارە ئەی هەوارە
ئاسۆ بوو زاڵم بوو ...“
تێكستی گۆرانییەکە لە ١٩٧٠ لەلایەن دکتۆر بەدرخان سندی نووسرا بوو، ئەویش ئەودەمانە فەرمانبەری پەروەردەی هەولێر بوو، دوو ژمارەی گۆڤاری (چیا)ی دەرکردبوو.
ئاسۆ؛ ‹ناوی گۆرانییەکە، لەودەمانە زۆر دەگمەن بوو، بەتایبەتی لەناو بادینان، بەڵام لە ناوچەکانی سۆران ناوی ئاسۆ بۆ کوڕان هەبوو، بەڵام لەو تێکستە مەبەستی کچە! هەر چییەک بووبێت، بۆ کێ نووسرا بێت، ناوەکە جوان، شیرین بوو، بەتایبەتی بەدەنگی تەحسین تەها!
زووتریش خەڵکی هەولێر گوێیان لە گۆرانییەکانی محەمەد عارف جەزیری، حەسەن جەزراوی، مریەم خان و عیسا بەرواری دەگرت، واتە گۆرانییە بادینییەکان، نامەشیان بۆ ڕادیۆی کوردیی بەغدا، بەرنامەی گۆرانیی داواکراو دەنارد، وەک گۆرانییەکی محەمەد عارف بەناوی عەیشانی عەلی! بۆیەش ئاسایی بوو ئاسۆکەی تەحسین تەها بکەوێتە بەر زاران، بەر دڵان، بەر باسان! ئیمڕۆش ئێمە یادی بکەینەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved