سەدان ساڵە
سەدان ساڵە
August 04, 2026

سەدان ساڵە سەرەتا چەند پەڕە کاخەزێ بوو، دەستاودەستی دەکرد. هێندەی پێنەچوو زار لە زاری دەگێڕایەوە، پەڕە کاخەز پێویست نەبوو. هەبوو ئۆلدار بوو، لێ لە (فاتیحا) رەوانتر ئەزبەری بوو. هەبوو بەدمەستی کوردایەتی بوو، لە (نامرێ...)ی ناو ئەی رەقیب حێلتر دەیگوتەوە. هەبوو کۆمۆنیست بوو، لە (شاگردانی فەهدی قارەمانین) بەسۆزتر دەیخوێندەوە:
سەدان ساڵە،
رۆژێک دەبم بە مەیتەری والیی بەغدا.
رۆژێک لە تاران کوتاڵم.
رۆژێک لیفکەم، پشتی ژنی سوڵتان دەشۆم.
ڕۆژێک گەسکم، شام دەماڵم.

هەشبوو دژ بوو، سەر لە ئێوارەیێ لە چاخانەی شەوانی هەولێر سەدان ساڵە لە نێوان چوار پێنج کەسێ مشتومڕێکی وای نایەوە:
(س)ی کۆمەڵە: سەدانە ساڵە رستە رستە دەمارگیرییە.
(د)ی کۆمۆنیست: وایە، نەتەوایەتی نابێ بەو شێوەیە بێ.
من گوتم: وشە وشەی سەدان ساڵەم بەدڵە.
گوتیان: تۆ بە خۆشت دەڵێی چەپ! لە پاسۆک پاسۆکتری.
گوتم: پاسۆک نیم، بەڵام بۆ سەدان ساڵە با هەو بم.
کوڕێک بیرم نەماوە کێ بوو، گوتی: من تەنها لەگەڵ (قەحپەن)ەکە نیم. ئەها:
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن
ماسی و چەنگاڵ،
مشک و جەواڵ،
دەست و چزوو برای یەکن.
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن،
پەت و گەردن،
گوێزان و موو برای یەکن

کوڕێکی دی گوتی: ئێهـ، بە سەر قەحپەکەدا بازدە!
گوتم: قەحپە لادە، شتێکی دی دانێ: تەرەس، تەرەس....
هەینێ لە دیدی منەوە، منێک کە کەوتبوومە چێوەی چەپی مارکسییەوە، شیعری پەشێو ئەو شیعرانەی پەیامی نەتەوایەتیان پەیامبەرانە دەڕژاندە گیانەوە، مانیڤێستێکی روون و زەلال بوون، لە زنەی سەر تاشەبەردێکی کوێستانی کێلەشینێ دەچوون. هەمیشە لە بەر خۆمەوە دەمگوتنەوە. بیرمدێتەوە لەو خۆپێشاندانەی کە ئامادەیی رزگاری وێنەی لەهیكڕا هەستانی لافاو لە دەرگا گەورەکەوە رژایە جادە، بەر لەوەی لە جاشخانەی سەر سووچەکە، ئەوەی دەرگایەکی روو لە باخچەی برووسک بوو، تەقە بکرێ و لافاوی سەرشێت رووەو هۆڵی گەل شەپۆلان لێدا، دەنگێک لە ناو خۆپێشاندانەوە:
من پشتێکی بریندارم،
لە قامچی خۆم ڕاپەڕیوم.
من لافاوێکی لاسارم،
لەو کەنارانە هەڵساوم
کە تەنگیان پێ هەڵچنیوم.
نانیشمەوە...

هەینێ ئەو سەدان ساڵەیە بە دەستی هەر کەسێکەوە گیرابا، لە ناو جادە لە زاری هەر کەسێکەوە بیسترابا، لە بن قەنارەی نەینەوا خۆی دەدیتەوە. خاتری گیرابا، شەو و رۆژی بیست ساڵی لە کونەڕەشێ دەکردەوە.
سەدان ساڵە دەستاودەست دەکات و زارەوزار، لە شاردا شەقام شەقام، کۆڵان کۆڵان دەگەڕێ، جاشیش هەیە دەیڵێتەوە. دراوسێیەکمان خزمیش دەبۆوە، چەکی جاشایەتی لە شان بوو، سەروکاری لەگەڵ خوێندنەوەش هەبوو. لە بن ئەو دارتێلەی ناوم نابوو دارتێلی یاد، بەپێکەنینەوە: راوەستە، بزانم بە هۆنراوەیەکی پەشێو چەکەکەت پێ فڕێنادەم! سەدان ساڵەم بۆ خوێندەوە. دیاربوو کاری تێکرد. گوتی: جێم نیە خۆمی تێدا بشارمەوە، پیاوی سەرێش نیم، دەنا ئێستا تفەنگەکەم لە قوونی (...) دەنا. ئەو هەینێ ناوی سەرۆک جاشەکەی گۆت، من هەوکە ناوێرم ناوی بهێنم!


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved