ئێوارەك لە مەچكۆ ڕچەمان شكاند
ئێوارەك لە مەچكۆ ڕچەمان شكاند
August 05, 2026

جاران، بە پێش چایخانەی مەچکۆدا تێدەپەڕیم، دیمەنێكی دووبارە و چەسپاوی پیاوانەم دەدیت، پیاو بە جەمەدانییەوە، ئەفەندی بە قاتەوە یان كوڕی گەنج، كە بە كراسێكی ئوتووكراوەوە خۆی خزاندبووە ڕیزی نووسەر و هونەرمەندانی شارەوە.
هەر ژنێك بەوێدا تێپەڕیبا، یەكسەر هەستی دەكرد چاوی هەموو میوانەكانی دەچێتە سەر، چونكە بە دەگمەن ئافرەتێک دەبینرا بەو ناوەدا تێپەڕێت، چ جای ئەوەی دابنیشێت و چایەک بخواتەوە.
وەكی منداڵ بووم، لەگەڵ دایکم و پلکەکانم ڕێمان دەكەتە قەیسەری، بەپێش مەچکۆدا تێدەپەڕین، بەڵام هەرگیز لەسەر نەخشەی پشوودان و چاخواردنەوەمان جێی نەدەبووەوە. لایەكی ساردەمەنییەكانی ئەودیو، ئەوانەی سەر جادەی ئەسواق سیروان بووبوونە جێی ژنان و پشوودانی خێزان، بۆ ئەوەی دوور لە نیگای نامەحرەمان دۆندرمەكی بخۆن.
لەگەڵ گەورەبوونی مندا، هەولێر بە خێرایی دەگۆڕا، كە ساڵی ٢٠١٢ چوومە زانکۆ، من و چەند کچێکی هاوڕێم بۆ پیاسە چووینە قەیسەری، لە ناکاو گۆتمان لۆ نەچینە مەچكۆی چایەكی بخۆینەوە؟
بۆ یەكەم جار لە ژیانمدا، چوومە مەچکۆ، پشتمان لە شەقام كرد و ڕیزەك کورسیمان گرت. بەدەم فڕكردنی چای بەڕەنگ و شیرینەوە سێڵفیمان دەگرت.
سەرەتا نەك هەر میوانە پیاوەكان چاویان لەسەر ئێمە بوو، بەڵكو بۆ چایچییەكەش چوونی ئێمە نامۆ بوو، هەستمان دەكرد خەمی ئەوەیەتی تەنزبارێن بكرێین، بەر لەوەی هەڵبستین، هەستمان كرد ڕاستییەكە جیاوازە لەوەی لە دەرەوەڕا وێنامان كردبوو، چونكە گەلەكیان ڕێز لێ گرتین.
وای لێ هات، هەر جارەی چووباینە بازاڕ، دەچووینە مەچكۆش، چیی دی نیگاكان بێزاركەر نەمان، تەنانەت وەختی مەغریبانیش لەوێندەر پشوومان دەدا، یان دەچووینە ژوورێ و قاپێك نۆكاویشمان دەخواردەوە.
ئێستە وەكی بەكن مەچکۆیدا تێدەپەڕم، نەك وەكی جاران تەنها بۆ پیاوان نییە، بەڵكو ژنانی كورد و خەڵكانی بیانیشی زۆر لێیە، مەچكۆ وەكی هەولێرێی لێ هاتییە، بۆ هەمووان وەك یەكە، ئاوێنەیەکی بچووکی گۆڕانکارە گەورەكانی پایتەختە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved