دەشێوێنێت برۆی كەوانی
دەشێوێنێت برۆی كەوانی
August 05, 2026

تەماشاکردنی خەڵک چالاکییە، ئەمن لە شوێنە گشتییەکانی ناو كوردستان و دەرێش تەماشای خەڵك دەكەم. لە فڕگە، چایخانە، قاوەخانە، پاڕک و وێستگەكانی گواستنەوە، چێژ و سوودیش لە تەماشاکردن وەردەگرم. زۆر جار، تەماشاکردنی خەڵك دەبێتە هەوێنی بیرۆکەی لەدایکبوونی چیڕۆکێک یان کارەکتەرێک.
بەرام زۆر جار لە کوردستان، وەكی تەماشای خەڵك دەکەم، دڵم دەگوشرێت.
ڕەنگی جلوبەرگی خەڵكی مە مردییە، ڕەشی بۆز، نیلییەکی سپیبووەوە، ڕەساسییەکی تاریك، بێجییەکی بۆر. زەردەخەنە باری کردییە، دەموچاو ترشایە.
خەڵک ئازادن چ لەبەر دەکەن، هەیە حەزی لەو ڕەنگانەیە و حەزی لە ڕەنگی زەق نییە، بەڵام کۆمەڵ لەسەر ئەوە ڕێک کەتییە جلی ڕەنگاوڕەنگ بۆ ئافرەتان حەڕامە و بۆ پیاوانیش عەیبە، ئەوە کەسەرەکەیە.
لە هەمووی بێ زەوقتر ئەوەیە، وەختەك تەماشای ئافرەتانی ئەو زەمانە دەکەم، زۆربەیان وێک دەچن، یەک شکلن: لچەستوور، گوپەستوور، برۆ شەیتانی، سمت پفدرای. ئەو هەموو فیلەر و بۆتۆکس و تاتۆیە لە كیژی كوردەواریی خۆمان نایێت. ئەو شکلە سناعیانە ژینگەی دیتنیان شێواندییە.
جار هەیە لە خۆم دەپرسم، دەبی لە ئاوێنە كو تەماشای خۆیان بكەن؟ هاوڕێیەكی یان كەسێكیان نییە پێیان بڵێت لۆ پارەت بە خۆناحەزكردن خەسار دەکەی؟
سەنتەرەیلی جوانکاری جمەیان دێت. کیژ هەیە ناسک و نازدار، ئەو لێوە باریکەی پف دەکات، ئەو ڕوومەت و سمتە سروشتییەی بە مستە پارەكی گەورە دەکات، برۆی کەوانی دەشێوێنێت.
کەسێک نییە بڵێ، دادە زۆر ناشیرینی، لێت نایێت، لۆ خۆت دەكەیە فلیم؟
ماوەیەكە بەشی زۆری کچ و ئافرەتی مە، مۆری کوردەوارییان پێوە نەماوە. لە سەت ئافرەت، یەکێک دەبینی سروشتیی خۆی بێت. لە كاتەكدا ڕاستییەكە ئەوەیە كە هەموو سروشتییەک جوانە. دەتوانن لە ڕێی وەرزشكردنێكی سووكەوە، دووركەوتنەوە لە خۆراكی خراپەوە، جوانیی جەستە و شێوە و ڕووخساریشیان بپارێزن، نەك جەستەیان بدەنە بەر چەقۆی نەشتەرگەری و تێكردنی پلاستیك.
هەوكە، ئەکتەر و بێژەر و پەیامنێر و ساڵۆنچی و فەرمانبەری کەرتەیلی تایبەتی و گشتی، هەموویان یەک بچمن. لەسەر شاشە و لە جادەش، لە هەموو شوێنێک یەک بچمی دووبارە و ناشیرین و بێتام دەبینی، هەرچی كیژی ئەو شارەیە وێك دەچن. لە هەموویشی قێزەونتر ئەوەیە، كاتێك كۆبوونەوەی ئەو ئافرەتە شێوە شێواوانە بە دەم قوملێدانی نێرگەلەوە لە کافتریاكان دەبینیت، دەڵێی كۆرسی پشت ئۆركێسترایەكی غەمگینن، بەهۆی فیلەر و بۆتۆكس و دەرمانی ژێر و سەر پێستیانەوە، هەموویان لەیەك دەچن و لە ڕووخساری كەسیشیاندا كەسایەتیی كیژەكی كوردەواری نابینییەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved