حەزێک بەردەوام دێتە دى
حەزێک بەردەوام دێتە دى

١
بێ ئەوەى کەس بزانێت، هەر یەکەمان لە ناخەوە شتێک ئەزیەتمان دەدا
هەیە زستانان بە بۆنى شێلمى سەر عەرەبانەیەک
کە کاتى خۆى بە ڕۆژە شیرینەکانى گەنجێتی، تاڵى شێلمەکانى لابردووە
هەیە، بە دیمەنى سینى پاقڵاوەى سەر سەرى منداڵێک، کە کاتى خۆى ئەویش لێى ڕژاوە و هەتاهەتایە یادەوەریى بۆ پاک ناکرێتەوە
هەیە بە بینینى عامودێک، کە کەس شعوورى ئەوەى نییە فەرمووى دانیشتنى لێ بکات
وەک چۆن جاران خۆى بەرامبەر دەرگەى دۆستەکەى دەوەستا و دەوەستا
من، لە منداڵییەوە بینینى خاکەناس ئەزیەتم دەدا
باوکم بیر دەکەوێتەوە کە لە باخى دەوڵەمەندەکاندا کرێکاریی دەکرد
ئەوسا بە دڵ حەزم دەکرد بمرم و ببمە خاکەناسێکى سووک
گەورە بووم و نەبوومە ئەو کەسەى دەمەوێ و تۆشم نەما،
ئیتر خۆشبەختانە حەزەکەم هاتە دى.

٢
باوکم کە لە گەرمای نیوەڕۆیاندا لە ئیش دەگەڕایەوە
لە دەرگەوە، لە نوقڵێکی ڕەنگاوڕەنگی گەورە دەچوو
لە خۆشییان خۆمان پێدا دەدا و لە حەوشە وردوخاشمان دەکرد..
دەبووە هەزار پارچەی بریسکەداری وەک شووشە،
بەڵام تاکە شووشە کە بتوانین بە پێخواسی کۆی کەینەوە.

٣
بۆ لەبیرکردنى لۆچەکانى
خوشکەکەم، هەمیشە بە جلى ئوتووکراوەوە
باوکمى دەناردە مزگەوت.

٤
فیتەرەکان، بە هەموویان ئۆتۆمۆبێلە کۆنەکەى باوکمیان بۆ چاک نەکرایەوە
شاگردێک دیار بوو حەزى لە کتێب بوو، گوتى:
حاجى گوێى مەدەیێ
لە هەورازى مێژووەوە بۆ دامێنى ئێستە، لە نەوەى پێش نەوەکەمانەوە
فرمێسک دەخەینە پاترییەکەوە و ئەم نیشتمانە پاڵ دەنێین
ئیش ناکا و ناکا.

٥
ڕۆژ نییە لەم گەردوونە کۆمەڵە خۆری دیکە نەدۆزنەوە
ئەى نەمدەگوت:
ئەو بەردە بچووکانەى لە پێڵاوى باوکمدا بوون کە لە کرێکارى دەگەڕایەوە،
ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبنە هەسارە؟


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved