پەنجاکانی سەتەی ڕابردوو، سەردەمێك بوو، وێنەگرەكانی شار بە پەنجەی دەست دەژمێردران، هەموویان لە چەند دوکان و ستۆدیۆیەك خەریكی وێنەی موعامەلات و بۆنە و ئاهەنگەکان بوون.
تەنها پیاوێکی باریکەلە نەبێت، كە کامێرایەکی لە مل بوو، وێنەی کەسایەتییەكان و كۆڵان بە كۆڵانی هەولێرێی دەگرت. سەتان وێنەی کۆنی هەولێر، بە کامێرای ئەو گیراون. وەک ئەوەی باس دەکرێت، یەکەم وێنەگری گەڕۆکی هەولێرێ بووە.
ئەبو سەباحی وێنەگر، ناوی محیەدین تاهیر عەبدولکەریم بوو، ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی وەرێی سەر بە بێتواتە لەدایک بووە. دوای قۆناغی منداڵی، ڕوو لە هەولێر دەکەن و لە گەڕەکی خانەقا نیشتەجێ دەبن.
بەهۆی سەختییەكانی ژیانەوە، نەچووەتە قوتابخانە، بەڵام ئەوە نەبووەتە ڕێگر لەوەی فێری خوێندنەوە و نووسین بێت. لە حوجرەی مزگەوتەکانەوە دەبێتە خوێندەوارێكی باش و تەنانەت یەکێک بووە لە خۆشنووسەکانی ڕۆژگاری خۆی.
ئەو كە وەك پیاوێكی ئێسکسووک و ڕۆحشیرین ناسرا بوو، جگە لە کوردی، زمانەكانی عەرەبی و تورکمانیشی بەباشی زانیوە. عاشقبوونی بە دەنگ و ڕەنگی سەباحی هونەرمەندی لوبنانی، وای کرد ناوی لێ بنێن ئەبو سەباح.
ساڵی ١٩٥٣ کاتێک ئەو خانمە بۆ فیستیڤاڵێک دێتە مووسڵ، ئەبو سەباح خۆی دەگەینیتە لای و چەند وێنەیەکی تایبەتیشی دەگرێت، باسی ئەوەی بۆ دەکەن کە لەبەر خۆشەویستیی تۆ ئەو نازناوەی لێ نراوە، سەباحی هونەرمەندیش، زۆری پێ خۆش دەبێت. تەنانەت بە فەرمی داوەتی دەکات بۆ لوبنان.
بە هۆی کەمدەرامەتییەوە، بە کۆمەکی هاوڕێکانی یارمەتی دەدرێت بچێتە لوبنان و دووبارە لەوێ بە سەباح شاد دەبێتەوە.
عاشقبوونی ئەبو سەباح بە سەباحی هونەرمەند، بە ڕادەیەک بووە، كاتێك لە سینەما حەمڕادا فیلمی سەباح نمایش دەکرا، چەند ڕۆژێک زووتر، ڕیکلامی نمایشی ئەو فیلمە بە ئەبو سەباح دەکرا. وێنەی کەڤەری فیلمەکەی لە پارچە تەختەیەک هەڵدەواسی و دەیگێڕا بە ناو شاردا، باسی دیمەنەکانی ناو فیلمەکەی بۆ خەڵک دەکرد تا حەز لە فیلمەکە بکەن و بێن بۆ دیتنی.
ئەبو سەباح، جێی متمانەی خەڵکی هەولێرێ بوو، لەلای سیاسییەکانی کوردیش خۆشەویست بووە، ئازاد بووە لەوەی وێنەی پێشمەرگە و سەرکردەکان بگرێت.
جارێک لەسەر وێنەگرتن، بەهۆی هەڵەی کەسێکەوە کێشە بۆ ئەبو سەباح دروست دەبێت، خەریك بوو دەستگیر بكرێت، بەڵام بە بڕیاری مەلا مستەفا بارزانی كێشەكەی بۆ چارەسەر دەكرێت و ئازاد دەبێت، بارزانی فەرمانیش دەکات كە هیچ کەسێك هەڵە بەرانبەر ئەبو سەباح نەكات.
ئەبو سەباح بە کوردێکی دڵسۆز ناسرا بوو، کوردبوونی تێکەڵ بە هونەرەکەی کردبوو. چەندین جار لە ژیانی فۆتۆگرافیدا، هەلی کار و پێگەی گەورەی دراوەتێ، بەهۆی ڕێگری نەتەوەیییەوە ڕەتی کردووەتەوە.
ئەو هونەرمەندە، پێنج جار دەبێتە یەکەمی سەر ئاستی عێراق لە پێشانگە و پێشبڕکێكانی فۆتۆگرافی. بۆیە داوای لێ دەکەن پۆست و پێگە لە كۆمەڵەی وێنەگرانی عێراق وەربگرێت، بۆ ئەوە پێویست بوو ببێتە ئەندامی حزبی بەعس، بەڵام ئەو پلە و پۆست و بەعسیبوونەکەی پێكەوە ڕەت كردەوە.
لە کۆتاییی چلەکان و سەرەتای پەنجاکانەوە، ئەرشیفی زۆربەی کەسایەتییەكان، شوێنەوارەكان، شوێنە ئاینی و مێژوویییەکانی هەولێرێی هەیە. تا دوای ڕاپەڕین بەردەوام دەبێت، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی شەڕی ناوخۆدا، وەک هەڵوێستێک بۆ پیشاندانی ناڕازیبوونی، چیی دی یەک وێنەش ناگرێت. بۆیە تا مردنی لە کۆتاییی نەوەتەکاندا، هیچ ئەرشیفێکی هەولێرێی نییە.
هەروەها لە کاتی کۆنگرەی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی هەولێر، سێ جار دەنگی یەکەم دێنێت و دەبێتە سەرۆکی کۆمەڵەكە.
ئەرشیفە زۆرەکەی ئەبو سەباح، شانازییەکی گەورەی بە فۆتۆگرافیی کوردی بەخشیوە. وێنەكانی لە ژماردن نایەن. زۆربەی وێنەی پێشمەرگە و سەرکردە سیاسییەکانی کورد، بەکامێرای ئەو گیراون. زۆرینەی بۆنە ئاینی و نەتەوەیییەکانی ئەرشیف کردوون. تاکە کەس بووە شێخ عەبدولکەریم ڕێی پێ داوە وێنەی بگرێت، ئەو كەسایەتییە ئاینییە، جگە لە وێنەکانی ئەبو سەباح، هیچ وێنەیەکی دیکەی نییە، بۆیە ئەگەر ئەو نەبا، بۆ هەمیشە شکڵ و شێوازی شێخ عەبدولکەریم، لە ناو وەسفی وشە و ڕستەدا دەمایەوە.
بە دەیان و سەتان وێنەی سەباحی هونەرمەندی گرتووە لە عێراق و میسر و لوبنان، کە لە دوای مردنی هەردووکیشیان هەر بە نەبینراوی ماونەتەوە.
جگە لە سەتان وێنەی قەڵات و ناو بازاڕەکانی هەولێر و باخچە و بۆنە تایبەتەکان، سەتان فیلمی هەیە لە وێنەی ئەکتەر و شانۆکار و هونەرمەندانی هەولێرێ.
ئەگەرچی ئەبو سەباح خاوەن ئەرشیفێکی گەورەیە، بەڵام شانازییە گەورەكەی، وێنەکانی هونەرمەند حەسەن زیرەک بوون، كە دۆستایەتییەکی پتەویان لە نێواندا بوو، بۆیە کاتێک سەیری وێنەکانی حەسەن زیرەک دەکەی، شێوازی وەستانی لە وێنەکان، بزە و زەوق و شەوقی، ئەوەت بۆ دەردەخەن چەندە مەیلی تەبا بووە لەگەڵ ئەبو سەباح.
زیرەک، تاکە منداڵی ئەبو سەباحە، کە ڕێچکەی باوکی گرتووە و خەریکی فۆتۆگرافییە. ئەو سەرەتا ناوی ئەحمەد بووە، بەڵام لەسەر داوای حەسەن زیرەك، ئەبو سەباح ناوی گۆڕیوە، ئەو كوڕە سەبارەت بە ئەرشیفە بڵاونەکراوەکانی باوکی دەڵێت ”ئەو شتانەی ڕێی تێ دەچێ وردە وردە بڵاومان کردووەتەوە لە وێنە و ڤیدیۆ و کاسێتی دەنگی. بەڵام هەندێک شت، کە بە تایبەت وەسیەتی کردووە، هەڵمان گرتووە و تا ئێستە نەبینراون“.
ساڵی ١٩٩٩ بەهۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری دەخەوێندرێت، پزیشكەكان گرینگیی زۆری پێ دەدەن، فەرەنسۆ هەریری پارێزگاری ئەودەمی هەولێرێ، داوا دەکات هەرچی هەوڵە بدرێت تا ئەبو سەباح هەستێتەوە سەرپێ، بەڵام شەوێكی درەنگی هەمان ساڵ، ئەو چاوانەی مێژووی هەولێرێی پاراست، بۆ هەمیشە داخران و گیانی سپارد.