یادگارییەكانی زورگەباد و مەزارگەی مێرەمەدیان
یادگارییەكانی زورگەباد و مەزارگەی مێرەمەدیان

ژنێكی ٦٥ ساڵەی ماندوونەناس، لەگەڵ مێردە ٧٠ ساڵیەكەیدا، لە گوندی زورگەباد دەژیا، مەڕ و بزنێكی زۆریان هەبوو، بەرهەمی ڕەنجی خۆیان لە ماست و پەنیر و بەروبوومی مەڕوماڵات دەبردە هەولێر، لە باژێڕی تەیراوە دەیدا بە دوكانداران تا بیفرۆشن، ئەو ژنە هەموو ڕۆژێ مەنجەڵەكانی ڕۆژی پێشی كۆ دەكردەوە و مەنجەڵی پڕی نوێی لە گوندەوە دەهێنا شاری، بە پارەكەی كەلوپەل و پێداویستی و خواردنی دەكڕی. جار جارە لە ماڵی كچێكیدا لە هەولێر كە شووی كردبوو، پشووی دەدا و دەگەڕایەوە زورگەباد، پێداویستییەكانی بۆ ماڵی خۆی و ژنی دووەمی مێردەكەی بە یەكسانی دەبەشییەوە و پارە زیادەكەشی دەدا بە مێردی.
پاش ئەوەی مێردەكەی دەمرێت، ماڵی هەردوو ژنەكە لێكدی جیا دەبنەوە، مەڕوماڵات و ماڵ بەسەر دوودا بەش دەكەن.
ئەو ژنە زەحمەتكێشە داپیرەم بوو، ڕۆژانە لەسەر پشتی وڵاغ بەرەو زیارەت و هەولێر دەهات و دوایێش بۆ زورگەباد دەگەڕایەوە. هەندێك جار لە هەولێرەوە منی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ گوند و كە دەگەڕایەوە بۆ هەولێر، منی دەهێنایەوە.
ئەوەی لەو گوندە زۆری سەرنج ڕاكێشا بووم، كاتی گەڕانەوەی مەڕ و بزنەكان بوو لە دەشت و لەوەڕگەكان، بە توندی ڕایان دەكردە سەر كۆلی ئاو، پاشان دۆشینی مەڕ و بزنەكان، ئینجا بەردانی بەرخ و كارەكانی ژوورەوە بۆ لای دایكیان. هەروەها دیمەنی دەرهێنانی ئاو لەناو بیر بۆ من لە بیر نەكراوە، گوندەكە یەك بیری هەبوو، هەر ماڵێك بۆ خۆی ئاوی دەردەهێنا، وڵاغ و گوێدرێژی خۆیان بەكار دێنا. منیش سواری سەر پشتی وڵاغەكە دەبووم، دێمكە دەخرایە ناو بیرەكە، وڵاغ بۆ خۆی دەڕۆیشت تا شوێنی گەڕانەوە و هاتنە دەرەوەی ئاو دەگەڕایەوە، بێ ئەوەی كەسێك پێی بڵێت بە كارەكەی ڕاهاتبوو.
داپیرەم ئەمنی لە پێش خۆیەوە سواری وڵاغەكە دەكرد، تێڕكە ماست و پەنیرەكان لەملا و لەولای وڵاغەكە بوون، وەكی بەرەو هەولێر بەڕێ دەكەوتین، لە ڕێگەدا وێستگەی هەرە گرینگ و پیرۆزمان مەرقەدی مێرت مریەم (مێرەمەدیان) بوو لە ڕۆژئاوای عەنكاوە. لەوێندەرێ دادەبەزین بۆ زیارەت و وەرگرتنی بەرەكەت، لەم شوێنە دێرینەدا كە مێژووەكەی بۆ سەتان ساڵ پێشی دەگەڕاوە.
لەو سەردەمەدا، ئاین و پیرۆزیی شوێنەكان، تەنها بۆ پەرستش نەبوون، بەڵكو وێستگەیەك بوون بۆ ئارامبوونەوە و حەسانەوەی ماندووێتیی ڕێگەی دوور و نزاكردن.
دیمەنێكی دیكەی ئەو ڕێگەیە، تێپەڕینمان بوو بە تەنیشت سەربازگەی باكوری هەولێرێ. داپیرەم بۆ ئەوەی سەرنجی سەربازەكان ڕانەكێشێ و بەسەلامەتی تێپەڕین، قولابەیەكی لە بەرۆكی خۆی دابوو، دەری دەهێنا و دەرزی لە ملی وڵاغەكە دەدا، ئەویش وەك ئەوەی لەو ئاماژەیە تێ بگات، هەنگاوەكانی خێرا دەكرد.
گێڕانەوە مێژوویییەكان ئەوە ڕەت دەكەنەوە مەزارگەكە گۆڕی مریەمی عەزرا بێت، وەك هەندێك باسی دەكەن، بەڵكو مەزاری كچە میر و پادشایەكی ناوچەكەیە و دەگێڕنەوە گوایە خاتوونێكی كریستیانی پاكیزە یان كچی یەكێك لە میر و پاشاكانی ناوچەكە بووە لە سەتەكانی ڕابردوودا كە بە هۆی پارێزگاری لە ئاینەكەی یان پاكداوێنییەكەیەوە لەوێ نێژراوە.
گۆڕی مریەم بە تێپەڕبوونی كات بە هۆی پیرۆزیی ناوەكەیەوە گۆڕاوە بۆ مەرقەدی مریەم و وەك شوێنێكی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵ كراوە.
پێگەی جوگرافیی مەرقەدی مێرەم دەكەوێتە سەر گردێك پێی دەگوترێت گردی مەرقەد كە لە ڕووی شوێنەوارییەوە گرینگیی زۆری هەیە، چونكە پاشماوەی چەندین سەردەمی جیاوازی تێدایە و نیشانەی ئەوەیە عەنكاوە و دەوروبەری ناوچەیەكی زۆر كۆنی نیشتەجێبوون بوون.
گۆڕەكەی ڕۆژئاوای عەنكاوە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە تایبەتمەندییەكی سەیری هەبووە، جاران خەڵكی عەنكاوە بە تایبەتی ئافرەتان، كاتێك منداڵیان نەدەبوو یان نەخۆشێكیان هەبووایە، دەچوونە سەر ئەو گۆڕە و بەردیان بە دیوارەكەیدا هەڵدەواسی یان مۆمیان لێ دادەگیرساند، موسوڵمانەكانیش ڕێزێكی زۆریان بۆ ئەو شوێنە هەبووە و بە پیرۆزیان زانیوە.
گردی مەرقەد، مێژوو و سەردەمەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاشوورییەكان، دواتریش لە سەردەمی ساسانی و ئیسلامیشدا دەمێنێتەوە، شوێنەكە لە سەتەی چوارەم یان پێنجەمی زاینی پەرستگەیەكی بچووك بووە. لە سەتەكانی ناوەڕاستیشدا ئەم مەزارگەیە وەك نیشانەیەك بۆ سنووری ڕۆژئاوای عەنكاوە پارێزەری شارۆچكەكە سەیر كراوە.
چیڕۆكە فۆلكلۆرییەكان و ئەوەی بەساڵاچووانی عەنكاوە دەیگێڕنەوە، بابەتی سەرنجڕاكێشیان تێدایە، لەوانە دەگوترێت گۆڕەكە هی كچە پاشایەكی جوان و لە خواترس بووە، كاتێك دوژمن هێرشی كردووەتە سەر ناوچەكە، ئەم كچە بۆ پاراستنی شەڕەف و ئاینەكەی نزا دەكات كە زەوی قووتی بدات و تەسلیمی دوژمن نەبێت، دەڵێن زەوییەكە شەق بووە و چووەتە خوارەوە، دواتر مەزارگەی لەسەر دروست كراوە. پیرەژنەكانی عەنكاوە ئەوەش دەگێڕنەوە جاران كارەبا نەبووە، لە شەوانی هەینیدا ڕووناكییەكی سەیر لەسەر ئەم گردە بینراوە، ئەمەش وای كردووە زیاتر وەك شوێنێكی پیرۆز سەیری بكەن.
هەروەها جاران ئافرەتان كە منداڵیان نەدەبوو، دەچوونە ئەوێ، پارچە قوماشیان لەسەر گۆڕەكە دادەنا و بەردیان لە كێلەكە دەدا، ئەگەر بیگرتایە، هیوا و ئاواتەكان دەهاتنە دی.
جگە لە كریستیانەكان، خەڵكی گوندە موسوڵمانەكانی دەوروبەریش كاتێك تووشی كێشەیەك دەبوون یان ئاژەڵەكانیان نەخۆش دەكەوتن، چوونەتە سەر ئەم مەزارگەیە و گوتوویانە ”یا مریەمی عەنكاوە، دەستمان بگرە و بە هانامان وەرە“، ئەمەش نیشانی دەدات كە ئەم شوێنە هێمایەكی مرۆیی و ڕۆحی بووە بۆ هەمووان.
هەرچەند ئێستە گوندی زورگەباد ڕووخاوە، داپیرە و باپیرەم كۆچیان كردووە، بەڵام یادی نزا و زیارەتی مەزارگەی مێرەمەدیان، ماستە پاكەكەی ناو تێڕكەكان و دەنگی سمكۆڵی وڵاغەكە لە گوێمدا دەزرینگێنەوە.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved