زێڕنگر و زیوچییە کۆنەکان
زێڕنگر و زیوچییە کۆنەکان


سەعید سلێمان بۆکر ناسراو بە وەستا سەعید ڕواندزی (١٩٠٤-١٩٨٤)، دوكانەكەی لەناو بازاڕى هەولێرێ بوو، لە کۆڵانى زێڕنگرە كۆنەكان، شەش کوڕى هەبوو بە ناوى شاکر، خەلیل، جەلیل، یاسین، محەمەد و سلێمان، هەموویان پیشەى زێڕنگرایەتییان کردووە، دوو براشى هەبوو بە ناوى وەستا فەتاح زێڕنگر و عوسمان كە ئەفسەر بووە و لە شەڕى فەڵەستین كوژراوە، باوکى خەزنەدارى پاشاى گەورە بووە لە ڕواندز.
وەستا سەعید لە تەمەنى گەنجییەوە پیشەى زێڕنگریی کردووە و لە سەردەمى جەنگى جیهانیدا هاتووەتە هەولێر و لە ناو زێڕنگران دوکانى داناوە، یەکێک بووە لە زێڕنگرە کۆنەکان، لە کاتى کەمیی فرۆشتنى زێڕیشدا، زیوچییاتى کردووە، هەروەها کڕین و فرۆشتنى سەبیکەى زێڕیشى کردووە کە بە زۆرى لە وڵاتانى کوێت و سعودیەوە دەهێنران، بە تایبەتى لەو كاتانەی حاجی دەچوونە سعودیە و لەگەڵ خۆیاندا زێڕیان دەهێنایەوە، هەروەها گرینگیی زۆریشی بەدروستکردنى کڵاوى زێڕ و زیو و گەردانەى ڕواندزى و گوارەى چوارگۆ و خڕخاڵ و بەرهەمە جوانکارییەکانى دیكە داوە.
لە كۆنەوە، پیشەی زێڕنگری تەرخان بوو بۆ بۆنەكانی هاوسەرگیرى، خەڵك خشڵ و زێڕ و زیویان لە ڕێگەی ئەو پیشەوەرانە دەست کەوتووە.
زێڕنگر و زیوچییەکان لە هەولێرێ وەکو ئێستە ژمارەیان زۆر نەبوو، کەسانێکى دیار پیشەى زێڕنگرایەتییان دەکرد کە ژمارەیان لە ٢٥ دوکانى زێڕنگرى زیاتر نەبوو، وەک وەستا حاجى شەریف دوکانى لە ناو کوورتاندرووان بوو، حاجى بەکر زێڕنگر و هەرسێ کوڕەکەى حاجى سدیق، حاجى سڵاح و حوسامەدین، هەروەها چوار برا بە ناوەكانی عەلى، وەلى، فەرهاد و فواد لە یەک دوکاندا زێڕنگرییان دەکرد، بەرامبەر دوکانى پیرباڵ قەسابی باوكم بوو، لە تەنیشت چایخانەى مام پیرۆ، هەروەها وەستا حسێن مەلا و موحسین مەلا و حەمە درێژ و مام یەڵدا و زوورە و حاجى محەمەد سەفاڕ و ئەحمەد سەفاڕى کوڕى و جەبار سەبی و سوڵتان زێڕنگر و حاجى محەمەد باوکى کاک تەحسین و خەلیفە مەحموود و وەستا هاشم حاجى جەمیل و حاجى فازیڵی کوڕى وەستا شەریف و زەکى پاکستانی.
ئەو کەلوپەل و ئامێرانەى لەلایەن وەستا و کارمەندانى زیوچى و زێڕنگرەکان بەکار دەهاتن بریتی بوون لە بوورى بۆ فووکردنى ئاگر بۆ لەحیمکردن و گەرمکردن، چفتە بۆ هەڵگرتن و دانانى لەحیم لەسەر پارچەکان، چەکوشى گەورە و بچووک بۆ لێدان، کوورەى تاواندنەوەى زێڕ، كە پێکهاتبوو لە کوورەیەک و دەففە و هەمبانە بۆ لێدانى هەوا لە ئاگرەکە، بۆتە كە زێڕ و زیوی لە ناوی دەکرا و لە ناو ئاگرەکە دادەنرا بۆ تاواندنەوەى، لە دوایییەکاندا ئامێرى کارەبایى دەرکەوت بۆ ئەوەى قالبی زێڕە تواوەکە شێوەکەى بگۆڕدرێت بۆ تێلى قەبارەى جیاواز، دار بازنیش تایبەت بوو بۆ پێوانە و ڕاستکردنەوەى بازن، بلوورى ئاسنیش بۆ ئەنگوستیلە و بازنەى بچووک بۆ دیارکردن و دانانى پێوانە و قەبارەى پەنجە، هەروەها سومبەى جۆراوجۆر بۆ کونکردن و نەخشاندن، ئەزبێستیش زێڕ و زیویان لەسەر دادەنا لە کاتى ئیشکردن و لەحیمکردن، بوورەش لە کاتى گەرمکردن و تاواندنەوەى لەحیم بەكار دەهات، پەرداخی گیراوە و تێکەڵەیەکى نەوشادر و شوورەیە بۆ زەردکردنى زێڕ بە گەرمکردن لەناویدا بەكاری دەهات، فڵچە و ئەللەگەنى و هەندێک ڕیتەیان لەناو ئاو دەکرد، دەبوو بەکەف بۆ شوشتن و پاککردنەوەى کۆتاییی بەرهەمەکە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved