دکتۆر سامیە چاوشلی تاكە مەشخەڵی سەردەمی خۆی
دکتۆر سامیە چاوشلی تاكە مەشخەڵی سەردەمی خۆی

كولتووری ئێمە لەنێو گەلانی بەری ڕۆژئاوای كەرتەی ئاسیا (ئەوروپاییەكان نێوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان لێناوە) برێتییە لە داوونەریتێك، كە ئافرەت بۆ خۆی نەژی، بەڵكو بۆ دەوروبەری بژی، ئەگەرچی لەم ساڵانەی هەرە دواییدا پێڕەوكردنی كولتووری من لای هێندێك ژنانی هۆشیار خەریكە جێگەی كولتووری ئێمە بگرێتەوە، بەڵام هێژ لەنێو جڤاكدا كولتووری ئێمە بەسەر كولتووری مندا زاڵە.
دكتۆر سامیە شاكر سادق «مەشخەڵ» (1939؟ هەولێر - 6/ 5/ 2026 بەرلین) لە زۆربەی ساڵانی تەمەنیدا بۆ خۆی نەژیا، بەڵكو هەر بۆ دەوروەبەر و ئەو بیروباوەڕە ژیا، كە كردبووی بە بەرنامەی ڕۆژانەی ژیانی تایبەتی خۆی، بۆیە دكتۆر سامیە، تا نیو سەدەیەك زۆر هەستی بە بەختەوەری دەكرد، لە پێڕەوەكردنی بەرنامەی بەخشندەیی، هاوكاری و ڕێنوێنی كەسانی دیكە، كەچی لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵیدا ئەم ڕێچكەیە بشكێنێت، بەڵام بۆی نەلوا، بۆیە زۆر كەسانی مینای ئەو لە كۆتایی تەمەنیاندا هەست بە نائومێدیێك دەكەن و بەدڵشكاوی بەجێمان دەهێڵن.
مەشخەڵ نێوی بەخۆیەوە بوو، چونكە وێنەیەكی گەش، باوەڕبەخۆ، هۆشیار و پێشەنگی سەردەمی خۆی بوو، بە بێ پاڵپشتیكردن خۆی پێگەیاندبوو، هەروەك لە بیرەوەرییەكانیدا هێمای بۆ كردووە و نووسیویەتی:
«... بە حەز و ئارەزوو خواستی خۆم كەوتیمە بەر چەقی تێكۆشانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕامیاری، نەك بەهۆی پاڵپشت و هاندانی خزم و كەسان، حەز و ئارەزووەك بۆ فێربوون و خوێندن، شەونخونیم دەكرد، هەتا كتێبێكم دەخوێندەوە و تێكۆشانم دەكرد، تا ئەو كتێبەم پەیدادەكرد و هەتا خۆم ئاشنا بووم بە بیروباوەڕی سۆسیالیستی، نەك كەسێك یارمەتی دابم بەوەی، كە ڕێگا تێكۆشانە بۆ یەكسانی مرۆڤ و پاڵپشتی ڕەنجبەران و نەهێشتنی زۆرداری یەكسانی نێوان پیاو و ئافرەت و...»بۆ زانیاری زێتر بڕوانە: «سێ بێ، بەستەپیازە، بەخدا و بەرلین، ل. 63»

پێوەندی نێوان د. سامیە و ئێمەی ماڵی كیژان
من و خوشكەكانم بەڕێگەی گیوی باوكمانەوە ئاشنایەتیمان لەگەڵ د. سامیە پەیداكرد و لە نێزیكەوە ناسیمان. د. سامیە و مامۆستا ساكینە سلێمانی هاوبیری، كە سەردانیان دەكردین، باوكم ڕێزێكی تایبەتی لێدەنان و بەڕادەیەك بایەخی بەو دوو ئافرەتە هەڵكەوتووەی قەڵاتی هەولێرێ دەدا، ڕێگەی پێدان، كە ئەوان نێوێكی كوردی لە برایەكم بنێن، ئەوانیش نێوی (ئازاد و ڕزگار) یان پێشنیازكردبوو، باوكیشم نێوی ئازادی هەڵبژاردبوو، ئەمە لە كاتێكدا باوكم بیستبای خێزانێك منداڵێكیان هاتۆتەدنیا، خێرا بەچەند جۆرە شیرینییەك ڕووی تێدەكردن و وانەیەكی تایبەتی لەبارەی گرنگی نێونانی منداڵەكانیان بەنێوێكی كوردی پێشكێشدەكردن.
لە سەرەتای هاوینی ساڵی 1963 دا حەرەس قەومییەكانی سەر بە حزبی بەعس مافی ئەوەیان بەخۆیان دابوو، هەركەسێكی لەگەڵیاندا نەبێت، بەئارەزووی خۆیان ئازاری بدەن و دڕندانە مامەلەیان لەگەڵدا بكەن، لە ئەنجامدا هەزاران ژن و پیاوی كوردیان دووچاری گرتووخانە كرد، ژمارەی گیراوەكان بەڕادەیەك زۆر بوون، چەند قوتابخانەیەكی هەولێریان كران بە بەندیخانە.
باوكم لە گرتووخانەوە نامەیەكی بۆ ناردین تێیدا نووسیبووی، هەروەكوو پێشتر ڕامسپاردبوون، كە هەر چ كچێكی ڕوو لە ماڵمان بكات ڕایبگرن. هەڵبەت ئەمە ڕێككەوتنی نێوان باوكم و بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و دكتۆر سامیە هەروا بنەماڵەی حەیدەرێكان بوو، كە زۆربەیان لەگەڵ باوكم لە بەندیخانەدا بوون.
ماڵمان ئاوەدانتربوو بە كیژان، چەند قوتابییەكی شارانی دهۆك، كەركوك و سلێمانی، كە لە شاری هەولێر دەیانخوێند ڕوویان لە ماڵمان كرد و هاوینەكەی لامان مانەوە. قوتابییەكان ئەندام، یان هەوادارانی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی عیراقی بوون، قوتابییەكی شاری سلێمانی دەنگی زۆر خۆش بوو، هەر گۆرانی دیدەم زارا گیان و هۆنراوەی مام هەژاری، كە دەڵێت: بەكوردی دەژیم بە كوردی دەمرم، بەكوردی دەدەم وەڵامی قەبرم، بۆ دەگوتین.

د. سامیە و بەرهەمی بیری چاپكراو
نۆبەرەی بەرهەمی بیری د. سامیە دیوانێكی شیعری بوو بەنێوی «بیری چەسپاو 1973» كە باوكم دوای یارمەتیدانێكی ماكی و میناكی باش لە چاپخانەكەی خۆی بۆی چاپكرد.
ئەم دیوانە بە یەكەمین بەرهەمی بیری چاپكراوی ئافرەتی كوردی شاری هەولێر دەژمێردرێت و بە پێنجەمین پەرتووكیش لەسەر ئاستی باشووری كوردستان*. مەشخەڵ چەند بەرهەمێكی دیكەشی بە زمانانی كوردی و ئەڵمانی پێشكێش بە كتێبخانەی كوردی كردووە، لەوانە: دیوانی بەهرەی دووری، لایبزگ 1986
سێ بێ – بەستەپیازە – بەغدا – بەرلین، هەولێر 2019

د. سامیە و بواری خوێندن و پەروەردە
كچێكی كورد 87 ساڵێك لەمەوبەر لە هەولێری دێرین بەپێچەوانەی زۆربەی هەرەزۆری ئافرەتانی سەردەمی خۆی بایەخی بە پێگەیاندنی خۆی دا و خوێندنی لە شەقڵاوە، هەولێر و بەخدا تەواوكرد لە شاری شەقڵاوە بە مامۆستای سەرەتایی دامەزرا و دواتر ڕاژەكەی خۆی گواستەوە بۆ هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەیەكی پێ سپێردرا و سەركەوتنی بەدەستهێنا.
لە تاراوگەی دوورە وڵات بەردەوامی بە خۆپێگەیاندن دا، بڕوانامەی دكتۆرای لە كۆمەڵناسی بەدەستهێنا و لە زانكۆی لایبزگ دامەزرا.

د. سامیە چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی
د. سامیە لە ڕچەشكێنی هەر بەوە نەوەستا، كە پەروەردكارێكی سەردەمانە بێت و خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆی بێت، بەڵكوو بوو بە چالاكوانێكی دیار و كارای كۆمەڵگەی مەدەنی، ژیانی خۆی تەرخانكرد بۆ تێكۆشان دژی سەرمایەداری، بە مەبەستی بەدەستهێنانی یەكسانی و دادپەروەری، لەوانە:
- لەسەردەمی پاشایەتیدا بوو بە ئەندامی حزبی شیوعی عیراقی و دواتر حزبی شیوعی كوردستان.
- لەدوای شۆڕشی 14 ی گەلاوێژی ساڵی 1958 دا بوو بە ئەندامێكی كارای رابطة المرأة العراقیة.
- لەگەڵ دامەزراندنی یەكێتی نووسەراندا كرا بە ئەندام.
- لەدوای هەرەسهێنانی شۆڕشی كورد و ڕێككەوتنی حزبی شیوعی لەگەڵ حزبی بەعسدا، بەنێوی حزبی شیوعی بۆ ماوەی سێ ساڵ پلەی ئەندامێتی ئەنجومەنی یاسادانانی پێسپێردرا.
- لە ئەڵمانیادا خۆبەخشانە لە چەند ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی ڕێنوێنی ئەو پەنابەرانەی كردووە، كە ڕوویان لە ئەڵمانیا دەكرد.

باژی سەربەخۆیی
ئەو ئازادییەی د. سامیە بەخۆی بەخشیبوو، لە عیراقێكی دژ بە ئازادی، باژی گرانبوو، دووچاری ژیانی دوورە وڵات بوو، ئەو وڵاتەی لە خۆی خۆشتر دەویست، بەڵام لەوێش بە ئاسوودەیی نەژیا ڕووبەڕووی ململانێی نێو حزبەكەی خۆی بوو، لەپاڵ ئەوانەشدا هەر ڕۆژەی كێشەیەك ڕووی تێدەكرد. باژی سەربەخۆێكەی هەر بەسەر ئەودا نەشكاوە، بەڵكو خێزانەكەشی گرتەوە، بەتایبەتی دایكی و مامۆستا نەسرینی خوشكی، بەوەی ماوەیەك زیندانی كران و لە كوردستان دوورخرانەوە و ڕەوانەی ئەسكەندەرییەی خوارووی بەخدا كران، دایكی شیرینی هەر لەوێ چووە بەر دلوڤانی خودێ. ئەم ڕووداوە بوو بە گرێیەك لەسەر دڵی د. سامیە و هەر لەگەڵیدا دەژیا و دەیگوت: داكم لەبەر من دوورخرایەوە و لە ئاوارەییدا بەبێكەسی سەری نایەوە.
مامۆستا نەسرین - خوشكی د. سامیە هەتا لە هەولێر بووم، زوو زوو سەردانی دەكردم و هوردە خەمی خۆی بە ئاسوودەیی لەلام هەڵدەڕشت. ئەو كاتەش، كە لە مۆسكۆ دەمخوێند، ئەویش ڕووی لە مۆسكۆ كرد بۆ خوێندن. نەسرین لە مۆسكۆ ژیانی خێزانی لەگەڵ قوتابێكی عەرەب پێكهێنا، كە نێوی سەعد بوو. د. عیزەددین مستەفا ڕەسوولیش ئەوكات بۆ وەرگرتنی پلەی زانستی دكتۆر ناووكی لە مۆسكۆ بوو، نێوی سەعدی گۆڕی بە بەختیار و گوتی تازە ئەو عەرەبەمان كرد بە كورد. بە هەرچ ڕێگەیەك بوو، ئێمەی كچانی كورد، جلوبەرگ و پێداویستی ڕۆژی بووكێنیمان بۆ نەسرین ئامادەكرد و مەلایەكمان دۆزییەوە لە مزگەوتێكی مۆسكۆدا مارەیانی بڕی، ئەوەی هەرگیز لەبیری ناكەم، نەسرین لە ڕۆژی بووكێنی خۆیدا گۆرانی بۆ خۆی دەگوت، كە دەربڕی ڕادەی بێسنوری وابەستبوونی بە خاكەوە بوو. گۆرانییەكە بە زمانی توركمانی بوو، كە دەڵێت:
قەلعانن دبندا بیـر دەش ئۆڵایدم
جەلەنە جێدەنە یۆڵداش ئۆڵایدم
كەسایەتێكی وەكوو د. سامیە مەشخەڵ، لەنێو جڤاكێكی داخراودا، ڕەگەزی مێ بێت، كورد بێت، شائیر بێـت، ئەندامی حزبێكی ڕێگە پێنەدراوبێت و...، ژیرانە ئەم هەموو لەمپەڕانەی ڕاهیكردبێت، هەر شایەنی ئەوەیە پەیكەرێكی ئەوەندەی مەزنی هەبوونی خۆی بۆ سازبكرێت، خوێندنگەیەكی بەنێوبكرێت، ببێت بە بابەتی نامەی ماجستێر و تێزی دكتۆرا.
هەر ڕەوان شاد بیت، ئەی سوارچاكی كۆكەرەوەی پارچەشكاوەكانی ئاوێنەی خۆزگە و خەونەكانت، كە زۆربەیان نەهاتنەدی، ئەی خۆڕاگرەكەی نێو تەمتومانی دنیای تەنیایی، ئەی كچە سەركەش و یاخیبووە بێنازەكەی قەراتی هەولێرێ، لەبیرت ناكەین هەر لە یادمانیت.
_______________
ئەم چوار بەرهەمەی سێ ژنی كورد پێش دیوانەكەی د. سامیە چاوشلی چاپكراون:
1. د. پاكیزە رەفیق حلمی، كورد – ژیانێكی پڕ ئەندێشە، بەخدا 1961
2. خورشیدە بابان، دیاری و یادگار، سلێمانی 1969
3. خورشیدە بابان، تیشك، 1970
4. ئەرخەوان، خۆشەویست، سلێمانی 1972
هەولێر 6/7/2026


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved