هەر باسی قەیسەریی کۆیە بكرێت، بۆنی چا و دەنگی چەکوشی زێڕینگرانت دێتەوە یاد، لەگەڵ دیمەنی پیاوێک بە سەبەتەیەکی پڕ لە بنێشتی کوردییەوە كە بەردەوام لە بەردەرگەی قەیسەری دانیشتووە.
جەعفەر سەردۆڵی كە زیاتر بە مام جەعفەری بنێشتفرۆش بانگ دەكرێت. ماوەیەكە بەهۆی تەمەن و بێتاقەتییەوە، لەناو قەرەباڵغیی قەیسەری نابیندرێت، بەڵام هێشتا لە ماڵەکەیدا بۆنی بنێشت دێت.
مام جەعفەر، لەدایكبووی ١٩٥٤ی گوندی سەردۆڵەی کۆیەیە، كە باسی ژیانی بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە، هەمووی ڕەنج و ماندووبوونی بێ حەسانەوەیە، لە کرێکاریی ڕۆژانەوە بە شەش حەفت درهەم دەستی پێ كردووە، تا گەیشتووەتە سەبەتەی بنێشتی كوردی، كە پیشەی جارانی باوک و باپیری بووە و لە منداڵیدا لەناو چیاکان فێری بووبوو.
ئەو پیاوە ٣٠ ساڵ زیاترە سەرقاڵی دروستكردنی بنێشتی کوردییە و سەرەتای فێربوونی ئەو پیشەیە بۆ منداڵیی خۆی دەگێڕێتەوە ”چلەی هاوینان لە گوندی سەردۆرەوە ڕوومان لە چیای دەکرد، گۆلی گچكە گچكەمان بە قوڕی لە قەدی دار بنێشتان دروست دەکرد، دارەکەمان قیچەك بریندار دەکرد هەتا بنێشتەکە بێتە خوارێ و بچتە گۆلەكان، دوایێ تاڵەبنێشتەکەمان لەناو تەنەکەی خڕ دەکردەوە“.
باس لەوەش دەكات كە جاران خەڵک گاڵتەیان بەم کارەیان دەکرد، بەڵام لە ڕۆژانی سەختی و گرانیدا، بووبووە سەرچاوەی بژێویی زۆر کەس.
دوای كۆكردنەوەی تاڵەبنێشت، قۆناغە سەختەكە دەست پێ دەكات كە کوڵاندن و ئامادەکردنی بنێشتەکەیە، مام جەعفەر دەڵێت پێویستی بە وریایییەکی زۆر هەیە. ئەو بەردەوام بە هاوكاریی خێزانەکەی ئەو كارەی كردووە، كە ئاوی گەرمی بۆ ئامادە دەکرد و بنێشتەکەی دەپێوا، دواتر پانی دەکردەوە و دەیکردە ناو زەرفەوە.
سەرەتا پیاوە بنێشتفرۆشەكە، بە سەبەتەیەکەوە کۆڵان بە کۆڵانی کۆیە دەگەڕا، بنێشتی بە درهەم و ڕوبعێك دەفرۆشت، بەڵام وەكی کۆیە گەورە بوو، کامەرانی سەعاتچی شوێنێکی لە بەردەم دوکانەکەی لەناو قەیسەری بۆ دابین کرد، کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بووە جێی نەگۆڕی مام جەعفەر.
بنێشتەكە بە خاوێنییەكەی دەناسرێتەوە و دەڵێت لە ژیانیدا چاوی لەوە نەبووە فێڵ لە بەرهەمەكەیدا بكات و هیچ شتێك تێكەڵی بنێشتەكە بكات، ئەمەش وای کردووە بنێشتی مام جەعفەر زۆر جار وەك دەرمان بۆ نەخۆشییەکانی کۆڵۆن، گەدە و ڕیخۆڵە بەكار بهێندرێت. شانازیش بەوە دەكات كە خەڵكانێك هەبوون بنێشتەکەیان بە دیاری بۆ كەسوكاریان لە ئەوروپا و ئەمریکا ناردووە.
ئێستە، چوار ساڵە مام جەعفەر نەچووەتە دەرەوە، بەڵام بە هاوکاریی خێزانەکەی، بەرهەمەكەی بەردەوامە، بنێشتەکەی بۆ ئامادە دەکرێت و دەدرێتە پیاوێک تا لە بازاڕ بیفرۆشێت، بۆیە هێشتا بۆنی دارەبەنەکان بە زیندوویی ماوەتەوە.

