هەولێر دەبێتە 178 گەڕەك
هەولێر دەبێتە 178 گەڕەك

هەولێر، کە تا ئەم دوایییانەش، گەڕەکەکانی تەنها لە دەوری قەڵات کۆ بووبوونەوە، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا سنوورەکانی بەخێرایییەکی بێوێنە بەرەو دەشت و گردەکان پەلیان هاویشت. ئەم بازدانە گەورەیە بەهۆی تەوژمی خێرای وەبەرهێنان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی نیشتەجێبوونەوە بوو، كە وای کرد ماستەرپلانی شارەکە بۆ دووەم جار هەموار بکرێتەوە، تا ببێتە گەواهیی ئەوەی هەولێر لە كۆنە شارێکەوە، پایتەختێکی مۆدێرنی ئابووریی لەسەر ئاستی ناوچەکە لێ چێ بیت.
یەکێک لە دیارترین ڕەهەندەکانی فراوانبوونەكە، لە هەڵکشانی ژمارەی گەڕەکەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کاتێکدا سنووری شارەوانیی هەولێر لە ٢٠٠٨دا تەنیا ٦٨ گەڕەکی لە خۆ دەگرت، ئێستە ئەم ژمارەیە بۆ ١٣٨ گەڕەک بەرز بووەتەوە.
ئەمەش لە ماستەرپلانی ٢٠٢٦دا، کە بەهاوکاریی ڕێکخراوی «جایکا»ی ژاپۆنی نەخش كراوە، ئاسۆیەکی فراوانتر دەپێکێت، بە جۆرێک لە قۆناغی یەکەمدا و بە درێژکردنەوەی سنووری شارەوانی تا شەقامی ١٥٠ مەتری، ژمارەی گەڕەکەکان دەگاتە ١٧٨ گەڕەک.
هەندێک لەو گەڕەکانە بۆ چەند یەکەیەکی بچووکتر دابەش کراون وەک گەڕەکی جیا ناو دەبرێن، بەڵام لەسەر نەخشە وەک یەک گەڕەک هەژمار دەکرێن. ئەم داتایانە دەری دەخەن کە گەڕەکەکانی هەولێر لە ماوەی ١٨ ساڵدا بە ڕێژەی ١٦١.٧٦٪ گەشەیان کردووە، ئەمەش پێویستییەکی حەتمیی بۆ زیادکردنی شارەوانییەکان لە شەش شارەوانییەوە بۆ نۆ یان ١٢ شارەوانی دروست کردووە تاوەکو خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی هاوسەنگ هەموو ناوچە نوێیەکان بگرێتەوە.
د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵکشانی ئاوەدانی لە پایتەختدا بە چەند قۆناغێکی جیاوازدا تێپەڕیوە. ئەگەر تا پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١، گەڕەکەکانی کرێکاران و نەورۆز وەک دوا خاڵی سنووری ئاوەدانیی شارەکە هەژمار کرابن، ئەوا لە دوای ٢٠٠٤ و بەهێزبوونی پێگەی سیاسی و داراییی هەرێمی کوردستان، هەولێر بازدانێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی. لەم نێوەندەدا، تەواوکردنی بازنەی شەقامی ١٠٠ مەتری بووە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی، کە زەمینەی بۆ لەدایکبوونی دەیان گەڕەکی نوێی وەک شادی، شارەوانی، هەڤاڵان و گوڵان و هەندێ گەڕەکی دیکە ڕەخساند.
د. عەلی دەڵێت، دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنان لە ٢٠٠٦، بزوێنەری فراوانبوونی شار و گەشەی نیشتەجێبوون بوو، كە وای کرد لە ٢٠١٤دا بە هاوکاریی کۆمپانیای (دار الهندسة) یەکەم ماستەرپلانی هەولێر دابڕێژرێت و جێبەجێ بکرێت. بەڵام لافاوەکەی ٢٠٢٢ و گۆڕانکارییە ژینگەیییەکان، هەموارکردنەوەی پلانەکەیان کردە پێویستییەكی حەتمی، بۆیە وەزارەتی شارەوانی بە هاوکاریی ڕێکخراوی (جایکا)ی ژاپۆنی و دوای سێ ساڵ کارکردن، ماستەرپلانەکەی هەموار کردەوە و لە سەرەتای ٢٠٢٦دا بە فەرمی پەسند کرا، تاوەکو وەڵامدەرەوەی ئاستەنگەکان و گەشەی ئایندەی پایتەخت بێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر و دەستەی وەبەرهێنان، لە نێوان ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٢٥ مۆڵەت بە ١٣٨ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە کە ١٥٧,٠٥٤ یەکە پێک دەهێنن (٥٧,٠٤١ خانوو، ٨٤,٥٤١ شوقە و ١٥,٤٧٢ ڤێلا).
لەم ژمارەیە، ٧٢ پڕۆژەیان دەکەونە زۆنی ستراتیژیی شەقامی ١٥٠ مەتری، کە لەسەر ڕووبەری ٢٨ هەزار دۆنم و بەسەرمایەی ١٨.٥ ملیار دۆلار جێبەجێ کراون و بە تەنیا ٩٤,٣٦٠ یەکەیان خستووەتە خزمەت هاووڵاتیانەوە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، جەخت دەکاتەوە کە ئەم قەبارە گەورەیەی وەبەرهێنان سیمای هەولێری لە شارێکی کلاسیکییەوە بۆ پایتەختێکی مۆدێرن و چەقێکی ئابووریی ناوچەییی گۆڕیوە و سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانیشی ڕاکێشاوە. ئاماژەی بەوەش دا کە چڕبوونەوەی پڕۆژەکان لە زۆنی ١٥٠ مەتری، بۆ نزیکیان لە چەقی شار و خواستە زۆرەکەی سەر ئەو ناوچە ستراتیژییانە دەگەڕێتەوە، کە بەهەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ماستەرپلان جێگیر کراون.
٧٢ پڕۆژەکەی ناو بازنەی ١٥٠ مەتری، زۆرترین گەشەیان لە نێوان ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٢دا بووە کە ٤٣ پڕۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە. لە دوای ٢٠١٢شەوە، دەسەڵاتی مۆڵەتدان گوازرایەوە بۆ ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، ژمارەی کەم مۆڵەت بەخشراون، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەت، ٢٤ پڕۆژەی دیکە مۆڵەتیان پێ دراوە.
لە ڕووی تەلارسازییەوە، هەولێر وەرچەرخانێکی جۆریی بەخۆیەوە بینیوە. سامان عارەب ڕوونی کردەوە لە دوای ٢٠١٣ەوە بۆ پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئاراستەی بیناسازی لە گەشەی ئاسۆیی (خانوو) بۆ گەشەی ستوونی (تاوەر) گۆڕاوە. ئێستە ٧٥٪ـی زەوییەکانی نیشتەجێبوون بۆ تاوەر و تەنیا ٢٥٪ـیان بۆ خانوو تەرخان دەکرێن. لە هەندێک زۆندا ڕێگە بە دروستکردنی تاوەری ٣٥ نهۆمی (تا بەرزیی ١٤٠ مەتر) دەدرێت، جگە لە زۆنی فڕۆکەخانە کە بەهۆی ڕێنمایییەکانەوە بەرزییەکەیان لە ٨٠ مەتر تێپەڕ ناکات. ژمارەی دانیشتوانیش گەشەیەکی خێرای کردووە.
لە قەزای ناوەندیی هەولێر کە ڕووبەرەکەی ١٥٢.٠٤ کم٢ە، ژمارەی دانیشتوانی لە ٦٧٥,٤٨٨ کەس لە ٢٠٠٩، بۆ ٩٨٥,١٣٣ کەس لە ٢٠٢٥ بەرز بووەتەوە. واتە لە ١٦ ساڵدا، ژمارەی دانیشتوان بەڕێژەی ٤٥.٨٤٪ و چڕییەکەی بە ڕێژەی ٤٥.٨٥٪ زیادی کردووە، بە جۆرێک چڕیی دانیشتوان لە ٤,٤٤٣ کەسەوە بۆ ٦,٤٨٠ کەس لە هەر کیلۆمەترێکی دووجادا هەڵکشاوە.
سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی دانیشتوانیش، د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر، ئاماژە بە نایەکسانیی چڕیی گەڕەکەکان دەکات، زۆنی نێوان شەقامی مووسڵ و بەحرکە (خوارووی هەولێر) چڕییەکی کەمی دانیشتوانی هەیە، ئەوەش بەهۆی بوونی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان و کۆمەڵێک ناوچەی کۆگەکردن. بەپێچەوانەوە، زۆرترین چڕیی دانیشتوان دەکەوێتە زۆنی نێوان ڕێگەی کەرکووک و کۆیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەم ناوچەیەدا زۆرترین دابەشکردنی زەویی نیشتەجێبوون هەبووە، کە وای کردووە زۆرترین چڕی لەو زۆنەدا کۆ ببێتەوە.
ماستەرپلانی نوێی هەولێر کە لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ پەسند کرا، نەخشەڕێگەی پایتەخت تا ساڵی ٢٠٥٠ دیاری دەکات و شارەکە بۆ چوار زۆنی سەرەکی دابەش دەکات: زۆنی پیشەسازی: لە باشووری ڕۆژئاوا (شەقامی کەرکووک تا مەخموور و مووسڵ). زۆنی نیشتەجێبوون: لە باکوری ڕۆژئاوا (شەقامی بەحرکە تا شەقڵاوە)، زۆنی تێکەڵاو (بازرگانی و نیشتەجێبوون): نێوان شەقامی مووسڵ و بەحرکە، زۆنی گەشتیاری: لە باکوری ڕۆژهەڵات، لە بەرزایییەکانی کەسنەزانەوە تا بەنداوی گۆمەسپان.
فەرمان خەلیل بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە پارێزگەی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە یەکێک لە ئامانجە گرینگەکانی ئەم پلانە، چارەسەرکردنی گرفتەکانی وەک بێ ئاوییە، بە جۆرێک پڕۆژە و گەڕەکە نوێیەکانی نیشتەجێبوون بەرەو باکوری ڕۆژئاوا ئاراستە کراون کە نزیکە لە سەرچاوەکانی ئاوی ئیفراز، هەروەها گواستنەوەی ناوچە پیشەسازییەکان بۆ دەرەوەی جەرگەی شار، تا سیمایەکی ڕێکوپێک و مۆدێرن بە پایتەخت ببەخشرێت.
جێی باسكردنە كە تا ساڵی ١٩٤٧ شاری هەولێر تەنیا نۆ گەڕەکی هەبووە، سەرا، تەکیە، تۆپخانە، عەرەب، تەعجیلی ئیسلام، تەعجیلی یەهودییان، خانەقا، مستەوفی، مەعەسکەر. لە نێوان ١٩٤٧ - ١٩٥٧ گەڕەکی مستەوفی گەشەی زیاتری کردووە و گەڕەکی ئاشتی و سەعدوناوە منارە، پەیدا بوون، ژمارەی گەڕەکەکانی هەولێر بوونەتە ١١ گەڕەک. لە ١٩٥٧ - ١٩٧٧دا ژمارەی گەڕەکەکانی هەولێر گەیشتنە ١٧ گەڕەک، قەڵا، عەرەب، تەعجیل، خانەقا، مستەوفی، ئاشتی، منارە، خەبات، سەعدوناوە، ڕووناکی، ئازادی، ڕزگاری، برایەتی، شۆڕش، سەڵاحەدین، سەیداوە و سێتاقان). لە ساڵی ١٩٨٣ش گەڕەکەکانی خوار قەڵا بوون بە ٤٢ گەڕەک.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved