١٢٠٠ ئاڵای كوردستان لە كەمپەینی (کوردستان فاوندەیشن)دا هەڵدەكرێن
١٢٠٠ ئاڵای كوردستان لە كەمپەینی (کوردستان فاوندەیشن)دا هەڵدەكرێن
August 24, 2026

ئەمڕۆ دووشەممە، رێکخراوی (کوردستان فاوندەیشن)، کەمپینێکی بۆ ئاڵای کوردستان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی ڕاگەیاند، كە دانانی ژمارەیەك ئاڵا و گۆڕینی ئاڵای كۆنبوو و بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی پێویست لەبارەی ئاڵاوە لەخۆ دەگرێت. کەمپینەکە بە ناوی (ئاڵاکەمان)ە و بە هەمان هاشتاگی #ئاڵاکەمان لە کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤/٨/٢٠٢٦ لە باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی، بە بەشداریی پارێزگار دەست پێدەکات، رۆژی ١/٩/٢٠٢٦ لە باڵەخانەی پارێزگای هەولێر بە بەشداریی پارێزگار کۆتایی دێت. لە کەمپەینەکەدا، رێکخراوی کوردستان فاوندەیشن، ١٢٠٠ ئاڵای کوردستان بە قەبارەی ستاندارد لە شوێنە گشتییەکانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی بە یەکسانی، جێگیر دەکات، جگە لە ١٠ ئاڵای قەبارە (٨م بە ١٦م)، کە پێنج لەو ئاڵا گەورانە لە هەولێر هەڵدەکرێن و پێنجیشیان لە سلێمانی. رێکخراوی کوردستان فاوندەیشن تۆڕێکی رێکخراوەیی قازانجنەویستە، کار بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و پەرەپێدانی تواناکانی هەرێمی کوردستان دەکات. ستراتیژی ئەو رێکخراوە پاراستنی کولتوور و نەریت و بەها ڕەسەنەکانی کوردستانە و ئامانجیشی، پەرەدانە بە هەستی نیشتیمانیبوون، بونیادنان و پێشکەوتنی کوردستان. هەروەک لە راگەیەندراوەکەیاندا هاتووە، ئامانجی رێکخراوی کوردستان فاوندەیشن لەو کەمپینەدا، کە تێیدا جگە لە ئاڵای کوردستان، رێگە بە نیشاندانی هیچ ئاڵا و دروشمێکی سیاسی نادرێت، بڵاوکردنەوەی ئاڵای کوردستان و چیرۆک و مانا و شێوازە دروستەکانی هەڵکردنی ئاڵایە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved