كۆڵانی عارەبان لە ساڵی ١٩٣٢دا یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی دەرێی قەڵاتێ بوو، ئاوێنەی پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوە جیاوازەکانی ئەودەم بوو، لەوێندەرێ، جوو، کلدان، ئاشووری، مەسیحی و موسوڵمان كۆك و تەبا پێکەوە دەژیان.
درەوشاوەترین دیمەنی ئەو پێکەوەژیانەش، دروستکردنی کڵێسایەکی گەورە و ناوازە بوو لەسەر ڕووبەری دوو هەزار و ٤٩٠ مەتری دووجا، كە بنەماڵەیەکی خانەدانی مەسیحی بە ناوی ئیستیڤیان جبری نەخشەیان کێشا، دواتر بە بەیتولمەقەدەس واتە ماڵی پیرۆز ناوی دەرکرد.
ئەو کڵێسایە بە کوالێتییەکی بەرزی ئەندازیاری دروست کرا و بووە ڕووگەیەكی ڕۆحی و زانستی بۆ كریستیانی ناوچەكە. بۆیە لە کتێبە مێژوویییەکانی کریستیانەکانی عەنکاوەدا، بە شانازییەکی زۆرەوە باس لەو کڵێسایە دەکرێت.
بەشێک لە ڕووبەری كڵێساكە كرابووە مەدرەسەیەكی خوێندنی ئاینی، ئینجیل و كتێبە ئاینییەکانی دیكە بەشێوەیەکی ئەکادیمی بە قوتابیانی کلدان و ئاشووری دەگوترایەوە، مەتڕان و کەسایەتییە ئاینییەکانی ئەو سەردەمەش ڕۆڵێکی گەورەیان لەو پێگەیاندنەدا هەبوو.
كە لاپەڕەکانی یادەوەریی ئەو کڵێسایە هەڵدەدەینەوە، ناوەکانی وەک قەشە شربیل، فرەنسیس، سەلیم برادۆستی و ئیلیا، وەک دیارترین ئەو پیاوە ئاینییانە دێنە بەرچاو کە ساڵانێکی زۆر هاموشۆی ماڵی پیرۆزیان دەکرد. بەڵام ئەوەی قەت لە بیر ناكرێت، مام عەبدولمەسیحی مجێوری کڵێساکە بوو.
ئەو پیاوە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی دەکرد و قەت خۆی لە خەڵکی دیكەی گەڕەکێ جیا نەدەکردەوە. لە جەژنانی ڕەمەزان و قوربانێدا، بە چەپکەک گوڵ و نوقڵەوە دەهاتە پیرۆزبایی.
لەو گەڕەکە، ئاین نەبووبووە دیوارێک لە نێوان خەڵكی، مام عەبدولمەسیح و هاوڕێکانی کاریان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان دەکرد و لە گشت پرسە و بۆنەکاندا هاوشانی یەکتر بوون. شادیی خۆیان بۆ بۆنە ئیسلامییەکان دەردەبڕی و هەمیشە بە چاوی خۆشەویستی و ڕێزەوە دەیانڕوانییە باوەڕی ئازادیی یەکتر.
ئێستە كە دەرگەی ئەو پەرستگەیە داخراوە و قوفڵێکی گەورە لەسەر مێژووەکەی دراوە، چیی دی زەنگی کڵێساکە لێ نادرێت و هیچ چالاکییەکی ئاینیی تێدا بەڕێوە ناچێت. بەشێکی زۆری ئەو کەسایەتی و پیاوە ئاینییانەی لەوێندەرێ خزمەتیان دەکرد، چوونەتە بەر ڕەحمەتی خودا، خانەوادەکانیشیان پەرتوبڵاو بووینەوە، دەرگەی ماڵەكانیان بۆ کاتێکی نادیار داخراون.