هەموو ساڵێك، وەرزێكی هاوینی گەرم هەولێر دەگرێتەوە، بەر لەوەی تێپەڕێت، كۆمەڵێك قوربانیی خنكان لە ئاودا، لەگەڵ خۆی دەبات.
خەڵكی ناوچە جیا جیاكانی سنووری پارێزگەی هەولێر، بە تایبەتی گەنجان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و شەپۆلی بەتینی هاوینە، ڕوو لە ئاوی ڕووبار و دەریاچە و بەنداوەكان دەكەن، زۆرێك بەهۆی ناشارەزایییەوە ڕووبەڕووی مەرگی خنكان لە ئاودا دەبنەوە.
خنکان لە ئاودا، یەکێکە لە ١٠ هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی خنکان لە ئاودا گیان لەدەست دەدەن، کە زیاتر لە ٧٥ هەزاریان منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵن. بەشێكی خنكانی منداڵان و هەرزەكاران بەر هەرێمی کوردستان و سنووری پارێزگەی هەولێر دەكەوێت، بەزۆریش لە چوارچێوەی چیڕۆکی ئەو خێزانانەیە کە بۆ پشوو دەچنە کەنار ئاوەکان و بە تەرمی ڕۆڵەکانیانەوە دەگەڕێنەوە.
زانیار یاسین سارتکی لە بنکەی پاراستنی ڕووباری تەقتەق، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کۆیە، ڕۆژانە لەسەر زێی بچووک، شاهێدی كارەساتەكانی خنكانە و بۆ (گڵكەند) دەڵێت ”بەداخەوە ڕێژەی خنکان لە ئاودا زۆرە، ئێمە ڕۆژانە خەڵک ڕزگار دەکەین، بەڵام هەندێك كەس خۆیان ناپارێزن و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەچنە ناو ئاوەوە. لە کۆتاییدا دەبنە کێشە و خەم بۆ ئێمە و کەسوکاریشیان، چونکە ڕووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر دەبینەوە تا کەسێک لەناو ئاو ڕزگار دەکەین یان تا تەرمەکەی دەدۆزینەوە“.
لە سنووری کۆیە و تەقتەق بە گشتی ٢١ شوێنی سەیرانگە هەن کە پێنج پاڕکی گەورەیان تێدایە و بەردەوام جمەیان دێت لە گەشتیار. زانیار ئاماژە بەڕێکارەکان دەکات و دەڵێت ”ئێمە بەردەوام ئاگەداری خاوەن سەیرانگەکان دەکەینەوە کە دەبێت کەناری ئاوەکان محەجەرە بکەن و سەلامەتیی گەشتیاران دابین بکەن بەپێچەوانەوە دەدرێنە دادگە، لە هەر پاڕکێکیش سێ کەس لە تیپی پاراستن داندراون تا زوو بەو کەسانە ڕابگەن کە دەکەونە ناو ئاوەوە. ئەم هەوڵانەی ڕزگاركردن بێ ئەنجام نەبوون، هاوینی ڕابردوو سێ کەس لەو سنوورەدا خنکاون، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە یەک كەس خنکاوە كە گەشتیارێكی عەرەب بوو. سارتکی هۆکارەکانی خنکان بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە ساردی و لێڵیی ئاوەکە، نەشارەزایی لە مەلەکردنی ناو ڕووبار، چونکە زۆربەی گەشتیاران لە مەلەوانگەی داخراودا فێری مەلە بوون و نازانن ئەو ڕووبارە چەندە قووڵە. زۆر جاریش کە خۆیان هەڵدەدەنە ناو ئاو، سەریان بەر بەرد و شاخ دەکەوێت. زۆربەی قوربانییەکان گەنج و هەرزەکارن، بەشێکیشیان گەشتیارانی خوارووی عێراقن کە هیچ شارەزایییەکیان لە سروشتی زێیەکانی كوردستان نییە“.
ئەو كارمەندەی پاراستن لە خنكانە تیشک دەخاتە سەر هۆکارێکی دیکەی کارەساتەکان و دەڵێت ”زۆر جار ڕوو دەدات منداڵێک دەکەوێتە ناو ئاو، کەسێکی دیکە بە مەبەستی ڕزگارکردنی خۆی دەخاتە ناو ئاو و ئەویش دەخنکێت. یان هەیە بەهۆی وێنەگرتن لە کەنار ئاوەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە“.
لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە، باس لەوە دەکات زێی بچووک بە درێژاییی ٦٠ کیلۆمەتر بە ناوچەکەیاندا تێپەڕ دەبێت و دەڵێت ”ئێمە بەردەوام هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەمان هەیە، لە ٢٥ی تەمووزدا، کە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خنکان بوو، هەڵمەتێکمان ئەنجام دا و تابلۆی ڕێنماییمان بە سێ زمان چەقاند. جگە لەوەش، هانمان داوە لە ناو پاڕکە گەشتیارییەکاندا مەلەوانگە دروست بکرێت تا خەڵک ڕاستەوخۆ نەچنە ناو زێیەکەوە“.
لە ڕوانگەی زانستیشەوە، حەبیبە نیهاد مامۆستا لە بەشی زانستە وەرزشییەکان لە زانکۆی کۆیە، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان مەلەکردنی مەلەوانگە و ئاوی کراوەدا دەبینێت و دەڵێت ”فێربوونی مەلە لە مەلەوانگەدا متمانەیەکی هەڵە بە کەسەکە دەبەخشێت کاتێک دەچێتە ناو ڕووبار، لەوێ تووشی شەپۆل یان تەزووی ساردی ئاو دەبێت، ناتوانێت خۆی ڕزگار بکات و ماسولکەکانی ڕەق دەبن“.
جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دەبێت خەڵک فێری چۆنیەتیی ڕزگارکردنی کەسانی دیکەش بکرێن، چونکە زۆر جار بەهۆی هەوڵی هەڵەوە، ڕزگارکەرەکەش گیان لەدەست دەدات.
چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم دیاردەیەش، وەک حەبیبە ئاماژەی پێ دەدات، بڵاوکردنەوەی کولتووری لەبەرکردنی هێلەگی ڕزگاربوون (Life Jacket) و دروستکردنی مەلەوانگەی سەلامەتترە، تاوەکو هاوینەکان چیی دی نەبنە وەرزی لەدەستدانی ئازیزان لەناو ئاوەکاندا.