لە ناوەڕاستی تارمایی و سەرمایەکی سڕکەری چیای ڕاسرۆشین لە حەبەشە، پیاوێکی تەمەن هەڵکشاو لەناو چادرەکەیدا بە ئارامی دانیشتووە، لە دەرەوەش پاسەوانێکی چەکدار بەپارچە نایلۆنێکەوە شەونخوونی دەکات تا لە پەلاماری ئاژەڵی کێوی بیپارێزێت.
ئەو پیاوە نە گەڕیدەیەکی ئەوروپی و نە سەرکێشێکی بیانییە؛ محەمەد باوەکرە، شاعیرەكی ناسراوی هەولێرییە، کە لە دوای تەمەنی ٦٠ ساڵییەوە، سەركێشییەكانی كچەكەی و خەیاڵی شیعرەکانی بەرەو لووتکەی بەرزترین چیاکانی جیهانیان بردووە.
باوەكر لە بارەی سەركێشییەكانی و پەیوەندیی بە شیعرەوە بۆ (گڵكەند) دەدوێت و پێی وایە شاخەوانیی لە شیعری جیا نەكردووەتەوە، دەڵێت ”دەستم لە شیعر بەرنابێت، شیعر هەناسەمە، هەموو دەمێ لە تێڕوانین و دیدگەی شیعرەوە لە کێو و سروشت دەڕوانم، یادەوەری و یاداشتەکانی شاخەوانیم لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات، گەواهیی ئەوەم بۆ دەدەن، بەتایبەت لەو پێنج کتێبەی سرووتەکانی شاخەوانی، لە ژێر نازناوی ئەدەبی شاخەوانی، چاپم كردوون“.
دەستپێكی شاخەوانیی ئەو شاعیرە دەگەڕێتەوە بۆ حەزی کچەکەی، ئەو پێش باوكی شاخەوان بووە، باوەكر دەگێڕێتەوە ”لە هەمووی خۆشتر ئەو سبەینانەی تارای کچم بۆ شاخەوانی دەچوو، گاڵتەم پێ دەکرد، پێم دەگوت کیژێ ئەتو بزنی بە سبەینان بە شاخان هەڵدەگەڕێی؟ دەرکرای لە مارێ بەو سبەینە زووەی دەڕۆیە دەرێ؟“.
سووربوونی كچەكە وا دەكات باوكی بیر لەو ئارەزووەی کچەكەی بكاتەوە، گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی ڕۆژێك شاخەوانی ئەزموون بكات. دەڵێت ”وەكی دەستم پێ کرد، هەوڵی یەکەمم زەحمەت بوو، بەڵام حەزی زیاتری پێ بەخشیم. هەستم کرد جەستەم پەرۆشی هەڵشاخانە، لە بەردەوامبوونمدا ئامانجەکانم زیاتر دەبوون و تاقیکردنەوەکە لەلام ئاسانتر دەبوو، تا وای لێ هات بەسەر زۆربەی شاخەکانی کوردستاندا هەڵگەڕام“.
ئینجا بڕیار دەدات ئارەزووی شاخەوانییەكەی بباتە دەرەوەی سنووری كوردستان، بۆ شاخەکانی تانزانیا، ئەسیوپیا، پیرۆ و تایلەند، بەڵام بەر لەو گەشتانە، بە تەنیا دەچووە سەر شاخی سەفین، لە هەردوو دیوی شار و شەقڵاوە، ئینجا خۆران و هەردوو قەڵاسنج. دەڵێت ”من هەمیشە شاخەوانی و کەژەوانیم بە تەنیایی پێ خۆشە، یەکەمین شاخەوانیشم لە ساڵی (٢٠١٩) بوو و بۆ لووتکەی (بێوەژن)ی چیای سەفین بە چلەی زستانێ، بەڵام نەمتوانی بگەمە لووتکە“.
گەشتەكانی دەرەوەی دەست پێ دەكات و دەڵێت ”خۆشترین گەشتی شاخەوانیم، چیای جەبەل شەمسی مەسقەت بوو لە عومان، چونکە کەشوهەوای دەڤەرەکەی، هاوشێوەی کوردستان بوو، لە هەڵکشانەکاندا تا دەگەیە لووتکە هەمووی دار و دەوەن و تاتە بەرد بوون“.
گەشتی دووەمیشی کە دەڵێت هەمان چێژی پێ بەخشیوە، لە چیای کلیمانجارۆ لە وڵاتی تانزانیا بوو، ئەو چیایە سێ ڕێگەی پێداهەڵگەڕانی هەبوو، بۆ هەریەکەیان ماوە دیاری کرابوو، پێنج ڕۆژ، حەفت ڕۆژ و نۆ ڕۆژ. ئەو ڕێگە پێنج ڕۆژییەکەی هەڵبژاردووە، كە سەختترینیان بوو، بەڵام زووتر دەگەیە لووتکەی ئۆهۆرۆ و دەستلەملانێی دەکەی و دەحەسێیەوە، باس لەوەش دەكات كە پیسوپۆخڵترین چیا گەشتی بۆ کردبێت، چیای جەبەل ئەلنوری شاری مەککە بوو لە سعودیە، دوورترین گەشتی شاخەوانیشی لە چیای هۆسکاران و چرووتی وڵاتی پیڕۆ بووە.
باوەکر بۆ بەشداریکردن لەگەڵ گرووپە جیهانییە شاخەوانییەکان چەند کیشوەرێکی بڕیوە، ٢٢ كاتژمێر لەناو فڕۆکەدا بووە، سێ کیشوەری بڕیوە تا گەیشتووەتە لیمای پایتەخت و شاری هورازی ناشناڵ پاڕکی زنجیرە چیای لەنریزی ئەمریکای باشوور، سەرۆکی کۆمپانیای هواندۆل توور، لەگەڵ ساتی یەکەمی گەیشتنیدا، تاقیكردنەوەی بەردەوانیی پێ کردووە، کە گوزارشت لە هەڵگەڕان بەسەری پەنجەوە دەکات، بۆ بەیانییەکەی تاقیكردنەوەی چیای چرووتی پێ کردووە، کە بەرزایییەکەی ٥١٥٦ مەتر بوو، كاتژمێر ١٢ی شەویش ڕێبەرێکی بەگەڵ داوە، هەنگاوی یەکەمی بەرەو چیای هۆسکاران هاویشتووە، چیایەکی بەرز و دژوارە، بەرزایییەکەی ٥٧٦٨ مەترە، هەروەها لە گەشتی وڵاتی تانزانیادا، چووەتە سەر چیای کلیمانجارۆ، کە بەرزایییەکەی ٥٨٩٥ مەتر بوو، دوای گەڕانەوەی لە لووتکەی چیاکە، لە دواکەمپ کیبۆی لێپرسراوی پرسگە بانگی کردووە و گوتوویەتی ”چۆن توانیت بە تەمەنی ٦٨ ساڵی بە ١٠ سەعات، بەو خێرایییە هەرسێ لووتکەکان ببڕی؟“.
لووتکەی ئۆهۆرۆ و پوبست کە بەرزایییەکەیان ٥٧٥٦ مەتر و لووتکەی کلیمانس بەرزایییەکەی ٥٦٨١ مەترە، پێی گوتووە ڕێبەرەکەت بانگ بکە. ڕێبەرەکە هات و هەمان پرسیاری لێ کرد، ئەویش پشتڕاستی کردەوە و گوتی “سەیری لاوازی و کەمکێشی مەکە”. دوای ئەوە ژمارەكەی لێ وەردەگرن، لە ناشناڵ پاڕکی کلیمانجارۆ بڕوانامەی پێ دەبەخشن.
شاعیرە هەولێرییەكە، لە بەردەوامیی گەشتەکانی بۆ شاخەوانی، چووەتە کوردستانی باکور، چیای ئاگری بەسەختترین چیا ناوزەد دەکات كە بەرزییەکەی ٥١٥٤ مەترییە، ڕێگەکەی هەمووی خزە، بەرد بەستوویەتی، شەختەیە، پێویستە گلمپۆن - پێگیر ببەستیت، دەنا تووشی خزین و هەڵدێران دەبیتەوە، لە باشووریش چیای پیرەمەگروون بە سەختترینیان وەسف دەكات، كە خزەی زۆرە، هەنگاوێک دەهاوێژی دوو هەنگاو دەگەڕێیتەوە دواوە، بایەکی ئێجگار بەهێزیشی هەیە، لە هەموو وەرزەکانیشدا بۆ شاخەوانی سەردانی کردووە.
یەکێك لەو چیایانەی زۆر سەرنجی ڕاکێشاوە، چیای دۆن ڕڤێنتا لۆنای شێڵمای تایلەند بووە، چونکە تا دەگەیتە لووتکە هەمووی ڕووبار و تاڤگە و دارستانی باراناوییە، تەنانەت ئارەقەش ناکەیتەوە، لەبەر دەنگی باڵندە و مەیموون و مراوی و قاز و جوانیی گوڵزار و دارچینـە بەرز و بۆندارەکان، کاتەکە زۆر بەخێرایی دەڕوات.
باوەکر لە گەشتەكەی بۆ چیای ڕاسرۆشینی حەبەشە - ئەسیوپیا، کە بەرزییەکەی ٤٥٤٣ مەترە، زۆر شت سەرنجی ڕاکێشاوە و دەیگێڕێتەوە ”ئەو ستافەی منیان پێ ڕاسپاردبوون و لەگەڵم بوون، سەرنجم دانێ یەکێکیان چەکدارە، خۆی و چەکەکەی وەکو سێبەر بە دوامەوەیە، واقم وڕما، ناچار لە ڕێبەرەکەم پرسی ئەوە چییە؟ ئەویش گوتی ئەوە بۆ سەلامەتیی تۆیە، لە ئاژەڵی کێوی و دز و جەردە دەتپارێزێ، یان نەوەک مەیموونەکان دزیت لێ بکەن و پڕت بدەنێ. شەو لەبەر سەرما و بەفر لەناو ئەو چادرەی تێیدا بووم، ئەو چەکدارەش بەرامبەرم لەسەر بەردێک، نایلۆنێکی بەخۆی دادابوو و پاسەوانیی دەکردم و تا بەیانی نەخەوت، بەیانیش لەگەڵ ئێمە بەرەو لووتکە بەڕێ کەوت“.
باس لەوەش دەكات كە هەر لە حەبەشە چوونەتە دوورترین گوند، نزیک سنووری سوودان و ئەریتریا، بینیویەتی خەڵک بە ژن و پیاو و منداڵەوە جلوبەرگ ناپۆشن، هەموویان ڕووت و قوتن، بەم حاڵەشەوە ئیشوکاری ڕۆژانەیان ڕادەپەڕاند، نێر و مێ لەسەر ڕووبار دەژین، خانوو و ماڵیان لە قامیش و قوڕ دروست کرا بوو، باوەكر دەڵێت ”کە دەمبینی بەس من جلوبەرگم لەبەرە، شەرمم لە خۆم دەکرد“.
ئەوە بەسەرهاتی پیاوێكە، جاران وشەکانی لەسەر لاپەڕە ڕیز دەکرد، ئێستە بە هەنگاوەکانی لەسەر بەفر و سەهۆڵبەندانەکانی جیهان، داستانێکی نوێ دەنووسێتەوە. دەیسەلمێنێت سەركێشی سنوور و تەمەن ناناسێت.

