خێروبێری پیاڵەیەک چای گیادەرمان
خێروبێری پیاڵەیەک چای گیادەرمان
September 02, 2026

لە کولتووری کوردەواریدا و لەسەر خوانی هەر ماڵێک، چا تەنیا خواردنەوەیەک نییە بۆ تینووشکاندن، بەڵکو دوای ئاو، دووەم خواردنەوەی سەرەکییە لە ژیانی ڕۆژانەی هەموو خێزانێکدا. کاتێکیش وەرزی بەهار دێت و بەفری لووتکەکان دەتوێنەوە، چیاکانی کوردستان دەبنە فەرشێکی کراوەی ڕەنگاوڕەنگ بۆ نمایشی سەتان جۆری گوڵ و گیای دەگمەن، ئەوانەی لە كن باوباپیران بە دەرمانخانەیەکی سروشتی ناسرا بوون.
ئەمڕۆ کە مرۆڤایەتی لە دەست دەرمان و مادە کیمیایییەکان ڕادەکات، بەرەو بەرهەمە سروشتییەکان دەگەڕێتەوە، ئەم سامانە نیشتمانییەی كوردستان دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی گەورە بۆ سەتان دەرمانی دروستكراو و ملیۆنان دۆلاری بەفیڕۆدراو.
بۆ تێگەیشتن لە گەورەیی و قەبارەی ئەم سامانە پەنهانە، دکتۆر عەلی گەڵاڵەیی، پسپۆڕی هەمەجۆریی ڕووەکی، پەردە لەسەر ڕاستییەکی زانستیی گرینگ لادەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە کوردستان یەکێکە لە ٢١ ناوچە دەوڵەمەندەکەی جیهان کە بە هەمەجۆریی ڕووەکی ناسراون. ئەو دەڵێت، تەنیا لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا ١٧ هەزار جۆر ڕووەک دەڕوێن، بەجۆرێک نزیکەی ٨٠٪ی ئەو ڕووەکە تۆمارکراوانەی لە (فلۆرای عێراق)دا هەن، ڕەگ و ڕیشەیان لە خاکی کوردستان دایە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بگاتە شەش ملیۆن و ٨٢٢ هەزار کەس، بەپێی پێوەرەکانی بەشە خۆراکی پێشووش، هەر تاکێک ساڵانە پێویستی بە ٢.٤ كیلۆ چایە، واتە هەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا پێویستی بە ١٦ هەزار و ٣٧٤ تۆن چایە بۆ ئەوەی قۆرییەکان بە گەرمی بمێننەوە، ئەگەر تێکڕای نرخی هەر تۆنێک بە شەش هەزار و ٥٠٠ دۆلار هەژمێرین، ساڵانە زیاتر لە ١٠٦ ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی چای ڕەش و سەوز دەچێتە دەرەوە. دکتۆر عەلی ڕوونی دەکاتەوە کە چای گیایی (Herbal Tea)، لە گەڵا، گوڵ، ڕیشاڵ یان تۆوی ڕووەکەکان بەرهەم دێت، نەک تەنیا تام و بۆنێکی ناوازەی هەیە، بەڵکو بەتەواوی بێ کافایینە و پڕە لە ماددەی پزیشکی و چارەسەری. بە متمانەشەوە دەڵێت ”ئەگەر بە شێوازێکی زانستی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک هەر پێویستمان بە هاوردەکردن نابێت، بەڵکو دەتوانین چاش هەناردە بکەین”.
پسپۆڕەكە ئاماژە بەوەش دەدات کە لە پێدەشت، گرد و قەدپاڵی چیاکانی کوردستان، بەتایبەت لە ناوچەکانی باڵەکایەتی، بارزان، ئامێدی، پێنجوێن، هەڵەبجە، پشدەر و چەندین دەڤەری دیكە، چەندین جۆری ڕووەک هەن لەسەر ئاستی جیهانیش دەگمەنن. سەتان جۆریان تایبەتمەندیی (چای گیایی)یان تێدایە کە خەڵکیش پێیان ئاشنایە، لەوانە جاترە، بەیبوون - هێرۆ، شیلانە، دڕیلە (تودرک)، قونجیرکە (پەیکۆڵ)، گیابەند، خاڵەڕەشە، بارێزە، چەقچەقە، قەلۆغان (چاوبازە)، گەڵای بەلالوک، بورژان، ڕێحانەی فەقێیان، ڕازیانە، گەزگەزکە، نەعناع، پونگ، ڕەگی مێکوک و گوڵەباخ، دەیان جۆری دیکەش.
جگە لەمانە، گەڵاڵەیی ٧٠ جۆر گوڵ و گیای کوردستانی دەستنیشان کردووە کە لە جیهاندا وەک چای گیایی تۆمار کراون، بەڵام لێرە فەرامۆش کراون. تەنانەت ڕووەکی وەک ڕۆزماری و کەرکەدی کە ئێستە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، لێرە بە کوالێتییەکی زۆر باشتر لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان گەشە دەکەن.
بۆ چۆنیەتیی ئامادەکردنیشی، دکتۆر عەلی دەڵێت: ”جاران ئەم چا گیایییانە زیاتر وەک چارەسەر بەکار دەهاتن، بەڵام بەهۆی کەمیی هۆشیارییەوە نەیانتوانی بیكەنە جێگرەوەی چای ڕەش. بۆ بەکارهێنانیشیان ڕێسایەکی سادە هەیە، گەڵا و گوڵەکان تەنیا ئاوی گەرمیان بەسەردا دەکرێت، بەڵام توێکڵ و ڕەگەکان دەبێت ٢٠ بۆ ٤٠ خولەک بکوڵێندرێن“.
بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر دەماری سەرەکیی گواستنەوەی ئەم سامانەیە. ماجید سابیر یەکێک لە کۆفرۆشەکانی عەتاری، ئاماژە بە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر دەکات و دەڵێت ”سارانە بەتەنێ نووسینگەی مە، بایی ٥٠٠ هەزار دۆلار گور و گژوگیای چایی دەینین. لەوانەشە سارێ بایی ١٠ ملیۆن دۆلار زیاتر چای گیایی ئیستیرادی هەولێر و كوردستان بكرێت“. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەشی زۆری ئەم بەرهەمانە لە وڵاتانی ئێران، سووریا، میسر و چینەوە دەهێنرێن، تەنیا لەبەرئەوەی لێرە کۆکردنەوە و پاکێجکردنیان نەبووەتە پیشە، ئەگەرنا وەك ئەو دەڵێت ”كوردستان دەیتانی ببیتە مونتیجەكی گەورەی چا و بنێریتە ئەوروپا و ئەمریکاش“.
لەم بازاڕەدا، زۆرترین خواست لەسەر جاترە، بەیبوون، هێرۆ، ڕازیانە، کەرکەدی و مەلیسەیە. لە ناو هەموویاندا جاترەی خۆماڵی پشکی شێری بەرکەوتووە کە دوو جۆرە، جاترەی کوێستان کە کوالێتییەکەی زۆر بەرزە و بەكۆ کیلۆی لە نێوان ١٠ بۆ ١٤ هەزار دینارە و بە تاکیش دەگاتە ٢٠ هەزار دینار، لەگەڵ جاترەی دەشت کە هەرزانترە.
لە گەڕەکی کورانی هەولێرێ، بەشدار عەتار دوکانێکی بەهارات و گیادەرمانی هەیە، زیاتر لە ٢٥ جۆر گوڵە چای ڕیز کردووە، زۆربەیان هاوردەن. جەخت دەکاتەوە سەرباری هەرزانیی نرخی بەرهەمە هاوردەکان، هێشتا ڕووەکە ڕەسەنەکانی کوردستان پێگەی زێڕینی خۆیان پاراستووە. بەشدار دەڵێت ”زۆر نەوعە گیای وەكی جاترە، ڕازیانە، بەیبوون، چاوبازە، گەزگەزکە، کەزبەرە، گوڵە هێرۆ و گەڵای بەلالوک لە دەشتی قەراج، کەندێناوە، بالیسان و باڵەکایەتی دەچنرێن و دەگەنە دەستی مە“. بە گوتەی ئەو، جاترە و بەیبوونی خۆماڵی لە ڕووی تام و بۆنەوە بەهیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن بە هی دەرەوە و زۆر باشترن. بۆ نموونە، بەیبوون لە وەرزی چنیندا کیلۆی بە ٥ هەزار دینارە، بەڵام دواتر بەهۆی بەرزیی کوالێتی و زۆریی خواست لەسەری، بۆ ١٨ هەزار دینار بەرز دەبێتەوە.
چنینەوەی ئەم ڕووەکانە بەگوێرەی جۆر و سروشتی ناوچەکان، لە مانگی شوباتەوە دەست پێ دەکات و تا ئەیلوول بەردەوام دەبێت. لە دوای قەیرانی کۆرۆناشەوە، گەڕانەوەیەکی بەرچاو بۆ بەکارهێنانی ئەم گیاچایییانە لە ناو گەنجانیشدا دروست بووە، بەڵام کێشە گەورەکە نەبوونی پیشەسازییەکی نیشتمانییە.
ئیسماعیل مشیر سەرۆکی کۆمەڵەی ڕووەکناسانی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٠دا کارگەیەکی بەناوی گەنجینەکانی سروشت دامەزراند و ١٧ جۆری گوڵ و گژوگیای سروشتی وەک چا پاکێج کرد. بەڵام بەداخێکی قووڵەوە باس لە کۆتایییەکەی دەکات و دەڵێت ”بەهۆی دروستکردنی ئاستەنگەوە، ناچار بووین پڕۆژەکە ڕابگرین و ئامێرەکانیش بە زەرەر بفرۆشینەوە“. ئیسماعیل بە حەسرەتەوە دەڵێت ”ساڵانە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، تورکیا، ئێران و هیندستان ملیاران دۆلار لەم پیشەسازییە کۆ دەکەنەوە، لە کاتێکدا کوردستان هەمان ژینگەی هەیە و هیچ سوودێكی لێ وەرنەگرتووە. ئەم کەرتە تەنیا پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەکی جددی هەیە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان و ژنانی لادێ بڕەخسێندرێت“.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved