هەولێر میوانداریی ئۆڵۆمپیادی ژیریی دەستکردی ٢٠٢٦ دەکات
هەولێر میوانداریی ئۆڵۆمپیادی ژیریی دەستکردی ٢٠٢٦ دەکات
September 03, 2026

پێشبڕکێیەکی نوێی ژیریی دەستکرد کە لە مانگی ئەیلوولەوە تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، ئارەزوومەندانی تەکنەلۆجیا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کۆ دەکاتەوە.

لەم پێشبڕکێیەدا شەش هەفتە بە بەشداربووان دەدرێت بۆ پەرەپێدانی چارەسەری کردارەكی لەسەر بنەمای ژیریی دەستکرد بۆ کێشە راستەقینەکان.

ئۆڵۆمپیادی ژیریی دەستکردی ٢٠٢٦، کە لەلایەن کۆمپانیای (Ovanya) بە هاوبەشی لەگەڵ کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر ڕێک دەخرێت، بەڕووی هەموو کەسێکدا کراوەیە کە تەمەنی ١٨ ساڵ و بەرەو سەر بێت لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکووک و دەوروبەریان.

پێشکەشکردنی داواکاری پێویستی بە بڕوانامەی زانکۆ، خوێندکاربوون یان پەیوەندی بە هیچ دامەزراوەیەکەوە نییە.

وەرگرتنی داواکارییەکان لە مانگی ئەیلوولدا بەردەوام دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی ١٠٠ بەشداربوو بپاڵێورێن.

بەشداربووان لە سەرەتادا بە شێوەی تاکەکەسی داواکاری پێشکەش دەکەن، پێش ئەوەی دابەش ببنە سەر گرووپی سێ کەسی.

دوای ڕێوڕەسمی دەستپێکردن لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا، گرووپەکان شەش هەفتە بەسەر دەبەن بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانیان، بە هاوکاری خولی ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی و ڕووبەڕوو، هەروەها ڕێنماییکردن لەلایەن شارەزایانەوە.

سێ بوارەکەی پێشبڕکێکە لەگەڵ یاسا و پلاتفۆرمەکە لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردندا ڕادەگەیەنرێن. ڕێکخەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە چاوەڕوان دەکرێت بەشداربوو چارەسەری کردارەكی ژیریی دەستکرد پەرە پێبدات، نەک ئەرکی تیۆری یان تاقیکردنەوە.

لیژنەیەکی پسپۆڕ لە مانگی تشرینی دووەمدا هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە تەواوبووەکان دەکات و کاندیدەكانی کۆتایی هەڵدەبژێرێت. براوەکان لە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵات و کۆتاییهاتن لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا ڕادەگەیەنرێن.

سێ گرووپی براوە دەستنیشان دەکرێن و هەر گرووپێک ١٠,٠٠٠ دۆلار وەردەگرێت، واتە کۆی گشتی خەڵاتەکان دەکاتە ٣٠,٠٠٠ دۆلار. هەروەها دەرفەتی گەشتکردن بۆ کۆریای باشوور و بەدەستهێنانی دەرفەتی کار بۆ گرووپە براوەکان دەڕەخسێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved