ئەمڕۆ شانۆیی پیانۆ لە هەولێر نمایش دەكرێت
ئەمڕۆ شانۆیی پیانۆ لە هەولێر نمایش دەكرێت
September 05, 2026

 

هەروەك بڕیار بوو، ئەمڕۆ شەممە پەردە لەسەر شانۆی (پیانۆ) لە هەولێر لادەدرێت، سەرباری ئەوەی دوێنێ هەینی كێشەیەكی تەكنیكی لەلایەن ستافی شانۆییەكە ڕووی دا.

ئەمڕۆ شەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، هەریەك لە شوان كەریم دەرهێنەری شانۆیی پیانۆ و سیروان عوسمان  بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، دووپاتیان كردەوە كاتژمێر ٦:٣٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، شانۆییەكە لە هۆڵی ڕۆشنبیری نمایش دەكرێت، ئەمەش سەرباری ئەو هەواڵانەی گوایە شانۆییەكە لە هەولێر ڕاگیراوە.

لە دوێنێ هەینییەوە چەند هەواڵێك لە ژمارەیەك میدیاوە بڵاو كرانەوە، كە گوایە بەهۆی هەڵەتێگەیشتنێکی تەکنیکیییەوە، نمایشەكە ڕاگیراوە، بەڵام وەك شوان كەریم باسی كرد، بەهۆی هەڵەی یەكێك لە ستافی شانۆییەكەوە كێشەیەك دروست بووە و چارەسەر كراوە، بۆیە ئەمڕۆ نمایشەكە دەكرێت.

بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان و پشتگیریکردنی هونەرمەندان، ئاریان سەڵاحەدین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە لێدوانێكدا دووپاتی کردەوە کە شانۆیی پیانۆ لە هەولێر نمایش دەکرێت و نەوەستاوە، وەزارەتیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانییان دەکات.

لای خۆیەوە، سیروان عوسمان بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە بڵاوکردنەوەی پۆستەری شانۆییەکە، بە گەرمی و پڕ بەدڵ بەخێرهاتنی تیمەکەی کردووە و نووسیویەتی "بە خۆشحاڵییەوە بەخێرهاتنی شانۆی پیانۆ و شانۆکارانی بەڕێزی سلێمانی دەکەین بۆ هەولێر”. لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەشدا دووپاتیشی كردەوە كە شانۆیی پیانۆ لە هەولێر نمایش دەكرێت و بەردەوام دەبێت.

ساڵی ڕابردووش هەمان تیمی شانۆیی “پیانۆ”، لە هەولێر شانۆی “باڵندەی كامەرانی”یان لە دەرهێنانی شوان كەریم نمایش كرد، ماوەی نمایشەكەش بەهۆی بینەری زۆرەوە، چەند ڕۆژێك درێژ كرایەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved