وێکڕا لۆ ماڵێ
وێکڕا لۆ ماڵێ
September 07, 2026

تا هەینێ لە خەونان تەنها خەونێکم هاتەدی، ناوم بۆ شوینی دڵخوازی خۆم هاتەوە: هەولێر- کۆلیژی وێژە- بەشی کوردی. هێ لە هەندێش چوار ساڵ مەرگم لە خۆم دوورخستەوە. هەینێ بەرگی سەربازی بەرگی مەرگ بوو. هەر قوتابیێ نمرەی باشی نەهێنابا، لە چ کۆلیژ و پەیمانگایێ وەرنەدەگیرا، وەکات لە راپێچخانەوە بۆ بەرەی جەنگ دەنێردرا، لە دە کەس یەک نەدەگەڕاوە، دەکوژرا، یان بە دیل دەگیرا، بەخت یاوەری با، ئەندامێکی لەشی لەدەستدەدا.
ئیستا لە ناو پۆلێ تەنها یەک کەس دەناسم، لە ئامادەیی رزگاری دوو ساڵ هاوپۆل بووین، لە خۆپیشاندانێ گیرا، هێشتا شوێنی ئەشکەنجەی پێوە دیارە، عومەر مەحموودی ناوە. پۆل کوردی هەموو دەڤەرێکی باشووری کوردستانی تێدایە، هێندەی نەبرد لەگەڵ دهۆکییەک و نەینەواییەک و کەرکووکییەک و پشدەرییەک هاوڕێیەتیمان بەست، دواتر ناویان دەکەوێتە ناو کۆڵان کۆڵانەوە.
لە کۆلیژێ کچێ هەبوو، تەنها چاوی لە کەویاری بە ئاوداچوو دەچوو، لە حەفتەی یەکەم یان دووەم، بە هۆی ئەو چاوە لەوچووەوە، هەستمکرد دڵم بۆی دەتریوێنی. سێ چوار ساڵ بێ وەستان بۆی تریواند، بەڵام نە بەزار، نە بە چاو، بە ئاماژەیێ، بە پەیڤێ دەردی دڵم تێنەگەیاند. بەر لەوەی بە چیا بکەوم، هاتە سەرم رستەیەکی دڵمی پێ بڵێم، زارم بەسترا.
ئێهـ ، لە دەردی دڵ گەڕێ، با لەو بارەیەوە زار هەر بەستراو بێت و نەگەڕێ. وای لە گەردوونی چەپگەڕ! ئەو خەونەشم، خەونی بەدیهاتوو، مینا باویلکە بە با چوو. لەپڕ لە بەغدای ئەنفالەوە فەرمانێ هات: هەر قوتابیێ بۆ ماوەیێ بەرگی سوپای میللی (جەیشی شەعبی) نەپۆشێ و سووکە مەشقێ نەکات، لۆ ماڵێ!
قوتابیانی کورد بە یەک دەنگ: نا، نا بۆ جەیشی شەعبی، ماڵێ، ماڵێ.
لە پۆلێ مە چوار کەس ملیان بۆ فەرمانی بەعس دا، نەهاتنە ناو بەرەی نا. دوو کوڕ و دوو کچ، یەکیان هەولێری، سێیان سلێمانیی و دەوروبەری. لە عارەبەکانیش وا بزانم دوو سێ قوتابی بەرەنگاری فەرمان بوونەوە و(نا)یان هەڵبژارد، ئەوە بۆ عارەب ئاسان نەبوو، خۆ خستنە بەر چەقۆ بوو. یەک لەوانە کوڕێکی بەغدایی ناوی تالب بوو. ساڵی دواتر کە لە کۆلیژ وەرگیراینەوە، ئەو نەهاتەوە، کەس نەیزانی چی بەسەرهات، چ هەواڵی نەبوو، بووە بەردی بن گۆمی. هەندێ کەس بە کوڕە بەردەکە ناویان دەهێنا.
دوای چوار ساڵێ کوڕە بەردەکەم بە تفەنگ و فیشەکدانەوە لە پاڵ کەڤرێکی بە ساچمە قرنجاوی بەر سێبەری داربەڕووێکی پەلک تۆزاوی دیتەوە. لە ریزی کۆمۆنیستان پێشمەرگە بوو. دوای چاکوچۆنی بە کوردییەکی بێ گرێوگۆڵ گوتی: تالبم لە شار بەجێهێشت، ئێستا لە چیا رێبوارم، بەڵام عارەبم پێوەیە، هاوڕێیان بە رێبوار عارەب گازمدەکەن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved