خەتای خۆتە
خەتای خۆتە
September 07, 2026

بێ ئیشی؟ بەنزین و کارەبا گرانن؟ ژیانت ناخۆشە؟ نەخۆشی؟ بێزاری؟ لۆت نایێ؟ هەمووی خەتای خۆتە.
کو؟
تاکی کورد ئیش لەسەر خۆی ناکات، بەس ئازایە گلەیی بكات و بنووزێتەوە.
دەی بزانم چ دەزانی و چ کارامەیییەکت هەیە؟ پسپۆڕی ئای تی و ئەندازیاری کۆمپیوتەری و ئیشت نییە؟
لۆ بەس لە هەولێر لە ئیش دەگەڕێی؟ بڕۆ بەسڕا، جێت بگۆڕە، بڕۆ ئەو جێیەی ئیشی لێیە.
پار، برادەرێک ماوەیەکی زۆر بێ ئیش بوو، گۆتم لۆ تەقدیمی ئیشێ ناکەی لە بەسڕای؟ گۆتی کو بچم. گۆتم لە قالبی هەولێر وەرە دەرێ، بڕۆ و بگەڕێ، ئەزموونە. چوو، ئێستە باشترین ئیشی هەیە لەوێ.
گلەیی لە بەنزین و کارەبا نەکەی. ئەتو شایەنی ئەوەی نی بەنزین و کارەبات هەرزان بیت. مادام دەچییە گەشت و پاش خۆت خاوێن ناکەیەوە، سەیرانگەکانت کردیتە زبڵخانە، شایەنی هیچ نیت. شتەکت بە دەست بی، لە هەموو گەندەڵکارەك خراپتر دەکەی. زگت بە خاک و خۆشت ناسووتێ.
لە هەر بارودۆخێکدا بیت لە ژیانتدا، باش یان خراپ، شایەنتە، چونکە هەمووی دەگەڕێتەوە سەر خۆت. نەخۆشی و بێزاری و هەر چییەک بێت، خۆت بەرپرسی.
دەزانم هەرچیت لەگەڵ بڵێم، قەناعەت ناکەی. ئەمن دەستم لە تو شووشتییە، بەس مەرد بە یەک ئیشم لۆ بکە، منداڵەکانت وەك خۆت فێر مەکە. هانیان بدە شت فێر بن، مەیانکە فەرمانبەری میری، با فێری كاسبییەك ببن، مەرج نییە کۆلێژ تەواو بکەن، با بچن سنعاتێک فێر بن، بینێرە بەر ئیشێ، گێژی مەکە بە مۆبایل و ئایپاد. کە پۆلی نۆی تەواو کرد، مەینێرە ئامادەیی، با بچێتە قوتابخانە و پەیمانگە پیشەیییەکان، وەکی خۆتی لێ مەکە.
بە خۆت هیچت پێ ناکرێت، هەر قەیرانێکیش بێت، جوون بە دار و بەرد دەدەی. ئەتوی فێرە جوون، شایەنی ئەوە نی منی ڕۆشنبیر لۆت بێمە سەر شەقام و خۆپیشاندانت لۆ بکەم. تکایە چیی دی یەخەی ڕۆشنبیر و نووسەر مەگرن و پێیان مەڵێن بێ هەڵوێست، چونکە ئەمن یەک لەبارە خۆم، قەت لەسەر یەکێک بە جواب نایەم، کە خاک و خۆر و سەیرانگە و دەریاچە و ڕووبارەکانم لێ پیس بکات.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved