لە ستایشی مەحمود زامداردا
لە هاوینی ساڵی 1986ـدا، كە ئەوسا تەمەنم 15 ساڵ بوو، شیعرێكی خۆم لە گیرفان نا و چووم بۆ لای مامۆستا مەحمود زامدار كە ئەوسا لە نووسینگەی ڕۆژنامەی هاوكاری كاری دەكرد، نووسینگەكە كەوتبووە بەرانبەر كتێبخانەی گشتیی هەولێر، شیعرەكە لە گیرفانمدا عەبدوڵڵا پەشێو گوتەنی: دڵی دووەمم بوو لێی دەدا.
پێش ئەوەی بچمە لای مامۆستا زامدار و بوێرم شیعرەكەی پێ نیشاندەم، كەمێك لە باخچەكەی كتێبخانەی گشتیی هەولێر پیاسەم كرد و یەك دوو جار بە جددی ویستم بگەڕێمەوە ماڵەوە، ئەوەی هاندەرم بوو هەنگاو بنێم و بتوانم دڵی دووەمم نیشانی مامۆستا زامدار بدەم، تەنیا ئەوە بوو كە دەمزانی و بیستبووم زۆر ڕێز لە خولیا و بەهرەی گەنجان دەگرێت.
بەهەرحاڵ چووم و فەرمووی لێ كردم، منیش بە نوتقگیراوی ورتەورتێكم كرد و شیعرەكەم بە دەستێكی لەرزۆك خستە سەر مێزەكەی، خوێندیەوە و بە قەڵەمێكی سوور هەندێ وشەی گۆڕی و گوتی باشە تۆ بۆ دەتەوەێ شیعر بنووسیت؟ منیش گوتم بۆ ئەوەی بەشداری بكەم، یەكسەر گوتی گەر بۆ بەشداری شیعر دەنووسیت، مەینووسە! گوتم بۆچی؟! گوتی لەبەرئەوەی شیعر بەشداری نییە و هەڵتەكاندنە، ڕووخاندنە، تەجاوزكردنی كەسانی پێش خۆتە، بەڵام دیار بوو شیعرەكەی بە دڵ بوو بە بەراورد لەگەڵ تەمەنم، دوای ماوەیەك شیعرەكەم لە ڕۆژنامەی هاوكاری بڵاو كرایەوە و تا بەیانی لە خۆشیاندا خەوم لێ نەكەوت.
من بە گشتی یادەوەرییم بۆ لایەنە وردەكانی ڕووداو، باش نییە، بەڵام ئەو سەردانەم قەت بیر ناچێتەوە، لەبەرئەوەی بڵاوكردنەوەی یەكەم شیعر، وەك ماچ و خۆشەویستی یەكەم وایە و بە ئەستەم بیر دەچێتەوە، لە لایەكی تریش یەكەم جار بوو كەسێك ببینم بەم شێوەیە و بە جوانی لە بارەی شیعر و تازەگەرییەوە قسە بكات.
كەم نووسەر و هونەرمەندی هەولێر هەیە، یەكەم نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا لەسەر دەستی زامدار بڵاو نەكرابێتەوە، یان چاككردن و شەنوكەوكردنی بابەتێكی بە ژێر قەڵەمە سوورەكەی گوزەری نەكردبێ، جار بووە لە ناوهێنانی ئەوانەی یارمەتی داون مامۆستا زامدار هێندەی دەژمارد، كە خۆیشی تاقەتی لە ژمارەكان دەچوو، زامدار پێش هەموو شتێك چاكەیەكی ئێجگار گەورە و بەرچاوی بەسەر شاعیرانەوە هەیە، ئەو توانی لە ساڵی حەفتای سەدەی ڕابردوودا شاكارەكەی شاعیری بەناوبانگ تۆماس سێرنز ئێلیۆت (وێرانە خاك) وەرگێڕێت و خوێندەوارانی كوردی پێ ئاشنا بكات، تەسەور ناكرێت چەند ئەستەم بوو لە ساڵی حەفتا كە گەرمەی شیعری چینایەتی و نەتەوەیی و چەپگەری و ئەدەبی مولتەزیم و شیعر و شانۆی شۆڕشگێڕی بوو، كەسێك هەبێت و لە شێوەی زامدار ئاوڕ لە وێرانەخاكی ئالیۆت بداتەوە، ئەمە وەك ئەوە وایە لە ساڵانی چلەكانی سەدەی ڕابردوو بە قانعی شاعیر بڵێیت: بەڕێز پێویستە شیعری ئۆتۆماتیكی بنووسیت! كەچی زامدار لە خولیای نوێگەری و تازەخوازی خۆی نەدەكەوت.
بە ڕای من، جوانترین شت لە زامداردا ئەوە بوو كە نەدەچووە ناو ماڵێكی ئاراستەیەكی ئەدەبی و دانیشێت، هیچ ڕێباز و قوتابخانەیەكی ئەدەبی نەیدەتوانی ڕام و دەستەمۆی بكات و لە جووڵە و گەڕان و شەیدایی كەم كاتەوە، هەمیشە بە ڕێژەیی تەماشای داهێنانی دەكرد و بەردەوام داوای تەجاوز و بەزاندنی لە شاعیران دەكرد، دەیزانی شاعیر دەبێت مەلعوون و ناتەبا بێت لەگەڵ باو و ناسراودا، هەموو تامەكانی ژیانیشی تاقی كردبۆوە، ماوەیەك فەقێ بووە، ماوەیەك ماركسی بووە، ماوەیەك ڕۆمانتیكی بووە، ماوەیەك وجوودی بووە، ئەو لە هەموو فەلسەفەكانی دەخواردەوە و هیچ فەلسەفەیەكیش بۆی نەبوو بڵێت: زامدار تکایە لە شوێنی خۆتدا بمێنەوە، فەقێ بووە، بەڵام نەبۆتە مەلا. ماركسی بووە، بەڵام نەبۆتە كۆمۆنیست. ڕۆمانتیكی بووە، بەڵام نەبۆتە عاشق. وجودی بووە، بەڵام نەبۆتە دەروێشی سۆرین كیركەگارد. بەیەكەوە بە قەد یەك: ئەڵا ئەڵای بۆ شیعرێكی نالی و شیعری گەنجێكی بەهرەدار دەكرد، بە یەكەوە و بە قەد یەك: دڵی بە مەحوی و هەرزەكارێكی خوێندەوار خۆش دەبوو.
یەكێك لە وێستگە گرنگەكانی شیعری هاوچەرخی كوردی، ئەزموونی شیعری هەشتاكانی هەولێرە، ئەم وێستگەیە لەسەر دەستی كۆمەڵێك بەهرەمەند هاتەكایەوە، كە دیارترینیان (عەباس عەبدوڵڵا یوسف و جەلال بەرزنجی و دڵشاد عەبدوڵڵا و كەریم دەستی و هاشم سەراج و نەوزاد ڕەفعەت و ئیسماعیل بەرزنجی، هتد..) بوون، بە چاوپۆشین لەوەی ئەو نەوەیە تا چ ڕادەیەك توانیان پەرە بە دنیابینی و ڕوئیای شیعریی خۆیان بدەن، بەڵام هەمیشە وەك وێستگەیەكی پڕ بەها لە مێژووی شیعری تازەی كوردیدا تۆمار دەكرێن.
بۆ ئەم نەوەیە مامۆستا زامدار پشكی شێری لە سەپۆرت و ڕێنوێنی بەردەكەوێت، ڕاستە زامدار لەناو شیعر و لە بارەی شیعرییەتدا بەشدارییەكی تیۆری ئەوتۆی نەبووە، بەڵام لە دەرەوەی شیعر و شیعرییەتدا پاڵپشتێكی گەورەی ئەو ئەزموونە بوو، دەرگا و دەروازەی ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی بۆ واڵا كردبوون، كۆڕ و سمیناری بێشوماری لە زۆربەی شارەكانی عێراقدا بۆ بەستوون، ئەڵقەیەكی گرنگ بوو بۆ بەستانەوەی ئەزموونی هەشتاكانی هەولێر بە قەڵەمە تازەخوازەكانی عەرەب لە سەرتاپای عێراقدا، من پێم وایە ئەزموونی هەشتاكانی هەولێر گەر لە ڕووی شیعر و تێگەیشتن لە شیعردا سوودیان لە زامدار نەبینیبێت، ئەوا لە ڕووی ڕاگەیاندن و سەپۆرتی ناوەندی ئەدەبیاتی كوردی و ڕێخۆشكەریی بۆ ناسینیان، سوودێكی ئێجگار گەورەی هەبووە.
سڵاو لە بەهرە و دڵسۆزی و کەسایەتی جوانی مامۆستای هەموومان: مەحمود زامدار.