پێشەكی
ئافرەتی كورد وەك هەر ئافرەتێكی ئەم خركەی زەوییە، دووچاری گێچەلی سێكسی دەبێت، جا چی لەنێو خێزان، گەڕەك، شەقام، خاندنگە، زانكۆ، فەرمانگە، كارگە و ... لەم چەند ساڵانەی دواییشدا هەراسانی سێكسی لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە لەگەڵ تەشەنەكردنی ئاڵۆزتریكردووە.
زۆرجار ڕەگەزی مێ و كەمتر ڕەگەزی نێر بە ڕێگەی جۆراوجۆر هەراسان دەكرێن لەوانە: قسەی نەشیاو، وشەی واتابەخشی سێكسی، ناردنی نامەی دەنگی، یان وێنەی جنسی، دەستدرێژكردن، پەلاماردان و...كە ئەمانە هەموو دەبن بە مایەی نەسرەوتی دەروونی بەرامبەر و سەرهەڵدانی ترس و دڵەڕاوكێ لەلای.
زانكۆ و گێچەڵی سێكس
لەسەردەمی بەعسدا
هێندێك لە بەرپرسان و مامۆستایانی بەعسی، ڕێگەیان بەخۆیان دابوو، كچانی كارگێڕ و قوتابییانی كورد لە زانكۆ بە هەموو ڕێگەیەك هەراسان بكەن. ئێمەی مامۆستایانی كوردیی نابەعسی بەنهێنی هەوڵی ئەوەمان دەدا، كە كچ و ژنەكان بەفەرمانبەر و قوتابییەوە لە لەكەداركردن و هەراسانكردنی سێكسیدا بەپێی توانا دووربخەینەوە.
یەك لەو مامۆستا بەعسییانەی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردوو دكتۆر ئیسماعیل لازم ئەلهاشل - ڕاگری كۆڵێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەددین بوو، ئەم بەدكارە لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا هەردەم تووڕە و مۆن و ڕووگرژ بوو، لە قسەكردندا یەك ڕستەی نەبوو وشەیەكی زبر و هەڕەشەئامێزی تێدا بەكارنەهێنابێت، بەڵام كاتێك بە تەنیا لەگەڵ كچێكدا دەبوو، نەرم و نیان، قسەخۆش، ڕووخۆش، وتەكانی هەر شەكریان لێ دەباری و... بەمە هەرزەكارانی دەخستە نێو تۆڕی هەوسبازی خۆیەوە. ئەم ڕەفتارەی بۆ نەچووەسەر، كوردێكی بوێری لێ هەڵكەوت لەبەردەم هەموو فەرمانبەر و قوتابییانی كۆلێژدا تێری تێهەڵدا، جا فرێیدا سەر زەوی و پیڵاوەكانی خۆی لەنێو دەمی ئاخنی. ئەم ڕووداوە بێوینەیە، بوو بە وانەیەكی لەبیرنەكراو بۆ هاوكاران و هاوبیرانی وەك ئەو.
هەر لە كۆلێژەكەی ئێمەدا بەرپرسانی حزبی بەعس قوتابییەكی كچی بەعسییان باڵاپۆشكردبوو، ئەم كچە هەوڵیدەدا، بە هەرچ جۆرێك بێت پێوەندی ناڕەوا لەگەڵ مامۆستایانی كوردی نابەعسی زانكۆ پەیدابكات و بیانخاتە داوەوە، بەڵام هەوڵەكانی بێسوودبوون، چونكە مامۆستاكان زۆر بەتۆرە و پاكداوێنبوون، پەیامی زانستی، ئەركی پەروەردەیی و بەهای كوردبوونیان لەسەرووی هەموو خواستەكانی دیكەدا بوون.
تێڕوانینی پیاوی سەردەم
بەرامبەر بە ئافرەت
لەگەڵ ئەوەی زۆر لە ڕووناكبیرانی هەڵكەوتووی جیهان بەكوردەوە لەگەڵ مافی ڕەوای ئافرەت دان، هەروا لەگەڵ ئەوەی ژنان بە تایبەتی فەمینیستەكان لە سەدەی نۆزدەهەمەوە خەبات بۆ وەدەستهێنانی یەكهەڤی نیوان ژن و پیاو دەدەن، ئەویش بەڕێگەی نەهێشتنی نێرسالاری، كە بووە بە مایەی نایەكسانی. ئەمڕۆش فەمینیست و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی، تیشك دەخەنە سەر كێشەی گێچەڵی سێكسی، دەستدرێژیكردن بۆ سەر نامووس و كوشتن و..... ئافرەتان، ئەوان لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، مەترسییەكان و لێكەوتەكانی هەروا چارەسەریشی دەخەنەڕوو، كەچی ئەم هەوڵانە هەموو نەیانتوانیوە هەژموونی نێرسالاری لای پیاوانی دەستڕۆیشتوو و سەرمایەدار و توندڕەوان و... نەك هەر بسڕنەوە، بەڵكو كاڵیشی بكەنەوە.
لێكۆڵینەوەكانی جیهانی دان بەوەدا دەنێن، كە قوتابییان و خوێندكارانی ئامادەیی و زانكۆكان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گێچەڵی سێكسیدا پشكی شێریان بەركەوتووە، گێچەڵكاران خاوەن كار، دەستەی كارگێڕی و مامۆستایان دەگرێتەوە.
ئەو داوودەزگانەی، كە ئافرەت چی بۆ خوێندن، یان كاركردن ڕوویتێدەكات، زۆربەیان پیاون، هێندێك لەو پیاوانە وەك سەرمایە، كەلوپەلی گرانبەها، سوڤینیر، ئوتومبیل و ... تەماشای ژن دەكەن و بە موڵكی خۆیانی دەزانن، بۆیە لایان ڕەوایە، دیاری پێشكێش بكەن، مووچەی زیادبكەن، وشەی سێكسی دەرببڕن، باوەشی پێدابكەن و...كە گەیشتنە ئامانجی خۆیان، دەستی لێهەڵگرن و وەكوو مۆبایلەكەیان بیگۆڕن و بێباكانە قوربانییەكی دیكە پێشكێش بە جڤاك بكەن.
پەروەردەی خێزانی، خاندنگە و
كەناڵەكانی ڕاگەیاندن
ئێمەی ئافرەت سەدان ساڵە، خاوەندارێتی خۆمان لێ زەوتكراوە، دان بە هەبوونمان وەك كەسایەتێكی سەربەخۆ شێوێندراوە، بۆ ئەوەی هەر لەنێو ئەو بیرۆكە داخراوەدا بمێنینەوە، كە ئێمە پاشكۆ و شوێنكەوتەی نێرینەكانین!
دایكێك بەم تێڕوانینە پەروەردەكرابێت، كچەكەی ڕووبەڕووی گێچەڵی سێكسی بێتەوە، دەبێت چی بڵێت؟ هەڵبەت ئەگەر كچەكەی قوتابی بوو، داوای لێدەكات، كە بەبێدەنگی دەست لە خوێندن هەڵبگرێت، ئەگەر لە شوێنی كاردابوو، بەجێیبهێڵێت، چونكە لە قسەی كۆمەڵ دەترسێت، كۆمەڵ لەمجۆرە ڕووداوانەدا هەردەم ئافرەتەكە بە گوناهكار دەزانێت.
ئێمە لەنێو خێزاندا دەبێت ئەوە لە كچ و كوڕەكانمان بگەیەنین، كە هەر تەنیا خۆیان، خاوەنی جەستەی خۆیانن، هیچ كەسێك نە لەنێو ماڵ و نە لە دەرەوەیدا مافی دەستكاریكردنی جەستەی ئەویان نییە.
منداڵەكانمان لەنێو بەرنامەی پەروەردەیی خوێندنگەكاندا، تا چەند ئاشنای جەستەی خۆیان دەكرێن؟ بە چ ڕێگە وانەی سێكسڵۆژییان پێشكێشدەكرێت و چۆن خۆیان لەو بەدكارانە بپارێزن و چۆن بوێرانە بەرامبەری بوەستن و خۆیان ڕادەستیان نەكەن؟
لە سەدان كەناڵی ڕاگەیاندنی نووسراو، بیستراو و بینراو چەند بەرنامەی زیندوومان لە بارەی پاراستنی جەستە، هۆشیاركردنەوەی سێكسی، زانستانە، لێزانانە، پسپۆرانە، بەردەوامبووانە ئامادەكردووە؟
لە زانكۆكاندا چەند پسپۆرمان لەڕووی تەندروستی جەستەیی، دەروونی، جڤاكی و سێكسڵۆژی پێگەیاندووە، بۆ ئەوەی یارمەتی قوربانییەكان بدەن.
چ زانكۆیەك بەدواداچوونی بۆ هۆی سووتان، كوژران و... كچانی نێو خێزان كردووە، ئەگەر ئەو كچانە خۆیان، خۆیان سووتاندووە، بۆ؟ ئەگەر سووتێندراون، بۆ؟ ئەم ڕووداوە جەرگبڕانە هەتا ئێستە هەر پەردەپۆش كراون.
ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئەو كچانەی لەنێو خێزاندا دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەریان و بەڕێكەوت لە ژیاندا ماون، بوێرانە چیرۆكی تاڵی خۆیان بگێڕنەوە، هەروەك چۆن ژنانی ئەوروپا، لە كۆتایی سەدەی ڕابردوودا، گلەییان ئاڕاستەی دایكی خۆیان دەكرد، بەوەی، كە دەیانزانی لەلایەن نێرینەی ماڵەوەیان دەستدرێژی كراوەتە سەریان، بەڵام دایكیان لە بەر هەر هۆیەك بووبێت بێدەنگی هەڵبژاردبوو!
زۆربەی كچانی سەردەمی ئەمڕۆ هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی خێزان و دەوروبەریان دەكەن و ئەو بوێرییەشیان بەخۆیان بەخشیوە، كە بەرامبەر بە مافخوران، توندوتیژی و هەرجۆرە دەستدرێژییەك، نەك هەر بوەستن، بەڵكو ڕسواشی بكەن.
هەولێر 8/8/2026