لە بناری چیای باواجی، لە نێوان دۆڵە پڕ لە دڕکەزەردە و گوڵزارەکانی گوندی تۆپزاوای سەر بەقەزای کۆیە، ژیان تامی هەنگوینی لێ دێت.
لەوێندەر، خێزانێک ماوەی ٣٠ ساڵە بە هاوبەشیی ژن و پیاو و منداڵەکان، چارەنووسی خۆیان بە پیشەی هەنگەوانییەوە بەستووەتەوە. بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەهارە ناوازەکەی ئەمساڵیشەوە، نایابترین هەنگوینیان لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بەرهەم هێناوە.
سەفین کەیفی، لە منداڵییەوە لەناو هەنگەوانیدا چاوی کردووەتەوە و بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە سبەهۆی ئەوەی باب و باپیریشم هەنگەوان بوون، ئەمنیش لە گەنجییەوە دەستم پێ کرد. لە کۆتاییی نۆهەتەکان دوو هەنگم کڕی و هوردە هوردە پەرەم پێ دا. ئێستە دەتانم برێم یەکێکم لە هەنگەوانە باشەکانی ئەو ناوچەیە، شارەزایییەكی تەواوم لە نەخۆشییەکانی، بەخێوکردن، جۆرەکان و ڕەچەڵەکی هەنگ هەیەز.
ئەو پیاوە کە بە سەفین هەنگەوان ناسراوە، هەنگی کارمیکا بەخێو دەکات، کە جۆرێکی باشە و بۆ سنووری کۆیە گونجاوە، چونکە وەک خۆی دەڵێت، کۆیە لە ڕووی شیلەوە باشترین شوێنە، بۆیەش هەنگوینەکەی زۆر باشە. باسیش لە کاریگەریی ژینگە لەسەر تامی هەنگوین دەکات و دەڵێت سبەهۆی جیاوازیی کەشوهەواوە، جیاوازی لە هەنگوینەکان دروست دەبێت. ساڵانە تا جۆری دڕکەکان زۆرتر بن و نێر بن، شیلەکان زیاد دەکەن، تام و بۆن و کوالێتیی هەنگوینیش باشتر دەبێت. بۆ نموونە، هەنگوینی ڕەنگ زەرد کە بەلای سەوزدا دەڕوانێت، پێی دەڵێین هەنگوینی دڕکەزەردە، چونکە لەو ڕووەکە بەرهەم هاتووە. هەر خۆشی دڕکەزەردە لۆ زۆر نەخۆشی چارەسەرە، خەڵک دەیکوڵێنێت و دەیخوات، جا حیساب بکە ئەوە شیلەکەیەتی دەبێ چەند بەسوود بێتز.
سەبارەت بە جۆری هەنگوینەکان و دەستێوەردانی مرۆڤیشەوە، سەفین ڕوونی دەکاتەوە سدوو جۆر شانەمان هەن، یەكیان ئەوەیە كە هیچ بنەچە لۆ هەنگوین دانانێین، هەنگەکان خۆیان دروستی دەکەن و پێی دەڵێن زەمبیلە. ئەوی دیکەش بنەچەكی لۆ دادەنێین، بەس هیچ دەسکاریی ناکەین و هەنگوینەکانمان سروشتین. خۆم بەرپرسیاریەتیی تەواوی هەنگوینەکەم هەڵدەگرم کە ١٠٠٪ سروشتییە و فێڵی لێ ناکەینز.
گەرمیان و کوێستانی هەنگەکان
ژیانی هەنگەوان تەنیا لە یەک شوێن قەتیس نابێت. سەفین هەنگەکانی لە نێوان گەرمیان و کوێستاندا دەگوێزێتەوە. وەک خۆی باسی دەکات، لە مانگی دووەوە هەنگەکان هان دەدەن بۆ دروستکردنی هەنگوین، تا مانگی حەفت کە دەست بە بڕینەوەیان دەکەن. دەڵێت سدوای ئەوەی کەشوهەوا زۆر گەرم دەبێت، دەیانگوێزینەوە کوێستانەکان. لەوێ بەهار تازە دەست پێ دەکات، دەیانبەینە ناو سروشتی گوڵەکانی کوێستان و دووبارە هەنگوینێکی مەودا کورت دروست دەبێت. هەنگەکان خۆیان نوێ دەکەنەوە، چونکە لێرە زۆر ماندوومان کردوون. لە کوێستان کۆمەڵەیان زیاد دەکات و کەمێک هەنگوینیشمان لۆ دروست دەکەن کە باییی خەرجییەکەی دەکات، پاشان لە مانگی نۆ دووبارە دەیانگەڕێنینەوەز.
سەبارەت بە مردنی هەنگەکانیش، سەفین پەنجە بۆ چەند هۆکارێک ڕادەکێشێت. یەکەمیان ئەو دەرمانە قڕکەرانەی ساڵانە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە، کە هیوادارە لایەنی پەیوەندیدار ڕێگرییان لێ بکات، چونکە کارەسات دروست دەکەن. هۆکاری دووەمیش کەمتەرخەمیی هەندێک هەنگەوانە، کە دوای بڕینەوەی هەنگوینەکە، گوێ بە نەخۆشیی هەنگەکان نادەن و لەناویان دەبەن.
هەنگوینی کوردستان لە لووتکەی جیهاندا
سەفین هەنگەوان بە شانازییەوە باس لە هەنگوینی کوردستان دەکات و پێی وایە باشترین و سروشتیترینە بەهۆی ژینگە جوانەکەیەوە، بەو مەرجەی فێڵی تێدا نەکرێت. دەڵێت سبەڵگە لۆ قسەکانم ئەوەیە کاتێک لە وڵاتە عەرەبییەکان، لە عەرەبستانی سعودی پێشبڕکێیەکی هەنگوینیان کرد، هەنگوینی کوردستان لەسەر ئاستی ٤٣ وڵات بووە یەکەم. ئەوەش بەهۆی کەشوهەوای کوردستانە کە زۆر گونجاوە لۆ هەنگ بەخێوکردنز.
لەگەڵ ئەوەشدا، گرفتی ساغکردنەوەی بەرهەمەکە نیگەرانی کردوون و دەڵێت سئێمە ئەو هەموو ئازارە دەکێشین تا هەنگوینێکی نایاب بەرهەم بهێنین، کەچی بازرگانان دەچن لە وڵاتان هەنگوینی جۆری زۆر خراپ هاوردە دەکەن و دەرخواردی خەڵکی دەدەن. ئەوەی لە دەرەوە دێت تەنیا ناوی هەنگوینە دەنا هەمووی دەستکردی کارگەکانە. لێرە هەنگەوانەکان ئیفلاس دەبن و بازرگانەکانیش دەوڵەمەندترز. داواش دەکات فرۆشتنی هەنگوین مەرجدار بکرێت بە بوونی پێناسەی بەخێوکردن، چونکە زۆر جار لەسەر ڕێگەکان و فیستیڤاڵەکان هەنگوینی کارگەکانی ئێران وەک بەرهەمی خۆماڵی دەفرۆشرێت.
ڕۆڵی ژن لەناو دڕکەزەردە و پێوەدانی هەنگدا
لەم کارە قورسەدا، سەفین تەنیا نییە. خێزانەکەی، دڵبەند ڕەفیق، هاوشانی ئەو کار دەکات. سەفین بەپێزانینەوە دەڵێت سخێزانەکەم هەر وەک قارەمانێک و ژنێکی بەتوانا کار دەکات. جگە لەوەی کاری ماڵەوەشی لە ئەستۆیە، کاری هەنگەوانیش دەکات و زۆر وریایە لە ساغکردنەوەی هەنگوینەکان و فرۆشتنی لە ڕێگەی ئەکاونتی خۆیەوەز.
دڵبەند ڕەفیق، کە ئامۆزای سەفینیشە، دەربارەی ئەزموونی خۆی دەڵێت سکاری هەنگەوانی قورسە، بەڵام ئێمە باب و باپیرانمان هەر ئەو کارەیان کردووە و پیاوەکەشم هەنگەوان بوو. منیش ٢٥ ساڵ دەبێت هەنگەوانیی لەگەڵ دەكەم. کارەکەم خۆش دەوێت و بە دڵسۆزییەوە هەنگوینێکی جوان و حەڵاڵ بەرهەم دێنینز.
لە باسی پێوەدانی هەنگیشدا، دڵبەند بەسادەیییەوە دەڵێت سهەرچەندە مێش زۆر پێمەوە دەدەن بەڵام ڕاهاتووین. ڕۆژ هەبووە ٢٠ هەنگ پێوەی داوم. تەنیا یەک لە منداڵەکانم نەبێت کە تووشی هەستیاری دەبێت. مێش ڕقی لە جلی ڕەشە و جاری وایە تووڕە دەبن کە دەچییە ناویان، یان ئەگەر باڵندەیەک بەناویاندا بڕوات هار دەبن و بەرگری لە خۆیان دەکەن، هەرچەندە ئەو جۆرە مێشەی ئەمە هەمانە، زۆر فەقیرنز.