لەناو دوكانێكدا، كە بەردەوام خشەخشی ڕادیۆی لێ دەبیسترێت، لە دەرەوەشی غەڵبەغەڵبی هاتوچوونی ڕێبوارانی کۆڵانێکی باریک و قەرەباڵغی بازاڕی لەنگە، پیاوێک دانیشتووە، تەمەنی خۆی داوەتە دەست شەپۆل٣ی ئێزگەكانی ڕادیۆ.
ساڵح عەزیز، خەڵکی خۆشناوەتییە و ئێستە تەمەنی ٧٢ ساڵە، لە ١٩٦٦ەوە ڕووی لە هەولێرێ كردووە و چیڕۆکی ژیانی ئەو، جیاواز لە زۆربەی خەڵكی، وابەستەی ئامێری ڕادیۆ و دەنگی ئێزگەكانە، پێی وایە قەت مۆدێلی ڕادیۆ بەسەرناچێت.
ئەو پیاوە كە پیشەی سەرەكیی مامۆستایەتی بووە و ئێستە خانەنشینە، یەكەمین یادەوەریی لەگەڵ ڕادیۆی لەمپادا بۆ ساڵانی ١٩٦٢ و ١٩٦٣ دەگەڕێتەوە، ئەودەم تەمەنی لە دەوروبەری چوار پێنج ساڵیدا بووە و لە گوندی گڕاو دەژیان، بە زەردەخەنەوە دەیگێڕێتەوە ”بابم مەلا بوو، زۆری حەز لە ڕادیۆ بوو، یەكەم ڕادیۆی كڕی لە نەوعی لەمپا. گڵۆپی تێدا بوو، وەكی پێت دەكرد، دەبوو دەقەكی لەسەر کارەبای دابنێی هەتا گەرم بیت، ئەوجە ئیشی دەکرد“.
لەو سەردەمەدا کە کارەبا نەبوو، گوندنشین ناچار بوو پاترییەکی گەورە بۆ ڕادیۆ دابنێت، ڕادیۆکەشی لە وەرزی هاویندا لە سەربان دادەنا، زۆربەی دانیشتوانی گوندەکەی لێ کۆ دەبووەوە. ساڵح عەزیز دەڵێت ”لە گوندی مە یەک کەس ڕادیۆی هەبوو، هەموو پێكەوە گێمان لە ئێزگەی کوردیی بەغدایێ دەگرت کە ساری ١٩٣٢ دامەزرا بوو. ئەو وەختی پەخشەکەی بەس ٢٠ دەقەی دەخایاند، ئەوەش لۆ مە هەموو شتەك بوو“.
ئەو مامۆستا خانەنشینە ئێستە تەنیا کۆکەرەوەیەکی ئاساییی ڕادیۆی كۆن نییە، بەڵکو شارەزایییەکی وردی لە چۆنیەتیی دروستبوونی ڕادیۆ و مێژووی داهێنانی ئامێرەکەش هەیە، لە باسی گوگلیێلمۆ مارکۆنیی ئیتاڵیدا دەڵێت ئەو یەکەم داهێنەری ڕادیۆ بووە و لە بنەماڵەیەکی هەژار بوو، داوای لە باوکی کرد ژوورێکی بداتێ تا کار بکات، سەرەنجام توانی دوو ئامێر دروست بکات کە دەنگ لەوبەری دەریاوە لۆ ئەوبەری بگوازیتەوە.
لە باسی ڕادیۆی لەمپاشدا دەڵێت ”هەتا ١٩٦٠، ڕادیۆی لەمپا لە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئەمریکا و ژاپۆن دروست دەکرا، دوایێ شۆڕشی ترانزستەر دەستی پێ کرد، وەی کرد ڕادیۆ بە قەبارە گچكە بیتەوە و خەرك بتانن بە ئاسانی هەریگرن. ڕادیۆی سۆنی و ناشناڵ پاناسۆنیکی ژاپۆنی دروست كرا، لەگەر گرۆندیک، سیمێنس و ئای تی تیی ئەڵمانی و فیلیپسی هۆڵەندی“. باس لەوەش دەكات كە لە نێوان هەموو بڕاندەكانی ڕادیۆدا، عاشقی ڕادیۆی سۆنی بووە و دەڵێت جارێكیان ئەو عەشقە وای لێ كرد بیر لەوە بكاتەوە ناوی منداڵێكی بنێت سۆنی.
بەلای ساڵح عەزیزەوە، كە لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستی داوەتە فرۆشتنی ڕادیۆ و هێشتا دەستبەرداری نەبووە، شکاندنی ڕادیۆ تاوانە، بە ڕووخسارێکی گرژەوە دەڵێت ”ئەگەر حاکم بوومایە و کەسەك ڕادیۆیەکی شکاندبا، سزای توندم دەدا“. یەکەم دوکانی ئەو لەناو دەڵاڵخانەی قەدیمی هەولێرێ بووە، كە ئێستە هەڵگیراوە. لەو سەردەمی ڕادیۆ ئامێرێکی دەگمەن بوو، لە کوێت و بەغداوە بە قاچاخ دەگەیشتە هەولێرێ و نرخیان گران بوو. یەكێك لە یادەوەرییەكانی دەگێڕێتەوە ”جارەك هەرچی پارەی هەمبوو لۆ ڕادیۆیەکی دەگمەنی سۆنی دامنا، نەیاندامێ، ٢٨ هەزار دیناری سویسری، بەس بیانفرۆشتبامێ هیچم نەدەویست، بەس بەداخەوە نەیاندا“. لە بارەی نرخی ئێستەی ڕادیۆشەوە دەڵێت ”ڕادیۆی سینی هەیە بە ٢٠ دۆلاری، بەس هێشتا مارکەكان سعریان دەگاتە ٣٠٠ دۆلاری، ڕادیۆی کۆنیش لە كن عاشقان و ئارەزوومەندان وەکی زێڕیە و ئەنتیكەكی بەهادارە، چونکە چیی دی دروست ناکرێنەوە. ئێستە بەخۆم نێزیكەی ٢٠ دانە لە باشترین و دەگمەنترین مۆدێلەکانی ڕادیۆم لە كن خۆم پاراستییە“. بە توندیش ڕادیۆی هەرزانی چینی ڕەت دەكاتەوە، چونكە وەك خۆی دەڵێت ”دەنگیان خراپ و ناڕێکە، دنیاش كاول بیت، لە پێش دەركەی مارم شەڕ بیت، بە ڕادیۆی خراپ گێ لە دەنگوباس ناگرم. ئەمن تام لە دەنگی ڕادیۆی خراپ ناكەم“. بەڵام وەك ئەو باسی دەكات، بازرگانەكان بازاڕیان تەنیوە بەو ڕادیۆ خراپانە و دەچن لە چین داوا دەکەن ڕادیۆی ١٠٠ دۆلاری بە ٢٠ دۆلار دروست بكەن، لە ئەنجامیشدا شتێكی خراپ و بێ بایەخ دەردەچێت.
ئەو كاسبكارە كە لە ٢٠٠٧ەوە دوکانەکەی بردووەتە بازاڕی لەنگەی سەر جادەی ٤٠ مەتری، بووەتە مەڵبەندی کۆبوونەوەی ئارەزوومەندانی ڕادیۆ لە ناوچەكە. ئەوانەی كۆكەرەوەی ڕادیۆن سەردانی دەکەن و لەوێ ئالوگۆڕی پارچە دەگمەنەکان دەکەن.
لەو سەردەمەدا، کە شاشە هەموو گۆشەیەكی چاوی گرتووە، دوکانێكی گچكە لە لەنگەی هەولێرێ دواهەمین سەنگەری بەرگریی مانەوەیە لە دوورگە ئارامەكانی جاران، ئەو سەردەمەی ژینگەی دیتن ساختر و ژیان سادەتر بوو. بیستن پانتایییەكی گەورەتری هەبوو، كەسێكی وەك مامۆستا ساڵح، هەفتانە پاتریی دەخستە پشتی ڕادیۆكەی و نیو سەتەی تەمەنی لەناو لەرەلەری دەنگەکاندا و گەڕان بە دوای ئێزگەی دڵخوازیدا بەسەر دەبرد، دەیسەلماند ڕادیۆ ئامێرێكی بێ گیانی ئاسن و پلاستیکی نییە، بەڵکو هاوڕێیەکی بێ چاوەڕوانیی تەمەنە، لە تاریکترین شەوەکاندا، دوورترین گوندی خۆشناوەتی بە جیهان دەبەستەوە.