چۆن ئێوارە هات
چۆن ئێوارە هات
September 14, 2026

ئەو گۆرانییانەی تەمەنێك لە دڵدا دەمێننەوە، چیڕۆکی قووڵیان لە پشتە، وەكو ئێوارە هاتی تەنیا ئیدریس، كە بە تەنها دەنگ و مۆسیقایەكی خۆش نییە، بەڵکو بەشێكە لە ژیان و عەشقی سەردەمی تاراوگەی ئەو هونەرمەندە هەولێرییە.
تەنیا ئیدریس دوای ئەوەی کچێکی هۆڵەندی دەناسێت، وەك خۆی باسی دەكات، زۆر شیرین و جوان بووە، کەوتوونەتە داوی عەشقێکی قووڵەوە.
دوای ئەوەی تەنیا دەزانێت خۆشەویستەکەی حەزی لە ئۆتۆمۆبێلی گۆڵفە، بۆ ئەوەی دڵی خۆش بکات، ئۆتۆمۆبێلەکەی خۆی دەگۆڕێت و گۆڵف GTIیەكی ڕەنگ سوور دەکڕێت.
ڕۆژێکی هاوین، بە ئۆتۆمۆبێلە سوورەکەی سەردانی خۆشەویستەکەی دەكات و پێکەوە لە نهۆمی نۆیەمی باڵەخانەیەک دانیشتوون. کچەکە ئۆتۆمۆبێلەکە دەبینێت، زۆر دڵی خۆش دەبێت، دوای کەمێک داوا لە تەنیا دەكات پیاسەیەك بە ئۆتۆمۆبێلەكە بكات، تەنیا ئیدریسیش سویچەکەی دەداتێ و کچەکە دەڕوات و تا درەنگان ناگەڕێتەوە.
تەنیا ئیدریس چەند كاتژمێرێك، لە باڵكۆنی شوقەكەوە بەدەم تەماشاكردنی خۆرئاوابوونەوە، لە چاوەڕوانی خۆشەویستەكەیدا دەبێت، ترس و نیگەرانی دایدەگرێت، تا سۆزی ئاوازێکی خەمگینی بۆ دێت، ئاواز و هۆنراوەی گۆرانیی ئێوارە هات دادەنێت.
تەنیا ئیدریس دەیگێڕێتەوە ”كچە درەنگی شەوێ گەڕاوە، گۆتی داکی لە ناكاو نەخۆش كەتییە و ناچار بووە لە كنی بمینێتەوە، ئیدی قەدەر وا بوو ئەو نەخۆشبوونەی داكی وی، ببیتە هۆی دروستبوونی گۆرانییەكی نوێم“.
گۆرانیی ئێوارە هات ساڵی ٢٠٠٢ بڵاو کرایەوە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، بووە یەكێك لە باشترین گۆرانییەكانی سەردەمی خۆی و ئێستەش لەسەر زاری نەوەی ئەوسا و نەوەی ئێستەشە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved