کاکێشان جوانییەک کە ڕووناکیی شارەکان لێیان ستاندین
کاکێشان جوانییەک کە ڕووناکیی شارەکان لێیان ستاندین
September 17, 2026

پێش ئەوەی شارەکان قەرەباڵغ و فراوان بن، خەڵك بە گڵۆپ و بلاجکتۆر و ڕووناکیی دەستکرد ئاشنا بن، شەوەکان تاریک بوون، بەڵام ئارام و بێگەرد، ئاسمان بە تەواوی ئەستێرەكانیەوە دەبیندرا.
ئەودەم، كە سەرت بەرەو ئاسمان بەرز دەکردەوە، هەزاران ئەستێرەت دەبینی، هەریەکەیان چیڕۆک و ناوی خۆیان هەبوو، لەناو ئەو هەموو ئەستێرانەدا، هێڵێکی سپی و درێژ دەردەكەوت، کوردەوار پێیان دەگوت ”ڕێی کاکێشان“.
ئەو هێڵە سپییە، کە هی گەلە ئەستێرەیەکە بە خۆرەوە، لەلایەن هەر کولتوور و میللەتێکەوە ناو و واتای جیاوازی خۆی هەیە. چینییەکان پێیان دەگوت ڕووباری زیو، ژاپۆنییەکان ڕووباری ئاسمان، فینلەندییەکان و لیتوانییەکان ڕێگەی باڵندەکان، ئەمریکییەکانیش بە ڕووباری ئاسمانیان دەزانی، هەندێک هۆزی ئوسترالیاش وەک شوێنپێی باپیران یان ڕێگەی ڕۆحەکان سەیریان دەکرد. عەرەبیش پێی ئێژن (درب التبانة)، لە زمانی ئینگلیزیش بە Milky Way، واتە ڕێگەی شیری ناسراوە.
جیاوازیی ئەو ناوانە دەری دەخەن پێش تەكنەلۆژیا و پێشکەوتنی زانست، مرۆڤ بە چاوێکی ئەفسانەیی و خەیاڵی لەو دیاردە ئاسمانییەی ڕوانیوە.
مرۆڤی جاران، ڕێی کاکێشانیان تەنها وەک کۆمەڵە ئەستێرەیەک نەبینیوە، بەڵکو وەک پەیامێک لە گەردوونەوە یان نیشانەیەکی بێ سنووری بوونیان زانیوە.
شوان و جووتیار و گەشتیارەکان، لە شەوانی تاریکدا سەیریان دەکرد و هەندێ جاریش وەک ڕێنیشاندەرێک بۆ دیاریکردنی ئاراستەی گەشت، سوودیان لێ وەردەگرت.
بەڵام ئەمڕۆكە، ئەو دیمەنە بە هەمان شێوەی جاران نابینرێت. پیسبوونی ژینگەی ڕووناکی، کە لە ئەنجامی زۆربوونی چرای کارەبایی و ڕووناکیی دەستکرد دروست بووە، وای کردووە تیشکی ئەستێرەکان لاوازتر دەرکەون.
ئەو شەوانەی جاران ئاسمانیان وەک پەڕەیەکی ڕەش و پڕ ئەستێرە پیشان دەدا، گوزەشتن، ئێستە لە زۆربەی شار و تەنانەت زۆرێک لە گوندەکانیش، تەنها ژمارەیەکی کەمی ئەستێرە دەبینرێن. بۆیە زۆرێک لە نەوەی نوێ و یان نەوەی جارانیش، ڕەنگە ڕێگەی کاکێشانیان بە چاو نەبینیبێت یان لە بیریان كردبێت.
ئەگەرچی ئەو دیمەنە لە زۆر شوێنی جیهاندا ون بووە، بەڵام هێشتا چەند ناوچەیەک هەن کە تاریکیی سروشتیان پاراستووە. لە هەرێمی کوردستان، ناوچەی باڵەکایەتی یەکێکە لەو شوێنانەی هێشتا دەتوانیت لە شەوانی بێ هەوردا ڕێگەی کاکێشان بە جوانترین شێوە ببینیت. هەڵکەوتەی جوگرافی، کەمیی ڕووناکیی دەستکرد و سروشتی ناوچەکە، وای کردووە ئەو دیمەنە هێشتا وەک سەدان ساڵ پێش ئێستە ببینرێت.
بۆ من، وەک فۆتۆگرافەر، باڵەکایەتی هەر شوێنێک نییە بۆ گەشت و وێنەگرتن، بەڵکو پەڕەیەکی کراوەی مێژووە، كە لەژێر ئاسمانی تاریکی ئەو ناوچەیەدا کامێرام بەرز دەکەمەوە، هەست ناكەم تەنها وێنەی کۆمەڵە ئەستێرەیەک دەگرم، بەڵکو بەشێک لە بیرەوەرییەکانی مرۆڤ و ئەو جوانییەش تۆمار دەکەم کە ڕووناکیی شارەکان بە هێواشی لە چاوی ئێمەیان تەراندووە.
ناشکرێت تاریکیی شەو، تەنیا لە نەبوونی ڕووناکی كورت بكرێتەوە، بەڵکو تاریکیی سروشتی، بەشێکە لە سیستەمی سروشت کە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکەکان گرینگیی خۆی هەیە. ڕووناکیی زۆر و ناپێویست دەتوانێت ڕەفتاری هەندێک ئاژەڵ و باڵندەش بگۆڕێت، چەرخی ژیانی ئەو بوونەوەرانەی بە شەو پەیوەستن، تێک بدات.
پاراستنی ئاسمانی تاریک تەنها بۆ پاراستنی جوانیی ئەستێرەکان نییە، بەڵکو پاراستنی بەشێکە لە ژینگەی گشتی، كە ژینگەی ڕووناكیی پێ دەگوترێت و ئێستە لە جیهاندا، كێشەی پیسبوونی ژینگەی ڕووناكی بەشێكە لە پیسبوونی گشتیی ژینگەی گۆی زەوی. ناوچەی باڵەکایەتییش، دەکرێت وەک ئەو شوێنە ببینرێت كە پیسبوونی ژینگەی ڕووناكی نەگەیشتووەتێ و ئەوە دێنێت پارێزگاریی لێ بكرێت.
بیرۆکەی هێشتنەوەی شوێنەکان بە تاریکی و دوور لە تێكدانی بە ڕووناكیی دەستكرد، ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی زیاتری پێ دەدرێت. شوێنێک کە بتواندرێت ڕووناكیی سروشتەكە بپارێزێت، تا ببێتە هەوارگەی ئەستێرە بینین، گرتنی وێنەی شەوانەی فۆتۆگرافەران، سەرچاوەی فێرکردن، گەشتوگوزار و پاراستنی سروشت.
پێش ئەوەی ڕووناکیی شارەکان ئاسمان پڕ بکەن، مرۆڤ هەر لە ژێر ئەو ئەستێرانەدا ژیاوە، لەوێ پرسیاری کردووە، ئەفسانەی دروست کردووە، ئاراستەی دۆزیوەتەوە، خەون و هیواکانی بە ئاسمانەوە بەستووەتەوە. ئەگەر نەوەی داهاتوو ئاسمانی پڕ ئەستێرە تەنها لە وێنە و فیلمەکاندا ببینن، ئەوا تەنها دیمەنێکی جوانمان لەدەست نەداوە، بەڵکو بەشێک لە ئەزموونی هاوبەشی مرۆڤیش لەدەست دەدەین.
کامێرا، لە گرتنی وێنەی کاکێشان، دەتوانێت ئەوە تۆمار بکات کە چاوی مرۆڤ بە تەنیا ناتوانێت هەموو وردەکارییەکانی ببینێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەر ئەو مرۆڤەیە کە لە پشت کامێراکەوە وێنەکە دروست دەکات.
لە باڵەکایەتی، کاتێک شاخەکان لە خوارەوەی وێنەکاندا دەردەچن و ڕێگەی کاکێشان بەسەر ئاسماندا دەگەشێتەوە، هەست دەکەی سروشت خۆی بەشێوەیەک ئامادە کردووە، منی فۆتۆگرافەر تەنیا دەبێت لە کاتی دروستدا لەوێ بم.
لە شاردا، شەو بە مانای کۆتاییی ڕۆژ دێت، بەڵام لە باڵەکایەتی، شەو خۆی دەبێتە بەشێک لە ڕووداو. دەنگی با، هەوای سارد، تاریکیی دەوروبەر و ئەو هێڵە سپییەی لە سەرتاسەری ئاسماندا دەکشێت، هەموویان پێکەوە هەستی ئەوە دروست دەکەن کە کات بۆ چەند کاتژمێرێک وەستاوە.
باڵەکایەتی، هێشتا ئەو شوێنەیە، کە دەتوانیت لە شەوێکی ساماڵدا سەر بەرز بکەیتەوە و ببینیت و بزانیت کە ئەوەی لە سەرووتە، هەر ئەو ئاسمانەیە کە هەزاران ساڵە مرۆڤ سەیری کردووە و لە هەمان بینیندا، هەم ترسی لە بێ سنووریی گەردوون هەبووە و هەمیش سەرسامییەکی زۆری بۆ جوانییەکەی هەبووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved