بەسەرهاتی ناسرووشتیی ئەو باوكەی لە هەولێر شیری مەمكی بە منداڵەكانی دەدا
بەسەرهاتی ناسرووشتیی ئەو باوكەی لە هەولێر شیری مەمكی بە منداڵەكانی دەدا
November 17, 2024

ئەوە ڕووداوێكی جیاوازی پیاوێكی هەژارە بە ناوی جوبرایل، كە لە گوندی قوشتەپەی باشووری هەولێرەوە هاتبووە شار و لە گەڕەکی عارەبان لە دامێنی قەڵات نیشتەجێ بوو. ئەو پیاوە دوو جار هاوسەرگیری کردبوو، 16 کوڕ و سێ کچی لە هەردوو ژنی هەبوو، بەڵام 11 کوڕ و دوو کچی بە منداڵی مردن، لەو کاتەدا كە ئاشكرا بوو جەستەیەكی سەیر و دەگمەنی هەیە، پێنج کوڕ و کچێکی لە ژیاندا بوون.
بارە دەگمەنەکەی جوبرایل بریتی بوو لەوەی بە مەمکەکانی خۆی شیری بە منداڵەكانی دەدا، ئەو بارە دەگمەنە ساڵی 1892 لەلایەن دەسەڵاتی باڵای تەندروستیی دەوڵەتی عوسمانییەوە تۆمار کرا و بووە هۆی سەرنج و تێڕامانی خەڵک و پسپۆڕانی تەندروستیی ئەوکات.
بەپێی تۆمارە تەندروستییەکانی دەوڵەتی عوسمانی، جوبرایل تا ئەو کاتەی منداڵەکانی گەورە بوون و توانای خواردنیان پەیدا کردووە، شیری پێ داون و دوای گەورەبوونی منداڵەکانیشی، تا تەمەنی خۆی گەیشتووەتە 70 ساڵ، شیر لە مەمکەکانی وشک نەبووە.
تۆمارە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵاتی عوسمانی پزیشكێكی دەرمانسازی بە ناوی سەرکیس نەشئەت كە لە یەکەیەکی سەربازی کاری دەکرد، بۆ لێکۆڵینەوە لەم بارە دەگمەنە، ناردووەتە ماڵی جوبرایل.
سەرکیس نەشئەت دوای پشکنینی تەندروستی، بۆی دەرکەوتووە دەنگۆی شیرپێدانی ئەو پیاوە بە منداڵەکانی، راستە، دواتر وێنەیەکی رووتی سینگ و مەمکی جوبرایلی گرتووە و لەگەڵ نووسینی راپۆرتێک لەبارەی بارودۆخەکەی، بۆ وەزارەتی تەندروستیی دەوڵەتی عوسمانی ناردووە.
ئەو پزیشکە لە راپۆرتەکەیدا، وێڕای خستنەڕووی دۆخەکە، داوای کردووە جوبرایل بگوازرێتەوە شاری ئیستەنبوڵ (پایتەختی عوسمانییەکان)، بۆ ئەوەی لەوێ پسپۆڕانی پزیشکی لێکۆڵینەوەی چڕی لەسەر بکەن.
هەروەها داوای کردووە دەوڵەت مووچەیەکی مانگانە بۆ ئەو پیاوە ببڕێتەوە، چونكە زۆر هەژار بووە.
بارودۆخە دەگمەنەکەی جوبرایل لە تۆمارەکانی دەوڵەتی عوسمانی بە دوو کۆدی (BEO.000035.002581) و (İ.DH.01284.101068) لە رۆژی 20ی تەممووزی 1892 تۆمار کراون و تێیاندا دوو وێنەی ئەو پیاوە و راپۆرتی پزیشکی لەبارەی دۆخەکەیەوە هەیە.
بەپێی زانیارییە مێژووییەکان، چەند حالەتێکی دیکەی وەک بارودۆخەکەی جوبرایل لە ئەمریکای باشوور دۆزراونەتەوە و لە ساڵی 1898 لە کتێبی (Anomalies and Curiosities of Medicine) کە لە ئەمریکا چاپ کراوە، تۆمار کراون.
هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس راپۆرتێکی لەبارەی بارودۆخێکی هاوشێوەی جوبرایل، لە سریلانکا لە ساڵی 2002 بڵاو کردووەتەوە کە پیاوێک بە مەمکەکانی شیری بە کچەکەی خۆی داوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved