یانه‌ى وه‌رزشیی ناسریەی پارێزگای زی قار، زیاتر له 15 ساڵه خه‌ون به گه‌یشتن به خولى بژارده‌كانى تۆپی پێی عێراقەوە ده‌بینێ، ئه‌م وه‌رزه بۆ هێنانەدی ئامانجەكەی گۆڕانكارییەكی گەورەی له ڕیزەكانیدا كردووە و گرێبەستی لەگەڵ 12 یاریزانی كورد كردووە، كە نۆیان خەڵكی هەولێرن.
بۆ وەرزی ئەمساڵ تەنها دوو یاریزانى یانەی ناسریە خه‌ڵكى سنووری پارێزگای زی قارن، ئەوانی تر بە زۆری خەڵكی كوردستانن، لەمبارەیەوە سائیر جه‌سام ڕاهێنه‌رى یانه‌كه بۆ (گڵكەند) ده‌ڵێ تواناى یاریزانانى كوردستان زۆر به‌رزه و ئەمساڵ ئومێدی زۆرە لە ڕێگەی ئەوانەوە بگەنە ئامانج.
كاتێك سەردانی مه‌شقه‌كانى یانەی ناسریە دەكەی وا هەست دەكەیت لەناو یانه‌یەكی كوردستانی، زمانی پەیوەندیی نێوان یاریزانەكان كوردییە، سائیر كە ڕاهێنەرێكی ناوداری عێراقە، لە میانی یه‌كه‌یه‌كى مه‌شقی یانهكەیدا لە یاریگای دووەمی شەهید فەرەنسۆ هەریری لە هەولێر دەڵێ لەم وەرزەدا كە به‌شداریی خولى نایابى عێراقیان كردووە، جگە لە 12 یاریزانە كوردەكە، پێنج یاریزانى پیشه‌گه‌ر و چه‌ند یاریزانێكى شاره‌كانى تری عێراقیشیان هێناوە.
له‌باره‌ى ئاماده‌كارییه‌كانى تیپه‌كه‌شی بۆ خولی نایاب، سائیر جه‌سام دەڵێ یاریگای نوێی ناسریە زۆر پێشكەوتووە، بەڵام هێشتا ئامادە نییە، ئەوانیش شارى هه‌ولێریان هه‌ڵبژاردووه بۆ مەشقەكانیان، چونكە وەك خۆی دەڵێ هەولێر شارێكى جوان و شارستانییه، یانه‌كان هه‌موویان ڕوو لێرە ده‌كه‌ن بۆ كه‌مپه‌كانی مه‌شق و راهێنان، بەتایبەتی كە یاریگاى زۆر و هوتێلى باش و دامه‌زراوه‌ى وه‌رزشی پێشكەوتووی لێیە.
له‌باره‌ى یاریزانە كوردەكانیشەوە، كاپتن سائیر دەڵێ ئەوان یاریزانى ئاست بەرز هه‌ڵده‌بژێرن و یاریزانە كورده‌كانیش له باشترین ئاست دان و خاوه‌ن ئه‌زموونی زۆرن.
ئاماژەش بەوە دەدات كە پێیان وایە یاریزانه كورده‌كان ڕێگەیان بۆ گەیشتن بە خولی بژاردەكان، كورت ده‌كه‌نه‌وه، دووپاتی دەكاتەوە كە متمانه‌ى ته‌واویان به یاریزانه كورده‌كان هه‌یه.
لای خۆیەوە بارزان شێرزاد یاریزانە هەولێرییەكەی یانەی ناسریە له‌باره‌ى یاریكردنی بۆ ئەو یانە عێراقییە دەڵێ پێشتر چەند داوایەكی بۆ هاتبوو بۆ یاریكردن له یانه عێراقییەكان له خولەكانی نایاب و بژارده، به‌ڵام كه زانیویەتی كۆمه‌ڵێك یاریزانى كورد له‌و یانه‌یه‌ن، ناسریەی هەڵبژاردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە یانەی ناسریە خاوه‌ن یاریگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی نوێیە و هانده‌رێكى زۆرى وه‌رزشیشی هەیە ژمارەیان زیاتر له 20 هه‌زار هانده‌رە.
له‌باره‌ى ئامادهكارییەكانیشیانەوە، بارزان راى وابوو كه ئه‌وان دواكه‌وتوون له خۆئاماده‌كردن، به‌ڵام هه‌بوونى ژماره‌یەكی زۆری یاریزانی باش و به‌رێوه‌چوونی یارییه‌كانیان له هه‌ولێر، ڕێگەیان ئاسان ده‌كات بۆ سەركەوتن.
دلێر حاتەم گۆڵپارێزی سەرەكیی یانەی ناسریەیە و ئەویش كوردە، دڵخۆشە بە یاریكردن بۆ ئەو یانە عێراقیە و دەڵێ هاندەران نەك هەر بۆ یارییەكان، بەڵكو چەند هەزار هاندەر لە مه‌شقه‌كانیش ئامادە دەبن.