چیڕۆكی پاڵەوانێكی پاككردنەوەی ئاوەڕۆکان
چیڕۆكی پاڵەوانێكی پاككردنەوەی ئاوەڕۆکان
November 17, 2024

24 ساڵە كرێكاری پاککردنەوەی ئاوەڕۆكانە لە هەولێر، مەنهۆڵەکان لەو زبڵ و خاشاک و پاشماوانە پاك دەكاتەوە كە خەڵكانێك نابەرپرسانە تێیان داوێن و دەبنە هۆكاری سەرەكیی لافاو و دروستبوونی مەترسیی گەورە.
سۆران مەحموود یەکێکە لە دەیان كرێكار کە ژیانی هەر یەكێكیان تژی ڕووداو و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیە. ئەو ئێستا لە سەرەتای چلەكانی تەمەنی دایە و ئەوها سەربوردەی خۆی بۆ (گڵکەند) دەگڕێتەوە و دەڵێ "لەبەرئەوەی كرێكاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێرم، رۆژانە بەشێکی کاتەکانم لەسەر زەوی و بەشێکیشی لەژێر زەویدا بەسەر دەبەم".
ئەو ڕۆژانە پاشماوەی ئەو مرۆڤانە پاک دەکاتەوە کە بایەخ بە ژیان و زەحمەتییەکانی ئەو و كرێكارەكانی تر نادەن، بەڵام سۆران بە باوەڕبەخۆبوونێکی تەواوەوە دەڵێ بۆ ئەو گرنگە خزمەتی شارەكەی بكات و لە مەترسیی دروستبوونی لافاو دووری بخاتەوە.
لە کۆتایی وەرزی پاییز و سەرەتای زستاندا ئەركەكانی سۆران و كرێكارەكانی تر قورستر دەبن، دەبێ ڕۆژانە بەر لە باران بارین، پاشماوەی ناو مەنهۆڵەکان دەربێنن تا نەبنە رێگر لەبەردەم رێرەوی ئاو.
سۆران لەبارەی ڕەفتاری هەندێك كەسەوە كە ئەركەكانیان سەختتر دەكەن، بە نیگەرانییەوە دەڵێ جاری وا هەبووە لە کاتی پاککردنەوەی مەنهۆڵەکاندا، پارچە کومبار و دەبەی گەورەی ئاو و پارچە بلۆک و بەردی گەورە و تەنانەت ئاژەڵی مرداربووشیان دۆزیوەتەوە، کە هەموو ئەو شتانە دەبنە رێگری گەورە لەبەردەم رێڕەوی ئاو و بە ماندووبوونی زۆرەوە دەریاندەهێنن، لەوانەشە هەندێك جار ئەو كەلوپەلانە ببنە هۆكاری كارەسات و خەڵك بەهۆی لافاوەكانەوە گیان لەدەست بدەن.
ئاماژە بەوەش دەدات كە جار هەیە لە كاتی كاركردندا ڕووبەڕووی مەترسیی لافاو دەبنەوە، یان لەناو مەنهۆڵەكاندا بەهۆی كۆبوونەوەی پیسییەوە، تووشی هەناسەتەنگی یان نەخۆشی پێست دەبن. بەڵام ئێواران لە كاتی تەواوكردنی ئەركەكەیدا، بەختەوەرە كە توانیویەتی هاوكار بێت بۆ ڕێگری لە دروستبوونی لافاو یان گیرانی مەنهۆڵەكان.
لە وەرزی زستاندا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە و ئیدارە خۆجێییەكان، هەڵمەتی بەرفرەوان بۆ کردنەوەی رێڕەوەكانی ئاو ئەنجام دەدەن، بەشێکی زۆری ئەرکە قورسەکەی ئەم هەڵمەتانەش دەکەونە ئەستۆی سۆران و كرێكارەكانی تر. لەمبارەیەوە تاكە داواكاریی سۆران ئەوەیە كە خەڵكی شار هەست بە بەرپرسیارییەتی بكەن و زبڵ و خاشاك فڕێ نەدەنە مەنهۆڵەكانەوە، دەشڵێ كاتێك شۆفێر یان سەرنشینی ئۆتۆمبێل زبڵ و پاشماوە لە پەنجەرەوە فڕێ دەدەن، زۆر جار ئەو زبڵانە لەبەردەم مەنهۆڵەكاندا كۆدەبنەوە و كێشەی گەورە دروست دەكەن.
لای خۆیەوە ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر، لەبارەی ژمارەی کرێکاری تایبەت بە پاکكردنەوەی مەنهۆڵەکانەوە دەڵێ ژمارەیان کەمە، بەڵام بەهۆی هاوئاهەنگیی بەردەوام و كاركردنی زۆرەوە، هەموو وەکو یەک تیم رووبەڕووی مەترسییەکان دەبنەوە و رێگری لە دروستبوونی لافاو دەکەن. دەشڵێ ئێستا ئامێری "جێتینگ"یان هێناوە، کە ئامێرێکی پێشکەوتووە و بۆ پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان بەکاریان دەهێنن، كە توانای مژین و شکاندنی ئەو بەربەستانەی هەیە کە لە نێو زێرابەکاندا دەبنە بەربەست لەبەردەم رێڕەوی ئاو.
لای خۆیەوە ئەندازیار ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار باسی پلان و بەرنامەی تیمەکانی سەر بە وەزارەتەکەی كرد، كە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دەستیان بە ئامادەکاریی كردووە و سەرجەم ئاوەڕۆکانیان پاک كردووەتەوە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی مەترسیی دروستبوونی کۆبوونەوەی ئاویان لێ دەکرێت و پێشتر ئاویان لێ كۆ بووەتەوە و بە خاڵی لاواز دادەندرێن.
جێی باسە زیاتر لە 40 تیم لە شاری هەولێر هەن، كە لە کاتی بارانباریندا ئێشكگرن و بەپێی پێویست بەسەر ناوچەكانی شاردا دابەش دەبن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved