هونەر بە هەموو لقەكانی (شانۆ و دراما و گۆرانی و مۆسیقا و شێوەكاری)، بەشەكی گرنگن لە ژیانی مرۆڤ و سەرچاوەی داهێنان و ئەفراندنن، بێجگە لەوەش لایەنەكی دیار و بەرچاوی ژیانن بۆ ئەوەی بنیادەم گوزارشت له هەست و جوڵه و بیروبۆچوونی بكات، كە باسی هونەر بكەین، دەبی یەكەم جار باسی گۆرانی بكەین، چونكە لە هەموو هونەرەكان كەونترە و لەگەر بوونی قسەكردن پەیدا بووە.
گۆرانی كوردی لە شاری هەولێرێ كە بە شێوە ئەكادیمییەكەی گۆترابی، دەبی لۆ سەرەتایەكانی سەدەی بیستەمی بگێڕینەوە، بە تایبەتی پاش داگیركردنی عێراق لە لایەن بەریتانیا و هینانی ئامێری تەكنۆلۆژیای پێشكەوتوو لەگەر خۆیان، وەكی قەوان و چەند ئامێرەكی دیكەی مۆسیقایی، یەكەم كەس لە شاری هەولێرێ گۆرانی لەسەر قەوانی تۆمار كردبی كاوێس ئاغا (1889-1936) بووە، لە ڕواندزێ دەستیپێكردیە و لاوكەكانی ئەوێی هەوێنی ئازاری هێرشی ڕووسیای لۆ سەر ڕواندزێ بووە، پاشان دەچتە شەقراوەی، لە ساری (1930)یش دەچتە شاری بەغدایێ و یەكەم قەوانی تۆمار دەكا، كە لاوكی گەنج خەلیل بووە.
لە شاری هەولێرێ زانای ئایینی مەلا ئەبوبەكر عومەرەفەندی ناسرای بە مەلافەندی (1865-1942) زۆر هانی مەولودخین و گۆرانیبێژەكانی هەولێرێی دایە، ساری (1922) نامەكی لۆ عەبدولقادر نائیب ئۆغلی كەركووكی دەنێری، كە مەقامبێژ و مەولودخینەكی ناوداری شاری كەركووكێ بووە و داوای لێ دەكا كەسەكی بەتوانا بنێرتە هەولێرێ هەتا خەركی فێری تەجوید و تەرتیلی قورئانی پیرۆز و بنەماكانی مەقامات بكات، ئەویش سەید مەردانی كە مەقامبێژ و زانای بواری تەجوید و تەرتیلی قورئانی بووە لە شاری كەركووكێ، دەنێرتە هەولێرێ، شەهابەی هەولێری دەبیتە قوتابی سەید مەردانی، شەهابە كە ناسرایە بە شەهابەی هەولێری خاوەن دەنگەكی یەجگار خۆش بووە و مەلا فەندی عاشقی دەنگی بووە، لە دیوەخانی مەلا فەندی و ئاغا و خانەدانەكانی هەولێرێ گۆرانی و مەقاماتی گۆتیە، تەنانەت كە شا فەیسەڵی یەكەم دەمری، لە شاری هەولێرێ تازیەی لۆ دادەنێن و شەهابە لەوێ قورئانی پیرۆز دەخینی.
نووسەری گەورەی كورد مەسعود محەمەد دەرێ: بەڕێوەبەری تەندروستیی شاری هەولێرێ (سەبری قەبانی) كە خەركی سووریای بووە، قەوانی لە میسر دەهینا هەولێرێ و لە دیوەخانی مەلا فەندی یا لە مارەكەی لە گەڕەكی باداوەی گێیان لە گۆرانییەكانی ئوم كەلسوم و سەید دەروێشی دەگرت، لە شاری هەولێرێ كۆمەرە چایخانەك هەبوون، وەكی حاجی وەلی چایەچی، حاجی مستیل، سەید جەمیل چایەچی، وەستا ڕەزا، عەلی فلەیح، قاوەخانەی عەبۆ، مەچكۆ، حاجی عەبدوڵلای خەیاڵ، گۆرانیبێژەكانی شاری هەولێرێ لەو چایخانانە دادەنیشتن و گۆرانییان دەگۆ، گرنگترین گۆرانیبێژەكان ئەوانە بوون: شەهابەی هەولێری، حاجی جەمیل قابقابچی، حاجی عەبدوڵلای خەیاڵ، مەمۆ كارگەچی، حەیدەربەقال (كەچەڵ)، مام جوبرائیل، كاوێس ئاغا، ڕەسول بێزار گەردی، حوسێن كێشكەیی، پیرداودە كۆر، جامیلە، زۆربەیان بە كوردی و توركمانی و عارەبی گۆرانی و مەقامات و لاوك و حەیرانیان گۆتیە.