سەربردەی راوچییەکە
سەربردەی راوچییەکە

لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا، بەعس جۆرە مەفرەزەیەکی بەناوی مەفرەزەی موشتەرەکە دروست کرد. ئەوان لە (هەواڵگریی مەدەنی و عەسکەری، جەیشی شەعبی، رەفیق حیزبی و پۆلیس) پێکهاتبوون و بە دوو پیکاب بە گەڕەک و بازاڕەکاندا دەسوڕانەوە. لە هەر شوێنێک قەرەباڵغییەکیان بینیبا، رادەوەستان و پەرتەیان پێدەکرد.
من و ئەحمەد حەیران فیراری عەسکەری و موفلیس بووین، لەو قیامەتەدا، بڕیارمان دا بچین دیدارێک لەگەڵ حاجی قادری راوچی ساز بکەین. ماڵی حاجی قادر کەوتبووە نزیک پردەکەی سێتاقان. ئەو لەبەردەم ماڵەکەیدا، چیمەنێکی جوانی رازاندبۆوە، تاژی و توولە  بەو ناوەدا غاریان دەدا و جووتە کەوێکیش لەناو قەفەز دەیانخوێند.
ئەحمەد کامێرای هەبوو، منیش موسەجیلێکی گچکەم لە تاریق جامباز وەرگرت. ئەحمەد هەندێک پرسیاری لە حاجی قادر راوچی کرد و منیش تۆمارم کرد. لە پڕ بینیمان لەکلکەی قوتابخانەی هەژارەوە دوو پیکابەکە بۆ لای ئێمە دێن، هەردووکمان شڵەژاین. ئەحمەد بە تیکەچاوێک سەیری کردم وەک بیەوێت بڵێت چی بکەین؟ بە راوچییەکەم گوت تۆ سواری ئەسپەکەت بە با ئەحمەد رەسمت بگرێت. حاجی رکێفی لێدا و ئەحمەدیش بە غاردان بەدوای کەوت، بە بن پردەکەدا رۆیشتن و لەچاو ون بوون.
پیکابەکان گەیشتن، ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب هاتە پێش و زۆر بەڕێزەوە سڵاوی کرد و لە هۆکاری ئەو قەرەباڵغییەی پرسی و منیش وەرامم داوە:
- من و ئەو برادەرەم رۆژنامەنووسین، هاتووین دیدارێک لەگەڵ ئەو راوچییە ساز بدەین.
بزەیەکی هاتێ و لەسەرەخۆ گوتی:
- دەستتان خۆش، بەڵام زوو پەرتەی لێبکەن.
هەناسەیەکم هاتەوە بەر، باش بوو داوای ناسنامەی نەکرد، هوردە هوردە گەڕامەوە ماڵ. ئەحمەد هەفتەیەک خۆی شاردەوە، کە بینیم پساین ئەوەندەی پێبکەنین.
دیدارەکەم پاکنووس کرد و ناردم بۆ گۆڤاری رۆژی کوردستان و بڵاوکرایەوە، پاشان پاداشتەکەیان بۆ ناردین کە ١٥ دینار بوو، لەگەڵ ئەحمەد وەک برایان دابەشمان کرد و سەرو حەفت دینار و نیومان بەرکەوت.
ئەحمەد وەها زراوی رژابوو، تا ماوەیەکیش لە جیاتی ئەوەی بڵێت (ئەمنە بەدلە شینەکان)، دەیگوت (ئەمنە بەرامبیل شینەکان).


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved