ئەگەر لە کۆمەڵگەدا کەس نەخوێنێتەوە، دەبێ مامۆستا نەک هەر بخوێنێتەوە، بەڵكو خوێنەرێکی زۆر جیدی بێت. ئایا لە کوردستان مامۆستایان دەخوێننەوە؟ تیراژی ڕۆمان بە نمونە وەربگرین، ئاشکرا دەبێت ناخوێننەوە.
زۆرترین تیراژ، ئەگەر هی نووسەرێکی پڕفرۆشیش بێت، لە هەزار دانە تێپەڕ ناکات.
ئەوەی گوتی لە هەزار زێتری چاپ کردووە، ڕاست ناکات.
جا ئەو هەزار دانەیەش، لانی کەم دوو ساڵ دەمێنێتەوە و سەرفیش نابێت. دوکانەیلی کتێب كە پێیان ناڵێم وەشانخانە، چونکە وەشانخانە نین، دوکانن بۆ خۆیان کتێب چاپ دەکەن و دەیفرۆشنەوە، ئێمە وەشانخانەی پڕۆفێشناڵمان نییە، ئێستە ئەوانە فێر بووینە، دوو سەت یان سێ سەت دانە لە ڕۆمان چاپ دەکەن، جاری واش هەیە، تەنیا سەت دانە چاپ دەکەن. تاک و تەرا ڕۆمان هەیە ئەوەندە سەرف دەبێت، ئەوی دی ئەوەندەش سەرف نابێت.
بۆ شیعریش لەوە چاتر نییە، نەڵێی مێژوو و زانست و بوارەیلی دی، باشترن لە ڕۆمان. بە پێچەوانەوە، لە هەندێ حاڵەتدا، دەتوانم بڵێم، حاڵی ڕۆمان چێترە لە بوارەیلی دی. لێرە و لەوێ، بە چەند ساڵ جارێک، کتێبێکی مێژوویی یان هەر بوارێکی دی، فرۆشی لە هەزار تێپەڕ دەکات، ئەوە جیایە و نابێتە پێوانە چونکە بە دەگمەن ئەوە ڕوودەدات.
نێزیکەی دوو سەت هەزار مامۆستا هەن لە کوردستان. بێ لە مامۆستایانی زانکۆ، ئاخ و داخ لە مامۆستای زانکۆ، جارێکی دی باسی نەخوێندەواریی ئەوانیش دەکەم. ئەگەر سەتا دووی ئەو دوو سەت هەزارە ڕۆمانیان بخوێندباوە، دەبایە تیراژی دوو هەزاری ڕۆمانێک، گوڕەی هاتبا لە بازاڕ.
چاوت بکەوە و بپرسە: هەر لە چواردەوری خۆت، کام مامۆستا ڕۆمان دەخوێنێتەوە؟
مامۆستات نەخوێندەوار بێت، دەبێ کاریگەریی چی بێت لەسەر قوتابی؟ ئاخۆ دەتوانێت قوتابیان هان بدات بخوێننەوە؟ دەڵێم نەخوێندەوار، چونکە هەر خوێندەوارێک، خوێنەر نەبێت، نەخوێندەوارێکی چاو قایمە.
شاعیر، نووسەر، رۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر، کۆمەڵناس، پزیشک، ئەندازیار و سیاسەتمەدارانیش ناخوێننەوە. بەڵگە چییە؟ بڕۆن سەیری تیراژی کتێب بکەن. لە ئۆنڵاینیش ناخوێننەوە. پێم ناڵێی ئەو گەلە نەخوێندەوارە چۆن پێش دەکەوێت؟