(دایک)ی مەکسیم گۆرکی لە کۆڕی زانیاریی کورد مرد
(دایک)ی مەکسیم گۆرکی لە کۆڕی زانیاریی کورد مرد

ساڵانی ١٩٧٧/١٩٧٦ لە بەشی یاسای کۆلێژی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی بەغدا وەرگیراین،
ئەوکات تاکە کۆلێژی یاسا بوو لە عێراق، دوای ئەوەی کۆلێژی یاسا یان ماف لە زانکۆی بەسرا و لە زانکۆی ئەلحیکمە داخران.
پۆلی یەکەم سێ ھۆبە بووین، ھەر ھۆبەیەک نزیکەی ١٢٠ تا ١٥٠ قوتابی لە سێ ھۆڵ وانەکانمان دەخوێند، لەھەر پۆلێکیش بیست سی قوتابی کوردی لێ بوو، کۆلێژەکە لە پشت کۆڕی زانیاریی عێراقی بوو کە بەشی دواوەی کۆڕی زانیاریی کورد بوو، لەوێ ژمارەیەکی زۆر لە شاعیر و نووسەری کورد قوتابی کۆلێژەکە بوون، گڕوتین و جۆشوخرۆشێکی ئەدەبیی زۆر لەوێ ھەستی پێ دەکرا.
سەلام محەمەد، کەریم دەشتی، مارف عومەرگوڵ، سابیر رەشید، موئەیەد تەیب، قوبادی جەلیزادە و حەسەن رەمەزان و چەندان نووسەر و شاعیری دی ئەوکات قوتابی کۆلێژی یاسا و ڕامیاری بوون.
لە بەغدا چەند شوێن و دەزگا لە خزمەتی ئەدەب و زمانی کوردیدا بوون، یەکێکیان کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی بوو کە موکەرەم تاڵەبانیی وەزیر لەگەڵ چەندان نووسەری وەک جەمال خەزنەدار، محەمەد بەدری، عەباس بەدری و د.بەدرخان سندی و کەسانی دی ڕۆڵی بەرچاویان ھەبوو لەوێ، لە کۆڕ و بۆنەکانی کۆمەڵە، قوتابییە کوردەکانی بەغدا لە ھەموو کۆلێژەکان ئامادەییەکی بەرچاویان ھەبوو، چاومان بە زۆربەی نووسەران و شاعیران دەکەوت.
کۆڕی زانیاریی کورد شوێنێک و مەشخەڵێکی دی و ئاگردانێکی دیکەی خزمەتی ڕۆشنبیری کوردی بوو ئەوکات، کە مامۆستا مەسعود محەمەد سەرۆکی بوو، سەدان کتێبی گرنگی لێ چاپ کران، کە تا ئێستاش سەرچاوە و کانیاوی لەبن نەھاتووی وشەی کوردیین.
ئێمەی قوتابییش بەو پارەی مانگانە بۆ بژێوی لە کۆلێژ وەرماندەگرت، ھەندێکمان کە خولیای خوێندنەوە بووین، ئەو کتێبانەمان پێ دەکڕی کە سەرەتا پازدە دینار بوو دواتر مانگانە سی دینارمان وەردەگرت، قوتابییە عەرەبەکانی دەوڵەتانی دی پەنجاوپێنج دیناریان وەردەگرت، کە ئەوکات بەغدا بووبووە ڕووگەی قوتابیە عەرەبەکانی تونس و مەغریب و جەزائیر و لوبنان، هەروەها قوتابیی یەمەنی و سودانی و ئیماراتیشمان لەگەڵ بوو.
کابرایەکی ڕوح سووکی ئاکرەیی لە کۆگای کۆڕ بەناوی رەمەزان و یەکی کۆیی بەناوی فریاد لەوێ کاریان دەکرد، ئێمە بەرھەم و چاپکراوەکانی کۆڕمان لەوان دەکڕی. ڕۆمانی (دایک)ی مەکسیم گۆرکی لە وەرگێڕانی مامۆستا کەریم حوسامی چاپ کرابوو، ئێمە کڕیبوومان، دیار بوو چەند برادەرێکی نووسەر لە ھەولێرێ ڕایانسپاردبوو بۆ ئەوانیش بکڕین، منیش لەگەڵ سابیر رەشید و دیار نانەکەلی چوومە کۆڕ، لەوێ سابیر لە رەمەزان ئاکرەیی پرسی: کاک رەمەزان دایکت ماوە؟
رەمەزان گوتی: ناوەڵا برا، چەند ساڵە ئەمری خوای کردووە.
دەشیزانی مەبەستی سابیر ڕۆمانی دایک بوو، ئیدی ھەموو پێکەنین.
ھەر لەو کۆڕەدا چەندان جار بە خزمەتی مامۆستا ھێمنی شاعیریش گەیشتین و باسی ئەو گێڕانەوەی دیکەی دەوێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved