كارگەیەكی دروستكردنی مۆبایل بۆ 10 هەزار كارمەند لە هەولێر بەڕێوەیە
كارگەیەكی دروستكردنی مۆبایل بۆ 10 هەزار كارمەند لە هەولێر بەڕێوەیە

بەپشتبەستن بەدەستی کاری نێوخۆیی بەڕێژەی 97٪ و لە رێگەی گەورەترین کارگە لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرووپی کۆمپانیایەکی خۆماڵی رۆژانە هەزار مۆبایلی زیرەک دروست دەکات و پڕۆژەشی بۆ فراوانکردنی هەیە.

بەرهەمی ورد و ئاڵۆز بەدەست و بازووی گەنجانی کورد
لەسەر رووبەرێکی دیاریکراوی زەوی بەدەیان کرێکاری کورد لە کارگەیەکدا سەرقاڵی پێکەوەبەستن و دروستکردنی یەکێک لە بەرهەمە دیار و وردەکانی مێشکی مرۆڤن کە مۆبایلێکی زیرەکە بەناوی ئینفینێکس، بەوەش هەولێر دەبێتەوە رچەشکێن و دەبێتە یەکەم کارگە لە شێوەی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
مۆبایلە زیرەکەکە بە سیستەمی "ئەندرۆید" کار دەکات و بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت بۆ بەستن و دروستکردنی لەو کەرەستە و کەلوپەلانەی لە چینەوە هاوردە دەکرێن.
کارگەی تەکنەلۆژیای زێڕین بۆ ئامێرەکانی ئینفینێکس لە هەولێر کە بەناوی کۆمپانیای رەسەنی چینییەوە نراوە، رۆژانە لە نێوان 900 بۆ هەزار مۆبایلی زیرەک دروست دەکات و بەسەر سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابەش دەکرێت.
گرووپی کۆمپانیاکە کە کارگەکەی دامەزراندووە، لەلایەن خاوەنکار و بازرگانێکی کوردی ئێزیدییەوە بەڕێوەدەبرێت، هەنگاوەکەشی بە بازدانێک لە بواری ئابووری و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.
مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کۆمپانیای (ZMC)، لە رێگەی 100 گەنجی کورد لە دەرچووانی زانکۆ و کۆلێژەکانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان پسپۆڕی بوارەکانی ئەندازیاری و زانستەکانی کۆمپیوتەرن، دەستی بە پرۆژە گەورەكە كرد.
هێمن محەممەد حەمەد، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیاکە لە لێدوانێکدا بە (گڵکەند)ی گوت :"بۆ دروستکردنی مۆبایلەکانمان پشت بە دەستی کاری نێوخۆیی دەبەستین کە زۆرینەیان لە بواری چاککردنەوەی مۆبایل کاریان کردووە یان لە کارێکی نزیک لە کاری ئێستایان ئەزموونیان هەیە، ئومێد دەکەین لە داهاتوودا سوودی زیاتر لە دەرچووانی زانکۆکانی كوردستان ببینین".
بە پێویستیشی دەزانێت زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بیر لە کردنەوەی بەشی تایبەت بە دروستکردنی مۆبایلی زیرەک بکەنەوە، کە لە کۆتاییدا ئەرکی سەر شانی حکوومەت لە بابەتی دامەزراندنیان سووک دەکات.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، کارگەکەیان مانگانە لە نێوان 25 بۆ 30 هەزار ئامێری مۆبایلی زیرەک دروست دەکات، لە داهاتوودا بۆ 60 هەزار زیاد دەکات، پێشی وایە بەرهەمەکەیان پڕفرۆشترینە لە عێراق، بەڵام هێشتا کاریان بۆ هەناردەکردنی بۆ دەرەوەی عێراق نەکردووە.
لە رووی کوالیتییەوە جگە لەوەی گەرەنتی یەک ساڵی لەگەڵ دایە، نرخەکانی مۆبایلەکەش کە یەک جۆرە و بە دوو قەبارەی یادگە رکابەرایەتی دەکات، لە نێوان 68 بۆ 81 دۆلاری ئەمریکییە.
لێرە لەنێو کارگەکە هەموو کەرەستەکانی دروستکردنی مۆبایل بەردەستن، کەرەستەکانیش لە وردترین بەشەکانی مۆبایلەکە تاوەکو کارتۆنەکەی و کێشی و نایلۆن و پاکێجکردنی بەپێی ستانداردی کۆمپانیای سەرەکییە، لەدوای دروستکردنی مۆبایلەکانیش پشکنینیان بۆ دەکرێتەوە و تاقی دەکرێنەوە.
بەپێی بەرپرسانی کارگەکە، مۆبایلەکە چەندین پێداویستیشی لەگەڵدا دەدرێت بە کڕیار کە لە مۆبایلی دیکەدا نین، وەکو بەرگ و قەڵغان كە هەمووی لەنێو کارتۆنەکەیدا پێچراوەتەوە، کەرەستەی یەدەگ و پێداویستییەکانیشی لە بازاڕ و لە سەنتەرەکانی چاککردنەوە بەردەستن.


دروستکردنی هەر مۆبایلێکی زیرەک بە 70 قۆناغدا تێدەپەڕێت
لەگەڵ گەڕان بەنێو کارگەکە چاوی سەردانیکار دەچێتە سەر دەیان ئامێر و کەرەستەی تەکنەلۆژیی هاوردەکراو لە کۆمپانیای دایک لە چینەوە، دەیان کرێکار بە چەند ریزی یەک لە تەنیشت یەک سەرقاڵی بەستن و لێکدانی ئامێرەکانن، هەندێکی دیکەش لەگەڵ بەستن و پشکنینی ئامێرەکان سەرقاڵن.
کارگەکە تەنیا یەک هێڵی بەرهەمهێنانی هەیە و هەوڵ دەدات لە داهاتوودا زیادی بکات، ئەحمەد زوبێر، بەڕێوەبەری کارگەکە بە "گڵکەند"ی گوت "دروستکردنی هەر مۆبایلێک بە 70 قۆناغدا تێدەپەڕێت، 30 لەو قۆناغانە بۆ پێکەوەبەستنی کەرەستە و ئامێرە وردەکانی مۆبایلەکەیە، 18 قۆناغیشیان بۆ پشکنینە و 15شیان بۆ بەستنی کۆتایی و خستنە نێو کارتۆن و جوانکارییەکانییەتی، هەریەک لەو قۆناغانە بە کار و هەوڵ و شارەزایی و وردیی زۆردا تێدەپەڕن".
لە کارگەکەدا کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای هەولێر، تەنیا یەک جۆر مۆبایل بە چوار رەنگی رەش، سپی، ئاڵتوونی و سەوز بەرهەم دەهێندرێت. مۆبایلەکە دوو کامێرای پێش و پشتەوەی هەیە، قەبارەی شاشەكەی 6.6 ئینجی 90 هێرتزە، پاتریی مۆبایلەکەش پێنج هەزار ملی ئەمپێر دەبێت کە بەقسەی بەڕێوەبەری کارگەکە، زوو بارگاوی دەبێت و درەنگ دادەبەزێت.
باس لەوەش دەکات مۆبایلەکە لەگەڵ هەمان مۆبایلی دروستکراو لە وڵاتی چین کە لەنێوخۆی ئەو وڵاتە بەرهەم دەهێندرێت و ئەوانەشی هەناردەی وڵاتانی ئەورووپا دەکرێن، هیچ جیاوازییەکی نییە و بەپێی سیستەمی کاری کۆمپانیای سەرەکی نابێت لە یەک خاڵیشدا جیاواز بن.
مۆبایلی ئینفینێکس ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەست دەکەون، دروستکردنی دەرفەتێکە بۆ بەرزی زانا، کە ئەو رۆژانەی لە زانکۆ بوو چاوی لە دامەزراندن بوو لە کەرتی تایبەت، ئەو ئێستا بەڕێوەبەری پشکنینی كارگەكەیە، کە یەکێکە لە هەستیارترین و وردترین کارەکانی کۆمپانیاکە.
بەرزی بە "گڵکەند"ـی گوت "ئێمە لێرەین کە دەرفەتێکی باشە بۆ کارکردن و ئومێدی ئەوە دەکەین ئەم جۆرە کارانە زیاتر پەرەیان پێبدرێت، چونکە گرنگە لە هەولێر لەسەر دەستی ژمارەیەک گەنجی شارەزا بەرهەمێک دروست بکرێت رکابەرایەتیی لەگەڵ بەرهەمی دیکەدا بکات".
ئەو ئەندازیارە کە ئەزموونەکە بۆی نوێیە، دەڵێت شانازی بەکارکردن لە کارگەیەک دەکات یەکێک لە بەرهەمەکان بەرهەم دەهێنیت لە عێراقدا وێنەی نییە و کارگەیەکی لەو جۆرە لە هیچ شوێنێکی عێراقدا نییە.
گرووپی کۆمپانیاکانی (ZMC)ی تایبەتمەند بە بواری مۆبایلی زیرەک چیرۆکێکی دوور و درێژی لەگەڵ ئەو بوارە هەیە کە لە ساڵی 2004ەوە دەستپێدەکات، سەرەتا لە بازرگانیکردنی مۆبایل دەستی پێکرد و دواتر ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەی دامەزراند بۆ ئاسانکاری لە کارەکانیدا، دواتر توانی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دروستکردنی مۆبایل رازی بکات بۆ ئەوەی کارگەیەکی لە شاری هەولێر بۆ پێکەوەبەستن و دروستکردنی مۆبایل دابمەزرێنێ کە خاوەنی بڕوانامە و مۆڵەتی کارکردنە و ئێستا بەرهەمەکانی لە بازاڕەکان دایە.
گرووپی کۆمپانیاکانی ناوبراو لە ساڵی 2019 بەفەرمی بریکارنامەی کۆمپانیای (Infinix)ـی چینی وەرگرت، دوای ئەوەی ژمارەیەک سەنتەری چاککردنەوەی کردەوە و ئێستا چەندین نوێنەری بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.
گرووپی کۆمپانیاکە نیازی هەیە لە داهاتوودا پڕۆژەی کارگەکەی گەورەتر بکات و لەسەر زەوییەک کە رووبەرەکەی 10 هەزار مەتر دەبێت کارگەیەکی فراوانتر دروست بکات و ژمارەی کرێکارەکانیشی بۆ نزیکەی هەزار کەس زیاد بکات و فرۆشیشی زیاتر بکات.
بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیاکە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو بەرهەمەی ئەوان دروستی دەکەن هیچی جیاواز نییە لە بەرهەمی دیکەی کۆمپانیاکە کە لە کارگەی دیکە لە چین و شوێنی دیکە دروستی دەکات، بەڵام بەگوتەی ئەو هێشتا کۆمێنت و تێڕوانینی هەندێک لەبارەی دروستکردنی مۆبایل لە هەولێر و بەدەستی گەنجانی کورد و بە گشتی لە عێراق نەرێنییە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved