لێکۆڵینەوەیەکی پزیشكیی نوێ لە هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات بەكارهێنانی مۆبایل لەلایەن منداڵانی كوردستانەوە بەبێ چاودێری و سنووردانان، بووەتە هەڕەشەیەكی گەورەی تەندروستی و كۆمەڵایەتی، لە داهاتوودا زیانە گەورەكانی دەردەكەون.
لە دەرەنجامی لێكۆڵینەوە پزیشكییەكەدا هۆشداری دراوە سەبارەت بەوەی منداڵانی کورد لە تەمەنێکی زۆر زووەوە دەست بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەكەن. ئەم لێکۆڵینەوەیە کە لەلایەن تیمێکی زانکۆی پزیشکیی هەولێرەوە ئەنجام دراوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی نەوەی نوێی کوردستان دەبنەوە.
لێكۆڵینەوەكە لەسەر 600 منداڵ كراوە و كارەسات بەڕێوەیە
نزار ڕەمەزان سەرۆکی بەشی پەرستاریی منداڵان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی، لەگەڵ چوار قوتابیی بەشەکەی، لێکۆڵینەوەیەكیان ئەنجام داوە لەبارەی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن شەش ساڵیەوە و لێکۆڵینەوەکە لەسەر 600 منداڵ لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە.
دوای ئەوە زۆرێک لە دایکان و باوکان سەردانی نۆرینگەکەی دەکەن و گلەیی لە فرە جووڵەیی، دواکەوتنی قسەکردن، هەڵسوکەوت و خەوزڕانی منداڵەکانیان دەکەن، دكتۆر نزار ڕەمەزان بیری لەوە کردووەتەوە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات و لە ئەنجامیشدا، وەک خۆی دەڵێ "بۆم دەركەوت دۆخی منداڵان لە کارەسات دایە".
ئەو پزیشکە، باس لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی بۆ (گڵکەند) دەکات، كە ئەنجامەکەی بەم شێوەیەیە "%30ی منداڵانی خوار تەمەنی شەش ساڵی لە هەرێمی كوردستاندا مۆبایلی تایبەت بەخۆیان هەیە. 35%ی منداڵانی هەرێمی كوردستان تووشی ئاڵوودەبوون بە مۆبایل بوون. هەروەها 21%ی منداڵان بەبێ بەکارهێنانی مۆبایل ناتوانن بخەون."
لێکۆڵینەوەكە دەریخستووە زیاتر لە 50%ی منداڵانی خوار تەمەنی شەش ساڵ، ڕۆژانە زیاتر لە سێ کاتژمێر مۆبایل بەکار دەهێنن. لە کاتێکدا بەپێی ڕێنمایی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، منداڵ لە تەمەنی کەمتر لە دوو ساڵ نابێت بە هیچ شێوەیەک شاشە زیرەکەکان بەکار بهێنێت، هەروەها لە تەمەنی دوو تاوەکو شەش ساڵیش تەنیا یەک کاتژمێر ڕێگە پێدراوە مۆبایل بەكار بهێنێت.
ئەو پزیشکە باس لەو حاڵەتانە دەکات کە لە نۆڕینگەکەی سەردانی دەکەن، بەتایبەت ئەو دایکوباوکانەی کێشەیان لەگەڵ منداڵەکانیان هەیە و دەڵێ "دایکوباوک هەبووە بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی نەخۆشی دەروونی بوون و لە منداڵ دەدەن، بەهۆی هەڵسوکەوتە خراپەکانی منداڵەکانیان بەدەست مۆبایلەوە"، ئەو پزیشكە وەک باوکێک قسە دەکات و ئاماژە بەوە دەدات كە دوای دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی، ڕاستەوخۆ هەوڵی داوە منداڵەکانی لە بەکارهێنانی مۆبایل دوور بخاتەوە و دەڵێ "نایشارمەوە دوو هەفتەی سەرەتا زۆر قورس بوو، بەڵام دواتر ڕاهاتن و ئێستا بەپێی پێویستی مۆبایل بەکار دەهێنن".
"منداڵ هەیە دەڵێ حەز دەكەم لاسایی ڤیدیۆی كوشتن بكەمەوە"
سابات حەوێز ماوەی 11 ساڵە چارەسەرکاری دەروونیی منداڵانە لە نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر، بە بۆچوونی ئەو بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن منداڵی خوار تەمەنی شەش ساڵیەوە، کاریگەریی نەرێنی و خراپی هەیە، وەک درەنگ قسەکردن، بێتوانایی لە دەربڕین و زمان، كزی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی ناحەز و دوژمنكارانە.
هەروەها باسی بەشێک لەو منداڵانە دەکات کە سەردانی دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی و دەڵێ "منداڵ هەیە فێرە جنێودان بووە یاخود سەیری ڤیدیۆی خراپی کردووە و لەگەڵ هاوڕێکانی هەوڵی داوە دووبارەی بکاتەوە، منداڵ هەبووە تووشی ترسی دەروونی بووە و ناتوانێت بخەوێت".
ئاماژەش بە حاڵەتێکی دیاریكراوی مەترسیدار دەكات، منداڵێک لە ڕێگەی مۆبایلەوە هێندە بینەری ڤیدیۆی توندوتیژی و کوشتن بووە، كاتێك ئەو چارەسەرکارە قسەی لەگەڵ کردووە، منداڵەکە پێی گوتووە حەز دەکات لاسایی ڤیدیۆی كوشتن بکاتەوە و چێژ لە بینینی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە وەردەگرێت.
ئەو چارەسەرکارە باسی دایکوباوکی كورد دەكات كە ڕێگە نادەن منداڵەکانیان بچنە دەرەوە نەوەك تووشی هەڵسوکەوت و خووی خراپ بن، بەڵام بێ ئاگان لەوەی لە ژوورەوە مۆبایلێکی بێ سانسۆریان خستووەتە ژێر دەستی منداڵەكانیان و بە دەستی خۆیان کارەساتیان بۆ هێناونەتە ماڵەوەوە.
ئەوەش دەڵێ كە منداڵ پێویستی بە هاوڕێی ڕاستەقینە هەیە، پێویستی بەوەیە یاری لەگەڵ كەسێكدا بکات، لە باوەش بگیرێت و گرنگی پێ بدرێت.
85%ی منداڵان بە هەژماری دایکوباوکیان دەچنە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان
بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی ئەنجام دراوە، 85%ی منداڵان لە ڕێگەی هەژمارەكانی دایکوباوکیانەوە تەماشای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەکەن، كە بەبێ فیلتەرن و زۆربەی بابەتەكان بۆ تەمەنی سەروو 18 ساڵین.
ڕێباز ئەحمەد شارەزای تەکنۆلۆژیا و بەکارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، سەبارەت بە بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپاد لەلایەن منداڵانەوە، ڕای وایە كە یەکێک لە کارە هەرە خراپەکان ئەوەیە دایکوباوک مۆبایلی خۆیان بدەنە دەست منداڵ و پلاتفۆرمێکی کۆمەڵایەتیان بۆ بکەنەوە، چونکە ئەم پلاتفۆرمانە پشت بە لۆگاریتم دەبەستن بۆ ناردنی زانیاری و ڤیدیۆ بە بینەران، بابەتەكان بۆ گەوران دەنێرن نەك منداڵ.
ئەو شارەزایە ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر لۆگاریتم دەدات و دەڵێ "کاتێک باوکێک سەیری ڤیدیۆی تەمەنی دیاریکراوی خۆی دەکات، لۆگاریتم زۆرترین ئەو ڤیدیۆیانە دەنێرێت بۆ کەسەکە کە خواستی لەسەر بووە و سەیری کردوون، کاتێک هەمان مۆبایل دەداتە دەستی منداڵەکەی، منداڵەکە هەمان ئەو ڤیدیۆیانە دەبینێت کە باوکی سەیری کردوون".
ڕێباز دژی بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێتە لەلایەن منداڵانەوە و دەڵێ پێویستە دایکوباوک مۆبایلەكانیان لە منداڵ دوور بخەنەوە، چونكە زۆربەی پلاتفۆرمەکان بەشێکی تایبەت بە منداڵانیان دابین کردووە و دەکرێت سوودی لەوانە ببینن نەك لە مۆبایلی گەورەكان، بۆ نمونە یوتیوبی منداڵان ڕۆژانە سەدان ڤیدیۆی منداڵانی تێدا بڵاو دەبێتەوە، تەنانەت پلاتفۆرمی ماسنجەری تایبەت بە منداڵانیش هەیە.
هەروەها بە گرنگی دەزانێت هێڵی ئینتەرنێتی فلتەرکراو لەناو ماڵاندا بەکار بهێندرێ و دایکوباوک هێڵی خێزانی دابین بكەن. هەروەها گووگڵیش فلتەری تایبەت بە منداڵانی هەیە و دەتوانرێت کاتی دیاریکراویش بۆ بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن منداڵانەوە سنووردار بكرێت.