سنچۆڵ لیم كۆنسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی یەك ساڵ كاركردنیدا لە هەولێر، نەخشەڕێگەی پرۆژەیەكی گەورەی ستراتیژیی بۆ پەرەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان گەڵاڵە كردووە و دەڵێ هەرێمی كوردستان تەنها لە ڕێگەی پەرەپێدانی ئابوورییەوە، بەهێز دەبێت.
ئەو كۆنسوڵە سەرباری فێربوونی چەند وشەیەكی زمانی كوردی، گۆرانیی باران بارانەشی بە شێوازێكی نوێ گوتووەتەوە و لەوەتەی پاریشەوە بیری كەباب یاسین دەكات.
لیم لە دیدارێكی (گڵكەند) باس لە خەباتی گەلی كوردستان دەكات و دەڵێ ئامانجی كورد بە هوتاف و وتاری فەیسبووك بەدی نایەت، بەڵكو دەبێ تاكی كورد بە كاركردن لە بواری پەرەپێدانی ئابوورییەوە، هێز و دەسەڵاتی گەورە پەیدا بكات و بگاتە ئامانج.
لیم كە لە 11ی ئۆكتۆبەری 2023وە لە هەولێر دەستبەكار بووە و دڵنیا نییە كەی ئەركەكەی تەواو دەبێت، دەڵێ "من نامەوێت لەم وڵاتە بڕۆم"، دواتر وەڵامی خۆی دەداتەوە بەوەی كاتێك دەسەڵاتی سەرووی خۆی كەسێكی تر بۆ پۆستەكەی ڕادەسپێرن، ئەو دەبێت پۆستەكەی چۆڵ بكات و بگەڕێتەوە كۆریای باشوور.
سنچۆڵ لیم پێشتر لە هەریەك لە باڵیۆزخانەی كۆریای باشوور لە وڵاتی لیبیا بۆ ماوەی دوو ساڵ و لە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە بەریتانیاش بۆ ماوەی سێ ساڵ كاری دیپلۆماتی كردووە، بەڵام دواهەمین ئەركی بەر لەوەی بێتە هەولێر، لەنێو بارەگای سەرەكیی وەزارەتی دەرەوەی كۆریای باشوور بووە و كارەكەی بریتی بووە لە هەڵسەنگاندنی دیپلۆماتكارانی وڵاتەكەی و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی لێهاتوویی بۆ دیپلۆماتكاران.
ئەزموونی سەركەوتنی كۆریا و پرۆژەی كادێ
لیم لە سەرەتای هاتنیەوە بۆ كوردستان ئامانجێكی گەورە و سەرەكیی بۆ كاركردنی خۆی و كۆنسوڵخانەكەی داناوە كە بریتییە لە یارمەتیدانی پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، دەڵێ نزای كردووە خودا ڕێگەی ڕاستی پێشان بدات و باوەڕی وایە باشترینی ئەو ڕێگە راستەش گەڵاڵەكردنی بیرۆكەیەكە بۆ گواستنەوەی ئەزموونی سەركەوتووی ئابووریی كۆریای باشوور بۆ هەرێمی كوردستان و دەڵێ دەیەوێت لە هەرێمی كوردستاندا ئەزموونی دەزگای كەی دی ئای كۆریا جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوای دامەزراندنی کۆمەڵەی کوردستان بۆ گەشەپێدانی ئابووری (كادێ)ی كردووە، كە پێی وایە ئەركێكی ئاسان نییە ئەو دەزگا ستراتیژییە گەورەیە بە دەسەڵاتێكی فرەوان و دوور لە دەستێوەردانی حزبی و سیاسیی بێتە دامەزراندن.
كۆنسوڵی كۆریا دووپات لەسەر گرنگی بەكارهێنانی عەقڵی كەسانی شارەزا و زیرەكی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و دەڵێ دەبێ عاقڵمەندەكانی كوردستان ئەوانەی لە ڕووی ئەكادیمییەوە شارەزا و پسپۆری ئابووریین، بچنە ناو ئەو كۆمەڵەیەوە.
لە میانی دەستپێكردنی پرۆژەكەشیدا، دەڵێ كاتێك بە دوای ئابووریناسانی ئەكادیمیدا گەڕاوە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، بە ژمارەیەك ئەكادیمی شارەزا لە بواریی بزنسیان ناساندووە، لە بری كەسانی شارەزا لە بواری ئابووری، لەمبارەیەوە دەڵێ بزنس و ئابووری زۆر جیاوازن، بزنس لەبارەی تاكە كەسی بازرگان و خاوەن كارە، بەڵام ئابووریی هی دەوڵەتە و بوارێكی فرەوانتر و گەورەترە لە بزنس.
سنچۆڵ لیم هەروەها پێی وایە لە هەرێمی كوردستاندا تاكە كەسی دەوڵەمەند و پارەدار زۆرن، بەڵام بانكێكی باش نییە، ئەوەش وای كردووە ئەو دەوڵەمەندانە سوودێكی گەورەیان بۆ كۆمەڵگە نەبێت لە ڕووی ئابوورییەوە، چونكە ناتوانن وەبەرهێنانێكی دروست لە ناو كۆمەڵگەدا بكەن.
دەشڵێ كاتێك لە خەڵك دەپرسی داخۆ ئەگەر پارەیان هەبێت چی لێ دەكەن؟ 90%یان دەڵێن دەیخەنە ژێر بالیفەوە، هۆكارەكەش ئەوەیە كە متمانەیان بە بانك و كۆمەڵگەكەیان نییە، لەمبارەیەوە بە پێویستی دەزانێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەریی بكات بۆ دروستكردنی ئەو متمانەیە، ئەمەش لە ڕێگەی داڕشتنی سیاسەت و ستراتیژێكی ئابووریی پێشكەوتوو و دواتریش جێبەجێكردنی ئەو سیاسەتە.
لیم باس لە پرۆژەیەكی نوێی سێ لایەنی دەكات كە كۆنسوڵخانەی كۆریای باشوور و دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ و حازم كوردە بزنسمانی كورد ئەنجامی دەدەن و بریتییە لە كۆكردنەوەی ژمارەیەك لێكۆڵینەوەی ئابووری كە ساڵانە لەلایەن قوتابیانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە دەنووسرێتەوە و خاوەنی سێ باشترین لێكۆڵینەوە ئابوورییەكان لەلایەن كۆمیتەیەكی تایبەتمەند دەستنیشان دەكرێن و دواتر خەڵاتیان دەكەن، ئەمەش بۆ پەرەپێدانی زیاتری گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكەن.
كورد چاویان پڕە لە ژیان
چاوی خەڵكی كوردستان زۆر جیاوازە، چاوی هەر كوردستانییەك پڕە لە ژیان. ڵیم پێی وایە چاوی هەر كەسێك لە كوردستان شتێك دەڵێت، هەڵگری چیڕۆكێكە، لێرە هیچ چاوێكی مردوو نابینیت، ڕەنگە هۆكارەكەی ژینگەیی بێت، كە چۆن خەڵكی ئەم ناوچەیە بە درێژایی مێژوو پێویستیان بەوە هەبووە زیندوو و چاوكراوە بمێننەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە ژیان بدەن، چونكە ئەم ناوچەیە لە جیهاندا خاوەن یەكەمین و سەرەتاییترین شارستانییەتەكانی مرۆڤایەتییە.
كۆنسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەولێر دەڵێ "من لە كەسایەتیی كوردیدا دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری دەبینم، خۆڕاگری و میانڕەوی، سەرباری ڕێزگرتن و میوانپەروەری"، دەشڵێ جیا لەوانەش، كوردستان خاوەن كۆمەڵگەیەكی فرەچەشنە و تاكی كورد جگە لەوەی زیرەكن، ئامادەیی دەستپێشخەرییشیان تێدایە، ئەم تایبەتمەندییانە وا دەكەن هەرێمی كوردستان شیاو بێت بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی گەورە و پڕ وزە.
خۆشەویستیی لیم بۆ كوردستان
سنچۆڵ لیم بە هەستێكی قووڵەوە باس لە یەك ساڵ كاركردنی خۆی لە هەولێر دەكات و دەڵێ با ڕاستگۆ بم لەگەڵتدا، من خۆشەویستییەكی گەورەم بۆ گەلی كوردستان هەیە، چەندین جار لە میانی سەردانەكان و چالاكییەكاندا كەوتوومەتە ژێر كاریگەریی ڕووداوەكان و نەمتوانیوە گریانی خۆم ڕاگرم، بەتایبەتی لە بەرانبەر هەڵەبجە.
ڵیم وەك كەسێكی باوەڕداری ئایینی مەسیحی، لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە نوێژی كردووە و لە خودا پاڕاوەتەوە كە یارمەتی بدات لە ئەركەكەیدا، پێی وایە خودا وەڵامی نزاكەی داوەتەوە و هەستی بە خۆشەویستیی خودا كردووە بۆ هەرێمی كوردستان.
چیڕۆكی گۆرانی باران بارانە
ڕۆژێك لیم بەشداریی چالاكییەك دەكات لە هەوارگەیەكی سۆران، تیایدا هونەرمەند سەنا بەرزنجی گۆرانی باران بارانە دەڵێ، ڵیم سەرسام دەبێت بە گۆرانییەكە و بە مۆبایل ڤیدیۆی دەگرێت، دەڵێ دواتر لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە و لە ناوی گۆرانییەكەی پرسیوە تا فێری بێت، چەند كەسێك هاوكارییان كردووە تا وشەكان فێر بێت، ئەویش بەوەندە ناوەستێت و لە بازاڕی هەولێر گیتارێك دەكڕێ و خۆی فێری ژەنین دەكات، تا گۆرانییەكە بە ژەنینی خۆی بڵێتەوە. بەم شێوەیە ڵیم یەكەم گۆرانیی كوردی تۆمار دەكات و لە هەژمارەكەیدا لە فەیسبووك سەدان هەزار بینەر ڕادەكێشێت.
كۆنسوڵی گشتیی كۆریای باشوور هەر سەرسامی گۆرانی كوردی نییە، بەڵكو حەزی لە كەبابیشە و دەڵێ پار كە هاتووەتە هەولێر، چووەتە كەباب یاسین لەناو بازاڕی قەیسەری، لەوساوە تامی كەبابەكەی لەبیر نەچووەتەوە و زوو زوو داوا لە یاریدەرەكانی دەكات بیبەنەوە بۆ ئەو كەبابخانەیە، بەڵام گلەیی هەیە كە تا ئێستا نەیانبردووەتەوە ئەوێ. هەروەها دەشڵێ كە زۆر حەزی لە دۆڵمەی كوردیە، بەتایبەتی سڵقەكەی.
هەڵەبجە بە كۆریا دەچێت
ڵیم زۆر حەز لە شاری هەڵەبجە دەكات و دەڵێ بەدەوترین ناوچەی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەو، چونكە شێوەی لە زێدی ڵیم دەچێت لە كۆریای باشوور، دەڵێ "لە هەڵەبجە وا هەست دەكەم لە شاری خۆمم، ئاووهەوا و ناو شارەكەی زۆر لە كۆریا دەچێت"، ئاماژەش بەوە دەكات كە سەردانیكردنی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە زۆر كاری تێكردووە و ئەوانیش لە كۆریا دۆخێكی هاوشێوەی كارەساتی هەڵەبجەیان بەسەر هاتووە و ئێستا لە شارەكەی زێدی ئەودا مۆنۆمێنتیان بۆ قوربانییانی شارەكە دروست كردووە.