كۆنسوڵی گشتیی كۆماری چیك باس لە سێ ساڵ كاركردنی لە هەولێر دەكات
كۆنسوڵی گشتیی كۆماری چیك باس لە سێ ساڵ كاركردنی لە هەولێر دەكات

هەولێر كە چەند ساڵێكە بووەتە ناوەندێكی گەورەی دیپلۆماسیی جیهانی و نوێنەرانی فەرمیی دەیان وڵاتی جیهان لە پایتەختدا نیشتەجێن، ڕەنگە كارڵ كۆرتانێك كە لە دیسەمبەری 2021ەوە لە پۆستی كۆنسوڵی گشتیی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان دەستبەكارە، یەكێك بێت لە كۆمەڵایەتیترین دیپلۆماتكاران و بە قووڵی تێكەڵی كۆمەڵگەی كوردستانی بووە. ئەو لە هەڤپەیڤینێكدا بۆ (گڵكەند)، ئاماژە بە دۆخی هەولێر دەكات كە لە زۆر لایەنەوە لە شارەكانی وەكو پاریس و لەندەن و ستۆكهۆڵم ئارامترە، تەنها شتێكی سەختیش لە كوردستان ڕووبەڕووی بووبێتەوە، پابەند نەبوونی خەڵكە بە كات.
كۆرتانێك بەر لەوەی بێتە هەولێر، تەنها زانیارییەكی گشتیی لەبارەی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هەبووە، "بەڵام كە گەیشتمە ئێرە، زانیم دۆخەكە لەوە ئاڵۆزترە كە لە دوورەوە تێی گەیشتبووم"، ئەوەش ناشارێتەوە كە هاتنی بۆ ئێرە خۆشییەكی تایبەتیشی هەبووە، چونكە توانی لە نزیكەوە چاو لە دۆخەكە بكات و لە ژیانی راستیدا ببینێت لێرە چی دەگوزەرێت.
كۆنسوڵی گشتیی كۆماری چیك لەگەڵ ئەوەی نایەوێ ئەركەكەی لە هەرێمی كوردستان بە ئاسان وەسف بكات، بەڵام یادگاریی زۆریشی لە ژیانی ئەو ماوەیەیدا تۆمار كردووە و دەڵێ گەشتی بۆ زۆربەی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بە تایبەتییش بەناو سرووشتی هەڵەبجە و هەورامان و سلێمانی و دهۆكدا گەڕاوە، خەڵكی زۆری ناسیوە و تێكەڵی خەڵكی ئاسایی بووە، پێی وایە كورد میواندۆستترین نەتەوەی جیهانن.
هەروەها باس لە كۆمەڵگەی هەولێر دەكات كە پێكهاتەیەكی موزایكی دەگمەنی هەیە و مرۆڤ دەتوانێ خەڵكی هەموو جیهانی تێدا بدۆزێتەوە.
كۆنسوڵی گشتی پێی وایە كورد مێواندۆستترین نەتەوەی جیهانە و دەڵێ هەر بیانییەك دێتە كوردستان، یەكەم شت تێبینی دەكات میواندۆستی تاكی كوردە، "خەڵكی ئێرە ئامادەن دوای چەند چركەیەك لە ناسینت، داوەتی ماڵی خۆیانت بكەن و نانت پێ بدەن."
لەبارەی ئارامی هەولێرەوە دەڵێ لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هیچ كاتێك هەستی نەكردووە هەڕەشە یان مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە، یاخود شتێكی نائاسایی لە چواردەوریدا ڕوودەدات، "بەردەوام دەچمە چێشتخانەكان و بە شەقامەكاندا دەگەڕێم، وەك كەسێكی بیانی هیچ كات تووشی كێشە نەبوومەتەوە."


ناردنی هەنار بۆ چیك
كۆرتانێك زوو زوو لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەبیندرێ، لەمبارەوە دەڵێ ئەو پشتیوانێكی گەورەی هەڵەبجەیە و پێی وایە خاوەن خۆشترین هەناری جیهانن، هەروەها حەزی لە تەحینی ئامێدییە لەگەڵ ترێی دهۆك، لەبارەی شەرابیشەوە دەڵێ لە ڕواندز شەرابی نایاب دروست دەكرێت.
"من هەنگوینی كوردستان وەكو زێڕێكی شل دەبینم"، كۆنسوڵی گشتیی چیك پەسنی هەنگوینی كوردستان دەدات و دەڵێ هەنگوینی كوردستانی بە دیاری دابێت بە هەر كەسێك، تووشی شۆكی كردووە، چونكە هەنگوینی كوردستان بەرزترین كواڵێتی و خۆشترین تامی هەیە.
لەمبارەیەوە باس لە هەوڵی ناردنە دەرەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان دەكات و دەڵێ بە داخەوە بازاڕ لە ئەورووپا و لە چیك وەكو ئێرە نییە و ئاڵۆزترە، بەڵام دواجار كۆمپانیایەكی دۆزیوەتەوە كە كار لەسەر بازرگانیی میوە دەكات و ئێستا لە قۆناغی ئەزموونكردنی هەناری هەڵەبجە دان، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێك بكەون و كۆمپانیاكە بێتە كوردستان بۆ ئەوەی هەنار ڕەوانەی چیك بكات.


گەشتیاریی كشتوكاڵی
كۆنسوڵی چیك پێشنیاز دەكات لە هەرێمی كوردستاندا گرنگی بە كەرتی گەشتیاریی كشتوكاڵی بدرێت، دەڵێ لە چیك و فەرەنسا و ئیتاڵیاش ئەم جۆرە گەشتیارییە باوە، كە تیایدا گەشتیار بە كولتووری خۆت ئاشنا دەكەیت لە ڕێگەی ئاشناكردنیان بە كەرتی كشتوكاڵی لە شوێنە لۆكاڵییەكاندا، نمونە بە گرووپی گەشتیاری دەهێنێتەوە كە چەند لادێیەك بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەسەر بكرێنەوە، گەشتیار لە بەروبوومی سرووشتی كێڵگەكان بخۆن و شوێنی بچوك بۆ حەوانەوەیان ئامادە كرابێت و ئاشنایان بكەن بە ژیانی ناوچە جیاوازەكان و دوورە شارەكان. لە نێوان ئاواییەكاندا بە ڕێگەدا بڕۆن و ئێوارانیش ژەمە خواردنی كوردییان پێ بدرێت.


شەڕی كات
كۆرتانێك لە وەڵامی ئەو پرسیارەی داخۆ چ شتێك زۆر ئاستەم بووە كە لە كوردستاندا لەگەڵی ڕابێت، بێ دوودڵی دەڵێ كات، "من لە هەرێمی كوردستاندا پێویستم بەوە بوو جارێكی تر بە بیركردنەوەمدا بچمەوە لەبارەی كاتەوە"، دەشڵێ بۆ كەسێك كە بەر لەوەی بێتە ئێرە كاتەكانی خۆی بە جوانی ڕێك خستبێت، كاتێك دێتە ئێرە تووشی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە و تووشی شەڕ و ناكۆكیی بەردەوام دەبێ لەگەڵ دەوروبەرەكەی.

بەنداوەكانی كوردستان و ڕۆڵی چاوەڕوانكراوی چیك
لەبارەی دروستكردنی چەندین بەنداو لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كۆرتانێك باس لە پیشەسازیی ئاو لە وڵاتەكەی دەكات و دەڵێ بەر لە ٦٠ ساڵ كۆمپانیای چیكی لە كوردستاندا كاریان لە بواری ئاو و بەنداودا كردووە، ئێستاش بۆ جارێكی تر لە هەوڵ دان كۆمپانیای چیكی لە بواری ئاودا بهێننەوە بۆ كوردستان، بەتایبەتییش لە بەهاری داهاتوودا شاندێكی تایبەتمەند لەم بوارە سەردانی هەولێر دەكەن بۆ بەشداری پێكردنی كۆمپانیا چیكییەكان لەو پرۆژانەی بەنداو كە لە كوردستان ئەنجام دەدرێن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved