مەلایەكی باڵا بەرز، بە کڵاوێکی سپی و تەنکە ڕیشێکەوە لەسەر مینبەری مزگەوتێكی ناوەندی شاری هەولێر، هەموو ڕۆژانی هەینی بە زمانی توركمانی وتاری هەینی دەخوێنێتەوە و ژمارەیەكی زۆری باوەڕداری سەر بە پێكهاتەی توركمانیش لەبەردەمی دادەنیشین و نوێژی لەگەڵ دەكەن، سەرباری كاسبكارانی ناو شاریش كە بەشێكیان كرێكارانی موسڵمانی بەنگلادیشی، سەردانی مزگەوتەكەی دەكەن.
مامۆستا وشیار حەیدەر عوسمان پیشەی مەلایەتییە و لە ناوەڕاستی پەنجاکانی تەمەنی دایە، بە نەتەوە تورکمانە و خەڵکی شاری هەولێرە، لە سووچێکی کتێبخانەكەیدا کە لەناو ماڵی خۆیدا دروستی کردووە و پڕیەتی لە کتێبی ئاینی و تەفسیری زانایانی ئیسلامی، پێشوازی لێ كردین و وەڵامی پرسیارەكانی (گڵكەند)ی دایەوە.
مامۆستا وشیار كە 32 ساڵە ژنی هێناوە و چوار منداڵی هەیە، ساڵی 1991 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کولێژی شەریعەی زانکۆی بەغدا وەرگرتووە، تا ساڵی 2007 لە چەندین قوتابخانە وانەی عەرەبی گوتووەتەوە، دواتر لە مزگەوتی حاجی حەسەن لە شاری هەولێر پێشنوێژی كردووە و لە كۆتایی 2007دا ڕاژەی مامۆستایەتی لە وەزارەتی پەروەردەوە گواستووەتەوە بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی، لەلایەن وەزارەتەوە مۆڵەتی وتاربێژی پێ دراوە.
سەرەتا لە چەند مزگەوتێکی شاری هەولێر وەک هەر مامۆستایەکی تری ئایینی بە زمانی کوردی وتاری خوێندووەتەوە، دواتر لە ساڵی 2015دا چەند پەرلەمانتارێکی کوردستان لە فراكسیۆنی تورکمانی داوایان لە وەزارەتی ئەوقاف کردووە کە لە مزگەوتێکی شاری هەولێر وتاری هەینی بە زمانی تورکمانی پێشكەش بكرێت، چونکە تورکمانیش وەکو پێکهاتەیەکی شاری هەولێر حەز دەکەن بە زمانی دایکی خۆیان گوێبیستی وتاری هەینی بن، بۆیە دوای ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی ئەوقاف وەرگیرا داوا لە مامۆستا وشیار کراوە کە لە مزگەوتی "کوورەچیان" لە گەڕەکی تەعجیل وتاری هەینی بە زمانی تورکمانی بخوێنێتەوە.
مامۆستا وشیار باسی یەکەم وتاری کرد کە لە تەمووزی ساڵی 2015دا بە زمانی تورکمانی لەو مزگەوتە پێشكەشی نوێژخوێنانی كردووە و گوتی، لێكدانەوەی ئەو ئایەتەی کردووە کە خوای گەورە دەفەرمووێت: "يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ". بەو پێیەی شاری هەولێر فرە نەتەوە و فرە ئایینە، مەبەستی مامۆستا وشیار لەو ئایەتە ئەوە بووە کە خوای گەورە مرۆڤەکانی لەسەر چەند نەتەوە و تیرە دروست کردووە و داواشیان لێ دەکات کە یەکتری بناسن و ڕێز لە یەکتری بگرن.
مامۆستا وشیار تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە وتاردان بە زمانی تورکمانی، وەک خۆی دەڵێ، ئەو نوێژخوێنانەی کە بۆ نوێژی هەینی دێنە مزگەوتەکەی ئەگەرچی زۆرینەیان لە نەتەوەی تورکمانن، بەڵام کورد و بەشێک لە عەرەبەکانیش دەچن، سەرباری ئەو كرێكارە بەنگلادیشییانەی لەناو بازاڕدا كار دەكەن.
مامۆستا وشیار ئاماژە بەوەش دەکات کە وتارەکانی هەمیشە جێگەی ڕەزامەندی و دەستخۆشی ئەو نوێژخوێنانە بووە کە ڕۆژانی هەینی ئامادەی وتارەکانی دەبن، چونکە وتارەکانی دوورن لە دەمارگیریی نەتەوەپەرستی.
دەشڵێ ئامانجی ئەو بەرجەستەکردنی پێکەوەژیانە لە شاری هەولێر، هەولێر شارێکی فرە نەتەوە و فرە ئاینە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا ئەو تاکە کەسە وتاری هەینی بە زمانی تورکمانی لە هەولێر دەخوێنێتەوە.
هەروەها بەگوتەی ئەو مامۆستا ئاینییە، لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا لە مزگەوتی قەڵای هەولێر وتاری هەینی بە زمانی تورکمانی هەبووە، بەڵام دواتر نەماوە، ئێستا لەسەر دەستی ئەو درێژە بە خوێندنەوەی وتاری هەینی بە زمانی توركمانی دەدرێت.