پەیكەرتاشی ئەسپەكان دەگەڕێتەوە هەولێر
پەیكەرتاشی ئەسپەكان دەگەڕێتەوە هەولێر

شەش حەفت ساڵ دەبووم، وەكی یەكەم جار پەیكەری ئەسپەكانی بەردەم تەلاری پارێزگای هەولێرم دیت، زۆر سەرنجی ڕاكێشام، لەبەرچاوی منداڵیی من، گۆڕانێكی گەورەی بەسەر دیمەنی ئەوسای ناوەندی شاردا هێنابوو، گەلەك گەورە و بڵندم دەهاتنە بەرچاو، لە گوزارشتەكانی رووخساریان ورد دەبوومەوە، ئەو یادەوەرییەم بۆ شۆڕش ئەمینی پەیكەرتاش گێڕایەوە، ئەویش سەربوردەی دروستكردنی پەیكەری ئەسپەكانی بۆ (گڵكەند) گێڕایەوە.

ڕۆژێكی ساڵی 1987 بوو، یەحیا جاف پارێزگاری ئەوسای هەولێر سەردانی سلێمانی دەكات، بە پەیكەرەكانی ناو شار سەرسام دەبێت، بە پارێزگاری ئەوسای سلێمانی دەڵێ كێ ئەو پەیكەرە جوانانەتان بۆ دروست دەكات؟ پێی دەڵێن گەنجێكی پەیكەرتاشە هاوڕێی ئەندازیارێكی پارێزگایە، یەحیا جافیش داوا دەكات بۆ هەمان مەبەست پەیكەرتاشەكە بنێرنە هەولێر.
ئەندازیارەكە كەمالی عەبە كڵاشە و داوا لە شۆڕش ئەمینی پەیكەرتاش دەكات چەند بیرۆكەیەكی نوێی فۆلكلۆری وەك مۆدێل ئامادە بكات، تا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن بۆ هەولێر و پێشانی پارێزگاری بدەن.
شۆڕش ئەمین دەڵێ "من ئەوساكە عەسكەری فیرار بووم و نەدەوێرام بچمە دەرەوەی شار، چونكە داوای ناسنامەم لێ كرابا، دەگیرام، بەڵام كاك كەمال گوتی مەترسە، لە ڕێگەدا هەر چییان گوت، دەڵێین دەچینە لای پارێزگاری هەولێر."
بەم شێوەیە لە ماوەیەكی كورتدا چەند مۆدێلێكی نوێ دادەتاشێ و خەبەر بە كەمالی عەبە كڵاش دەدات كە ئامادەیە بۆ هەولێر، پێكەوە بە ئۆتۆمبێلێك دەكەونەڕێ، شۆڕش ئەمین دەڵێ "بەر لەوەی بگەینە جێی مەبەست، هاوسەفەرم پێی گوتم نەترسم لە نرخدانان بۆ كارەكانم و چەندم دەوێت داوا بكەم."
ئیتر پەیكەرتاش وەك گەنجێكی هەژار لە بەرانبەر پارێزگاری ئەوسای هەولێر دادەنیشێ و لە كۆبوونەوەكەدا وەك خۆی دەیگێڕێتەوە "پارێزگاری هەولێر وای زانی كەمالی عەبەرەش پەیكەرتاشەكەیە و ڕووی قسەكانی لەو بوو، چونكە ئەندازیارێكی پۆشتە بوو، منیش كزەڵەیەكی ڕەشی ڕووخسار سووتاوی بەر هەتاو بووم، منی هەر نەدەبینی، دواتر كە پێیان گوت من پەیكەرتاشەكەم، پارێزگار ئافەرینی لێ كردم كە بەو جەستە بچكۆڵانەوە كاری گەورەم كردووە".
شۆڕش ئەمین لەبارەی پەیكەری ئەسپەكانەوە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەسپەكان یەك مۆدێل بوون و بریتی بوون لە چوار ئەسپ بە ناوی سەركەوتن، چونكە ئەو لە دڵگەرمی گەنجانەی ئەوكاتیدا بیری لە سەركەوتنی چوار پارچەی كوردستان كردووەتەوە، بەڵام لە پارێزگای هەولێر داوایان كردووە بیگۆڕێت و بیكات بە دوو مۆدێل و هەر یەكەیان لە سێ ئەسپ پێك بێت، ناوەكەشیان لە سەركەوتنەوە وەرگێڕاوە بۆ ئەلنەسری عەرەبی.
ئەو كاتە كەمال یەڵدا یەكێ لە بەرپرسەكانی پارێزگای هەولێر بووە، شۆڕش ئەمین دەڵێ زۆر هاوكاری كردووە تا كارەكانی لە هەولێر تەواو كردووە. هەروەها باس لەوە دەكات لە 1987دا هەولێر وەك ئێستا گەورە و قەرەباڵغ نەبووە، زۆر بە ئاسانی شوێنی پەیكەرەكانی دەستنیشان كردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە كۆگایەكی گەورەیان لە دەرەوەی شار بۆ دابین كردوون و لەوێ سەرەتا پەیكەری ئەسپەكانی دروست كردوون، لە بەرانبەر ئەو كارەشیدا بڕی 24 هەزار دیناری پێ دراوە.
شۆڕش ئەمین بۆ ماوەی چوار مانگ لە هەولێر ماوەتەوە تا كارەكانی تەواو بكات، دەڵێ بە شەو و بە رۆژ لەگەڵ چەند شاگردێكیدا كە لە سلێمانییەوە هاتبوون، لەناو كۆگاكەیدا خەریكی دروستكردنی پەیكەرەكان بووە. ئاماژەش بەوە دەكات كە دوای ئەسپەكان، دەستی كردووە بە دروستكردنی دوو پەیكەری سەر كانی ژنان، لەگەڵ پەیكەرێكی پەپوولە كە لە گۆڕەپانی بەهار و پەیكەری مەڕدۆشین كە لە ڕێگەی كۆیە داندرا.
لەو ماوەیەدا چەند جارێك سەردانی چایخانەی مەچكۆی كردووە، تەحسینی كوڕی مەچكۆ زانیویەتی ئەو گەنجە پەیكەرتاشە و لەبەردەم تەلاری پارێزگادا كار دەكات، داوای لێ كردووە وێنەیەكی خۆی بە جلوبەرگی كوردییەوە بێنێت، تا بە دیواری چایخانەكەیدا لە پاڵ وێنەی ناودارانی هەولێردا هەڵیواسێت، شۆڕش ئەمین دەڵێ "هەولێری هێندە وەفادارن، دوای ئەو هەموو ساڵە و پەیدابوونی ئەو هەموو هونەرمەند و ناودارە، تا ئێستا وێنەكەی من بەسەر دیواری چایخانەی مەچكۆوەیە."
باس لەوەش دەكات كاتێك لە 2014دا لە سویدەوە دەگەڕێتەوە هەولێر، لەگەڵ پارێزگاری ئەوكاتی هەولێر دانیشتووە و پارێزگار بەڵێنی پێ داوە كە پەیكەری ئەسپەكان نافەوتێنن و ئەگەر تەلاری پارێزگاش بگوازرێتەوە، پەیكەرەكانی لەگەڵ دەگوازنەوە.


شۆڕش ئەمین ساڵی 1965 لە سەرچنار لەدایك بووە، باوكی ساڵی 1973 لە گەشتی حەجدا لە سعوودیە كۆچی دوایی كرد، لەگەڵ دایكی و خوشكوبراكانیدا ناچار بووە بچنە گەرمیانی زێدی باوكی و لە ماڵی داپیرەیدا بژین، دواتر ساڵی 1983 بۆ خوێندنی هونەر ڕووی لە سلێمانی كردووەتەوە، بەڵام لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان وەرنەگیراوە و پێی گوتراوە تۆ لە كفری دەژیت و بڕۆ لەوێ بخوێنە، دواتر داوای كردووە لە پەیمانگەی بەغدا بخوێنێت، لەوێش پێیان گوتووە بڕۆ لە سلێمانی بخوێنە، شۆڕش دەڵێ "لەم بەینەیا گیرم خواردبوو، دواتر هەر چۆنێك بێت لە سلێمانی تاقیكردنەوەیەكیان پێ كردم و وەرگیرام، ئیتر ماڵمان لە گەرمیانەوە هێنایەوە سلێمانی و ساڵی 1987 لە پەیمانگە دەرچووم"، شۆڕش تا 1987 چەند پەیكەرێكی گەورە و ناودار بۆ سلێمانی دروست دەكات، لەوانەش پەیكەری ئاسكەكانی كانی ئاسكان، كە تا ئێستاش ئەو شوێنەی ئەو پەیكەرانەی لێ داندرابوو، بە ناوی فلكەی ئاسكەكان دەناسرێتەوە.
باس لەوەش دەكات كە لە شەش فلكەی تری سلێمانی پەیكەر و كاری فۆلكلۆری هەبووە، بەڵام هەموویان رووخێندراون و لادراون.
یەكەم پێشانگەشی لە ساڵی 1986 لە مۆزەخانەی سلێمانی كردووەتەوە.

شۆڕش ئەمین ساڵی 1988 بەرەو ئەورووپا بەڕێكەوتووە و لە سوید گیرساوەتەوە، چەند ساڵێك لە ئەكادیمیای شاهانەی سوید لە ستۆكهۆڵم هونەری پەیكەرتاشی خوێندووە، چەندین پەیكەری لە شارە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە داندراون، بەشداری لە چەندین سیمپۆزیومی جیهانیدا كردووە و چەند كارێكی هونەری بە بەهای سەدان هەزار دۆلار فرۆشراون، ئێستا گەڕاوەتەوە كوردستان و لە كێڵگەیەكدا لە نزیك شاری سلێمانی دەژی، خەریكی پرۆژەیەكی هونەریی گەورەیە لە هەولێر.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved