بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند لە رێگەی پڕۆژەی "رووناکی"یەوە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ 60 هەزار هاوبەش دابین کراوە، تا کۆتایی 2026 لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە كارەبای هەموو کوردستان دەبێتە 24 كاتژمێری، نرخی کارەباش بە هەمان نرخی جاران دەبێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەیەکە دەستی بە پڕۆژەیەك کردووە كە زیاتر لە 30 ساڵە داخوازیی لەسەر بووە، ئەویش کارەبای 24 کاتژمێرییە، ئەردەڵان دۆسكی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی كارەبا لەبارەی پڕۆژەکەوە بە (گڵکەند)ی راگەیاند "پرۆژەکە بۆ دابینكردنی 24 كاتژمێر كارەبایە بەهەمان نرخی ئێستا."
گوتیشی لە كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی كارەبا كاری بۆ بنیادنانی ژێرخانی كارەبا و چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكان و هەنگاونان بەرەو پرۆژەی پێوەری زیرەك كردووە، ئەمە دەستپێك بوو بۆ جێبەجێكردنی داخوازییە گەورەكەی 30 ساڵی رابردووی هاووڵاتییانی كوردستان بۆ هەنگاونان بەرەو دابینكردنی 24 كاتژمێر كارەبا".
دەشڵێ "لە دەستپێكی پرۆژەكە چەند لایەنێكی سەرەكیی بەگەڕخران، تا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هاووڵاتییانی كەم دەرامەت نرخی كارەبا دیاری بكرێت، لەگەڵ زیادكردنی رێژەی پێوەری زیرەك و كۆكردنەوەی زانیارییەكان لەسەر هاوبەشانی ماڵان و هاووڵاتییان و كارەبای بازرگانی و كەرتەكانی دیكەی میری لە رێگەی سەنتەرێكی خزمەتگوزارییەوە، سەرەتاش لە گەڕەكی شادی لە ناو سەنتەری شاری هەولێر دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە كرا".
پێش دەستپێكردنی پرۆژەی رووناكی، دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ زیاتر لە 60 هەزار هاوبەش لە پۆلی ماڵان لە بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاڕی دهۆك و چەندین سیتی و پرۆژەی نیشتەجێبوون لە ڕێگەی پرۆژەی پریپەیدی كارەبای 24 كاتژمێری جێبەجێ كرابوو.
ئێستا تەواوی موەلیدەكانی ناو سەنتەری قەزای ئامێدی هەڵگیراون وەك دواین خاڵە ئەرێنییەکانی پڕۆژەی رووناكی، ئەردەڵان دۆسكی دەڵێ "لە هەولێریش پڕۆژەکە لە گەڕەكی شادی و نازناز جێبەجێ كراون و لەلایەن هاووڵاتییان و دوکاندار و كاسبكارانەوە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە، بڕیاریشە بەم نزیكانە گەڕەكەكانی بەختیاری و وەزیرانیش بكرێنە 24 كاتژمێری، بە دەیان گەڕەك و دوكان و ناوچەی دیكەی كوردستانیش داوای خێرا جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەیان كردووە".
بەپێی وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێمی کوردستان، یەک ملیۆن و 900 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 345 هەزار و 89 هاوبەش پێوەری زیرەکییان بەستووە، تەنیا لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا 436 هەزار و 981 هاوبەش زیاد بوون، هەر هاوبەشێك پێوەری زیرەكی بۆ بەسترابێت پرۆژەی 24 كاتژمێری كارەبا دەیگرێتەوە.
بەپێی بەرپرسەکەی وەزارەتی کارەبا، بڕیاری خێراکردنی بەڕێوەچوونی كارەكانی پێوەری زیرەك دراوە و پرۆژەكە راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە جێبەجێ دەكرێت.
وەزارەتی کارەبا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات كە بەهۆی پڕۆژەکەوە ژینگە پاك دەبێتەوە و بارگرانی لەسەر پێدانی دوو نرخی کارەباش لەسەر شانی هاووڵاتی نامێنێت، چونكە موەلیدەکان هەڵدەگیرێنەوە.
بەڕێوەبەرەكەی دیوانی وەزارەتی كارەبا دووپاتی دەكاتەوە كە پرۆژەكە سوودی هەبووە بۆ هاووڵاتییان، لەمەودوا دەست بە كارەباوە دەگیرێت، جگە لەوەش بڕی كارەبای پێویست لەو گەڕەكانەی پڕۆژەکەیان تێدا پەیڕەو دەکرێت كەمتر بووەتەوە، بۆ كاسبكارانیش ئەم پرۆژەیە بووەتە هۆی رێكخستنەوەی باشتری شوێنەکان و بەکارهێنانی کارەبا".
هەروەها روونی دەکاتەوە بەهۆی پڕۆژەکەوە ئەو دووكەڵ و ژاوەژاوەی موەلیدەكان کە زیانی تەندروستی و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی مەترسیدار و كوشندەیان هەیە نامێنیت".
ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا دەریدەخەن ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە نێوان 3200 بۆ 3500 مێگاواتە و خواستیش بۆ 4000 تاوەکو 4500 بەرز بووەتەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە زستان خواست بۆ بڕی 6500 تاوەکو 7000 مێگاوات زیاد دەبێت، بەرپرسی وەزارەتەکە ئەوەش رادەگەیەنێ "ئەگەر هاووڵاتییان دەست بە بەكارهێنانی كارەباوە بگرن و نرخی كارەبا مانگانە كۆ بكرێتەوە، ئەوا بڕە داهاتێكی باش لەبەردەستدا دەبێت تاوەكو ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكەین و بەشێوەیەكی زۆر زانستییش كۆنترۆڵی بەكارهێنانی كارەباكە بكەین".
کارەبای 24 کاتژمێری دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی لە هەبوونی کارەبا دڵنیا بێت و هەموو ئامێرەکانی لەو چەند کاتژمێرەی ئێستا کارەبا دەدرێت، بەکار نەهێنێت.
سەبارەت بە نرخی کارەباش لە پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری، ئەردەڵان دۆسكی دەڵێت "بەهەمان نرخی پێشوو كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاوبەشانی كارەبا دابین دەكرێت، واتە هاووڵاتییان یەك پسوولەی كارەبا لە بری دوو پسوولە دەدەن".
لەبارەی بێکاربوونی ئەو گەنجانەی لە موەلیدەکانیشدا کار دەکەن، وەکو هەندێک دەیڵێن دوای ئەوەی پڕۆژەی رووناکی تەواو دەبێت، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی کارەبا دەڵێ "لە كاتی كوژانەوەی كورتی كارەبادا سوود لە موەلیدەكان وەردەگیرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕە كارەبایەكیان لە بری ئەو هاوكارییە پێ دەدەن، لەلایەكی دیكەوە پرۆژەكە بۆ قازانجی هەموو خەڵكی كوردستانە بە ماڵ و خانەوادەی خاوەن موەلیدەكانیشەوە، بۆیە بە گفتوگۆ و رێگەچارەسەر لە هەوڵی ئەوەداین خاوەن موەلیدەكانیش زیانمەند نەبن".