كارگەیەك لە هەولێر ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە بۆ شارەكانی عێراق دروست دەكات
كارگەیەك لە هەولێر ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە بۆ شارەكانی عێراق دروست دەكات

کۆمپانیایەکی خۆماڵی لە هەولێر حەفت ساڵ دەبێت ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە دروست دەکات، تا ئێستا 20 ئۆتۆمبێلی تەواو كردووە و سەرقاڵی دروستکردنی پێنج ئۆتۆمبێلی ترە بۆ دامەزراوەیەکی حکوومەتی عێراق لە پارێزگای کەربەلا، خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێ نرخی ئۆتۆمبێلەكانیان نزیکەی 100 هەزار دۆلار لە هی هاوردەکراو کەمترە و جۆریشیان باشترە.
بە بازوو و بیری ژمارەیەک ئەندازیار و کرێکاری لێهاتووی کورد لە شوێنێکی کار کە تەنیا چەند کیلۆمەترێکی کەم لە ناوەندی شاری هەولێرەوە دوورە بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆمپانیایەکی خۆماڵی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە دروست دەکات.


لە فیتەرییەوە بۆ دروستكردنی ئاگركوژێنەوە
کۆمپانیای "دووسەرە" لە ساڵی 1977 دامەزراوە، سەرەتا تایبەت بووە بە کەرەستە و کەلووپەلی کشتوکاڵی و چاككردنەوەی تۆڕنە و پارچەكانی تری ئۆتۆمبێل لە شێوەی كاری فیتەری، تا لە ساڵی 2014 چوونە بواری ئاگرکوژێنەوە، دواتر لە ساڵی 2017 دەستی بە دروستکردنی یەکەم ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە کرد کە ناوی کۆمپانیاکەی هەیە.
کاتێک سەردانی کۆمپانیایەکەمان کرد بۆ ئەم راپۆرتە رۆژنامەڤانییە، کرێکارەکان سەرقاڵی دروستکردنی پێنج ئۆتۆمبێل بوون کە کۆمپانیاکە بۆ بەرژەوەندیی عەتبەی عەباسی لە کەربەلا دروستی دەکات کە دامەزراوەیەکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵە.
ئۆتۆمبێلەکان بەپێی خەسڵەتی جیهانی دروست دەکرێن، لە شێوازی دەرەکیی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکان سوود لە شێوازی نەمسایی و ئەڵمانی وەرگیراوە، مەریوان فایەق کەریم، خاوەنی کۆمپانیاکە بە (گڵکەند) دەڵێت :"دروستکردنی هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی سێ مانگی پێویستە و هەندێک جار رەنگە کەمتری بوێت ئەگەر ژمارەی داواکراوی ئۆتۆمبێل بوو لە یەک دانە زیاتر بن."


نرخی هەرزانتر و كواڵێتی بەرزتر
بۆ نرخی هەر ئۆتۆمبێلێکی ئاگرکوژێنەوەش دەڵێت :"نرخەكان بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکان، خەسڵەتەکانی دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی لە نێوان 170 بۆ 260 هەزار دۆلار واتە (17 بۆ 26) دەفتەر دۆلار دەبێت و نرخەکانی ئێمە لە نێوان 30 بۆ 40٪ کەمترە لە نرخی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو."
بەشێک لە ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی کۆمپانیاکە لە پاڵاوتگە، کۆگە و هەندێک دامەزراوەی دیکە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بەکار دەهێندرێن و وەکو خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت هیچ کێشەیەکیان نەبووە، روونیشی دەکاتەوە :"لە ڕووی کوالیتیییەوە ئۆتۆمبێلەکانی ئێمە هیچ کەمتر نین لە ئۆتۆمبێلی دروستکراوانی وڵاتانی دیکە، ئۆتۆمبێلەکانی ئێمە بۆ یەک ساڵ گەرەنتی و خزمەتگوزاریشی لەگەڵدایە."
دەشڵێت :"هەندێک دامەزراوە هەن لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان لە هەندێک لە کۆمپانیای دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق کڕیوە بەهۆی بوونی کێشە تێیاندا، کاتێک پەیوەندیی بە کۆمپانیاکەوە دەکەن یان ئیمێلیان بۆ دەنێرن وەڵام نادرێنەوە، دواتر دێنە لای ئێمە ئەو کێشانەیان بۆ چارەسەر دەکەین."
لە رووی پلێتی بەکارهاتوو، ئامێرەکان، کەرەستە و جوانکاری و بۆیە و سەرجەم وردەکارییەکانی دیکەی ئۆتۆمبێلەکە پشت بە نموونەی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو بەستراوە، لە هەر قۆناغێکی دروستکردنیشیدا ئۆتۆمبێلەکە بەچەندین رێکاردا تێدەپەڕێت بەمەبەستی ئەوەی هیچی لە هاوشێوەکانی كەمتر نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هیچ هەنگاوێک لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەکردەیی نەنراوە کە ئەم هەنگاوە بۆ ئەوان پشتیوانییەکی سەرەکییە و چاوەڕوانی دەکەن.


چاوەڕێی یەكەم گرێبەستی حكوومەتن
بڕیار بوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراوی وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێک بۆ کڕینی 40 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لەگەڵ کۆمپانیا خۆماڵییەکە بکات، بەڵام هێشتا نەکراوە، خاوەنی کۆمپانیاکە دەڵێت :"ئۆتۆمبێلێكی ئاگركوژێنەوەمان بە دیاری پێشكەشی وەزارەتی ناوخۆ كرد، تا تواناكانمان ببینن و دڵنیا بن لە كواڵیتی بەرزی كاركردنمان." دەشڵێ بەڵام چەند مانگێك دوای ئەو هەنگاوە، هێشتا لە گفتوگۆ دان و هەموو وردەکارییەکانیان داوە بە وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی دیکە، لێژنەیان لە نزیکەوە هاتوون بۆ کۆمپانیا و چاویان لە بەرهەمەکان و خەسڵەتەکانی كردووە و پێیان باش بووە.
کۆمپانیای دووسەرە شاسیی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە وەکو هەر کۆمپانیایەکی دیکەی دروستکردن چی لە کوردستان بێت یان لە وڵاتانی دیکە هاوردە دەکات و بەپێی داواکاریی کڕیار، دواتر کەرەستە و پێداویستییەکان هاوردە دەکات و لە هەولێر پێکەوەیان دەبەستێتەوە، بە شێوازێک کە دوای چەندین جار تێست و تێپەڕین بە چەندین قۆناغی دروستکردن دەدرێتە دەستی کڕیار.
کۆمپانیاکە هەندێک داهێنانی لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکەدا کردووە وەکو سوڕانەوەی تەواوەتیی تایەکانی، دانانی ژمارەیەک کامێرا لەسەر ئۆتۆمبێلەکە کە سەرجەم وردەکارییەکانی رووداوەکان و دەستپێکی هەنگاوەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان تا تەواوبوونی تۆمار دەکات.
لای خۆیەوە زیاد بابان، ئەندازیاری راوێژکاری کۆمپانیاکە کە بزوێنەری پڕۆژەی دروستکردنی ئاگرکوژێنەوەیە، دەڵێ جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی کۆمپانیاکەیان دروستی دەکات، بەپێی جۆری شاسیی و قەبارەی کۆگەی ئاو و درێژیی لوولەی بۆڕیی ئاو و ژمارەی کۆگەکانی دەگۆڕێت، کەرەستە و کەلوپەلەکانی هەر ئۆتۆمبێلێک کە دروستی دەکەن لە ژمارەیەک وڵاتەوە دەهێنن و سەرجەم کەرەستەکان گەرەنتییان هەیە.
بەپێی قسەکانی ئەو ئەندازیارە، قەبارەی ئۆتۆمبێلەکان و بە دیاریکراوی کۆگەکانی کە ئاو و فووم و پاودەرییان تێدایە، چەند جۆرێکن و کۆگەی سەرەکیی کە ئاوە لە 6 هەزار لیتری ئاو دەستپێدەکات و هەیە دەگاتە 16 هەزار لیتر، هەروەها درێژیی سۆندەی ئاگرکوژێنەوە دەگاتە 80 مەتر و گونجاوە بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە بەرزییەکی زۆرەوە، جگە لە ترۆمپاکانی ئاو و پەیژەکانیش.


داوایان لێ دەكرێ كارگەكە بگوازنەوە باشووری عێراق
زیاد بابان ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی کواڵێتیی بەرز و شێوازی پێشكەوتووی ئەو ئاگركوژێنەوانەی دروستی دەکەن، كە هیچیان کەمتر نییە لەوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بۆ بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە لە دەرەوە هاوردەیان دەکەن، تەنانەت لە هەندێک لایەندا کواڵێتیی بەرهەمە خۆماڵییەكەی ئەوان باشتریشە، پارێزگای بەسرا داوای لێ کردوون کۆمپانیا و شوێنی دروستکردنی ئاگركوژێنەوەكان ببەن بۆ ئەوێ و زەوی و شوێنی بەفرەوانیان بۆ دابین دەكەن، بەڵام بە گوتەی مەریوان فایەق رەتیانکردووەتەوە و ئەوان دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراوی لە هەولێر بمێننەوە بۆ ئەوەی خزمەتی باشتری کوردستان بکەن.
کۆمپانیاکە پلانی هەیە لە داهاتوودا ژمارەی کرێکارەکانی زیاتر و بەرهەمەکانی زۆرتر بکات، ئەگەر داواکاریی زیاتریان بۆ بێت و حکوومەت گرێبەستیان لەگەڵدا بکات، ئەوەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پیشەسازیی ناوخۆیی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved